ڕاپۆرتی کوردستانی

05:30 - 16/04/2023

خاوەندارێتی بۆری نەوتی كوردستان لەنێوان گەل و كۆمپانیادا‌

پەیسەر

  • مافناس : ڕێبوار محەمەد ئەمین، ماستەر لەگرێبەستی نەوت و گاز 
  • ڕاوێژكاری ڕاگەیاندنی ی.ن.ك / وزە

  • بەداخەوە هێندە كونوكەلەبەر درووست كراوە لەپرۆسێسی نەوتی كوردستان ئێستا بەغداو ڕۆژئاوا دژی هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنن.

  • هەولێرو بەغدا بەردەوام لە ململانێی دۆسێی نەوتی كوردستاندان و دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ژوری بازرگانی فەڕەنسی گۆڕانكاری گەورەی بەدوای خۆی داهێناو ڕێسەكەی لەهەرێم كردەوە بەخوری و مافی هەناردەو فرۆشتنی نەوتی كوردستانی لە هەرێم وەرگرتەوەو ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆكرا بەڵام كێشەكە بەوە كۆتایی نەهات و لێكەوتەی تری بەدوای خۆیدا هێنا،یەك لەولێكەتانە بابەتی بۆری گواستنەوەی نەوتی كوردستانەكە كەلەلایەن كۆمپانیای كار كەكۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتە خاوەندارێتی دەكرێت نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پشكی ٦٠٪ و كۆمپانیای ڕووسنەفتی ڕووسی بە پشكی ٤٠٪ .

  • دەنگۆی ئەوەبڵاوبۆتەوە كەكۆمپانیای كار داوای ٦دۆلار بۆ گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت دەكات و حكومەتی عێراقی رازی نی یەو پێشتریش سەرۆك وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندبوو لەعێراق هیچ بۆری یەك نی یە مۆڵكی دەوڵەت نەبێت و قبوڵ مان نیە و بۆری كوردستان لە كۆپانیای كارو ڕۆزنەفت وەردەگرینەوەو قەرەبویان دەكەینەوە.

  • بریارەكەوی دادگای نێودەوڵەتی پاریس كۆمەڵیك ئامانجی سیاسی ،ئابوری  لەپشتەوەیەو ئەمەریكاو بەریتانیاو هاوپەیمانەكانیان لەپشتیەوەن بۆ تۆلەكردنەوە لەروسیا ،توركیا، حكومەتی هەرێم و قۆناغ بە قۆناغ ئامانجەكەیان بەدەست دەهێنن.

  • لێرەدا مەبەستمان لەم بابەتە خاوەندارێتی بۆری نەوتی كوردستانە:
  • یەكەم– خاوەندارێتی بەپێی دەستووری هەمیشەی  عێراقی ساڵی  ٢٠٠٥
  • ١ – مادەی ١١١ی دەستوور دەڵیت نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلانی عێراقە لەهەرێمەكان وپارێزگاكان.

  • كەواتە خاوەندارێتی هەموو پرۆسێسەكانی گەل دەیكات و بۆبەرژەوەندی گەلە نەك بەرژەوەندی تایبەت .گەلیش  لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە نوێنەری خۆی دیاری دەكات لەپەرلەمان و پەرلەمان حكومەت ڕادەسپێریت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سامانە بەپێی دەستوورو یاسا.

  • كەواتە حكومەت بەكرێگیراوی گەلە نە خاوەن ماڵ و بەڵگەش ئەوەیە چوارساڵ جارێك گەل متمانە بە نوێنەرەكانی خۆی دەداتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە دروستی كارەكانیان.

  • ٢ – مادەی ١١٢ بڕگەی یەكەم و دووهەم دەوڵەتی فیدراڵی ڕاسپاردوە كە بەهاوبەشی ڕاستەقینە پێكەوە لەگەڵ هەرێمەكان و پارێزگاكان نەوت بەڕێوەببەن و داهاتەكەشی بەدادپەروەرانە دابەشبكەن بەسەرهاوڵاتیانی عێراق و هەردووكارەكە  دەبێت یاسایان بۆدەربكرێت لەپەرلەمانی فیدراڵی كەیاسای نەوت وگازی فیدراڵی و یاسای دابەشكردنی داهاتەنەوتیەكانە.

  • ئایادەستوور ڕێگەی داوە كە خاوەندارێتی بۆری نەوتی كوردستان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بێت ؟
  • وەڵام نەخێر بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی نەداوە و دەبێت خاوەندارێتی و داهاتەكەشی بۆ گەل بێت.
  • دووهەم : خاوەندارێت بۆری كوردستان بەێی یاسای نەوت وگازی هەرێمی كوردستان ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٧ :

  • دەوڵەتی فیدراڵی عێراق تائێستا خاوەنی یاسای نەوت وگازی خۆی نیەو ئامادەنەبووە لەماوەی ١٨ ساڵی ڕابردوو ئەویاسا دەربكات و تائێستاش كار بەیاسای هایدرۆكاربۆناتی ڕژیمی لەناوچوی بەعس دەكات  بەمەبەستی بێبەشی كردنی كورد لەمافی سرووشتی خۆی كە دەستوور پێی بەخشێوەو لەئەنجامدا ئەم هەموو كێشەوگیروگرفتەی لێكەوتەوە كەبەزیانی خەڵكی كوردستان شكایەوەو كۆمپانیاو بەرپرسانی پێ دەوڵەمەندبوو گەلی كوردیش ماڵ وێران و تاوانەكەی لەملی حكومەتی بەغدادو پەلەمانی عێراقە.
  • پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی پەسەند كرد بۆ بەڕێوەبردنی نەوت وغازی هەرێمی كوردستان ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧
  • یاسای نەت و غازی هەرێم چیدەڵێت تایبەت بە بۆری نەوت:

  • ١ – لەمادەی ٣برگەی پێنجەمدەڵێت: 
  • حكومەتی هەرێم سەرپەرشتی و ڕێكخستنی بەبازاڕكردنی پشكی هەرێم لەو نەوتەی لە كارەكانی نەوت لە خاڵی دابینكردنەوە دەردەهێنرێت، هەروەها مافی ئەوەی هەیە مۆڵەتی بەبازاڕكردن بۆ ئەو پشكە بدات بە لایەنی سێیەم.
  • مەبەستمان لەهێنانی ئەم مادە  بەشداری پێكردنی  كەرتی تایبەتە كە  كۆمپانیای كارە لەگەڵ ڕووسنەفتی ڕووسی كەخاوەندارێتی بۆریەكەیان پێدراوە و داهاتی ئەم بۆریە لەبنەرەتدا دەبێت بۆ بەرژەوەندی گەل بگەرێتەوە بەڵام لێرەدا پێچەوانەیە 
  • ٢- مادەی هەشتەم:  ئاسانكاری و چالاكیی و كارەكانی پاڵاوتن و ئیكسسواراتەكانیان

  • وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەڵدەستێت بە:

  • یەكەم: ڕێكخستن و سەرپەرشتیكردنی هەموو ئەو دامەزراوانەی كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە كارەكانی نەوتدا بەكاردەهێنرێن، و هەموو ئەو شتانەی لە بەرهەمهێنان و پاڵاوتن و گواستنەوەدا بەكاردەهێنرێن لەخۆدەگرێت، لەوانەش هێڵی بۆری، وێستگەی ڤاڵڤ، وێستگەی پەمپكردن، وێستگەی كۆمپرێسەر، و هەموو ئامێرە پەیوەندیدارەكان.و دابەشكردن ، بە هەموو ناوەند و باڵەخانەكانەوە، بۆ باشتركردنی گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت.

  • لەم بڕگەیەدا: دەسەڵاتی خاوەندارێتی بۆری دراوە بە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان  

  • ٣ - مادەی ٨ بڕگەیچوارەم: دابینكردنی هەر هێڵێك بۆ تۆڕی بۆریەكان كە توانای یەدەگی هەبێت بۆ هەر كەسێك كە بەشێوەیەكی یاسایی مامەڵە لەگەڵ چالاكییە نەوتییەكانی عێراقدا بكات، هەروەها وەزیر دەتوانێت مۆڵەت بدات بۆ ئەو جۆرە توانایە بەو مەرجانەی لە گرێبەستەكەدا هاتووە.

  • لەم بڕگەیەدا دەسەڵاتی داوەتە وەزیر كە مۆڵەت بدات بەلایەنی سێ یەم  لێرەشدا ڕەوایەتی داوە بەكەرتی تایبەت كە لەدەستوردا بەهێج شێوەیەك ئەم باسانە نییە.

  • -٣مادەی نۆیەم: وەزارەت بەڵێن دەدات:
  • یەكەم: هاندانی كەرتی گشتی و تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە كارەكانی نەوت بۆ دەستەبەركردنی بەڕێوەبردنی كاریگەرانەی سەروەت و سامانی نەوتی هەرێم، بەمەرجێك ئەمە گەرەنتی بەرزترین داهاتی نەوت بكات بۆ بەرژەوەندی خەڵكی هەرێم و عێراق.
  • دووەم: هاندانی دامەزراندنی دامەزراوەی مۆدێرن بۆ كارەكانی پاڵاوتن و ئیكسسواراتەكانیان، لەوانەش پاڵاوگە و بۆری لە هەركاتێكدا كە بتوانرێت، لەلایەن كەرتی تایبەتەوە یان بە هاوبەشی لەگەڵیان.
  • لەهەردووبڕگەی  یەكەم ودووەم جارێكی تر دەسەڵات دراوە بە وەزارەت بۆ بەشداری پێكردنی كەرتی تایبەت.
  • ٤-مادەی ١٣ بڕگەی چوارەم :   كۆمپانیای كوردستان بۆ پاڵاوتن و ئۆپەراسیۆنە یاریدەدەرەكان (كۆدۆ)

  • چوارەم: كۆمپانیای (كۆدۆ)

  • -١  بەپێی بڕگەی / یەكەمی مادەی هەشتەمی ئەم یاسایە سەرجەم دامەزراوە حكومییەكانی پەیوەست بە كارەكانی نەوت بەڕێوەدەبات، هەروەها كار بۆ دابینكردنی ئەو جۆرە ئاسانكارییانە دەكات، بە تۆڕە سەرەكییەكانی بۆری بۆریشەوە، بۆ هەموو قەوارەیەكی پەیوەندیدار بە... كەرتی گشتی و تایبەت كە لە هەرێمدا كاردەكەن.

  • - ٢ كێبڕكێكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی تر بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لەدوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی هەرێم، و مافی ئەوەی هەیە كاری ئۆپەراسیۆنی پەیوەست بە كارە نەوتییەكان ئەنجام بدات، هەروەها بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنی هاوبەشی یان گرێبەستی هاوشێوە، جا لە هەرێم بێت یان لە باقی هەرێمەكان و پارێزگارەكان.
  • - ٣ بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە نەوتییەكان یان لەگەڵ كەرتی تایبەت لە كارەكانی نەوتی هاوچەرخ و بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی هەرێم.
  • - ٤ بە ڕێگەدان بە لایەنی سێیەم بۆ بەڕێوەبردنی هەر ئیمكاناتەكانی، بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی هەرێم.
  • • جارێكی تر ڕێگەدان بە لایەنی سێ یەم كەكەرتی تایبەت و بەرژەوەندی تایبەتە.

  • ئەنجام 

  • دەستووری هەمیشەی ڕێگانادات بەوەی داهاتی سامانی سرووشی بۆ بەرژەوەندی تایبەت بڕوات و دەبێت بۆ گەل بێت. پرسیارێك دروست دەبێت ،ئایا بۆ لەوكاتەدا پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بودجەی ١٧ ٪ عیراق یان لەبەردەست بووە بۆچی بەم شێوە ئەم یاسایەیان داڕشتوە كەئێستا كێشە بۆ حكومەت دروست دەكات و بیانوی داوەتەدەست  ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بۆ تۆڵەكردنەوە لە ڕووسیاو لەلایەكی تر حكومەتی فیدراڵی عێراق تۆڵە لەهەرێم بكاتەوە.
  • بەداخەوە  لەهەرێم بەجۆرێك دەست بۆ مافەدەستووریەكەمان براوە كە ژمارەیەك كەلێنی تێدایە كە بەغداد و زلهیزەكان وەك كارت دژی كورد بەكاری دەهێنن.