ڕاپۆرتی کوردستانی

01:46 - 28/01/2023

سێ گورزی گورچكبڕ به‌ر نه‌وت هه‌رێم كه‌وتن‌

پەیسەر


له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ ساڵێكدا مه‌له‌فی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ بوه‌ته‌وه‌، به‌ جۆرێك والێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی كۆتوبه‌ندكردنی ده‌ستی هه‌رێم بێت له‌وه‌ی بتوانێت سه‌ربه‌خۆیانه‌ نه‌وت بفرۆشێت.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2013ه‌وه‌ ئابوری سه‌ربه‌خۆی راگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ش پشتی به‌ سه‌ربه‌خۆفرۆشتنی نه‌وت به‌ست، زۆرینه‌ی چاودێرانی ڕه‌وشی سیاسی و ئابوری پێیانوایه‌ به‌هۆی ناشه‌فافی مه‌له‌فی نه‌وته‌وه هه‌رێم له‌ ئابوری سه‌ربه‌خۆدا شكستی هێنا و ‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی له‌سه‌ر بژێوی و موچه‌ی هاوڵاتیان نه‌بوو. هاوكاتی ئه‌وه‌ش، له‌ ده‌ره‌وه‌ چه‌ندین ئاڵنگاریی بۆ دۆسیه‌ی نه‌وت دروستبوون و رۆژ له‌ دوای رۆژ كاریگه‌رییه‌كه‌یان زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت.

گورزی یه‌كه‌م:

مانگی شوباتی ساڵی رابردوو، دادگای فیدڕاڵی پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی به‌ ناده‌ستوری ناوبرد، كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین گورز بوو له‌ مه‌له‌فی نه‌وت درا.

ئاژانسی بلومبێرگی ئه‌مریكی، له‌ تازه‌ترین راپۆرتدا باسیله‌وه‌كردووه‌ فرۆشتنی نەوتی كوردی لەساڵی ڕابردووەوە سەخت بووە، بەهۆی ئەوەی بەغداد هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ ڕێگەگرتن لەفرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ، هەڕەشە یاساییەكانی دژی كڕیاران و لەهەمان كاتدا ئەوەی كاریگەریشی هەبووە فرۆشتنی نەوتی ڕوسیایە بەنرخێكی هەرزان.

ئاژانسه‌كه‌ باسیله‌وه‌كردووه‌ بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی هەڕەشەكانی بەغداد كاریگەری هەبووە، بەپێی دەرخستەكانی بەدواداچونی بارهەڵگرە نەوتییەكان، بارهەڵگرەكانی نەوتی كوردی بۆ بەندەرەكانی ئیسپانیاو یۆنان و ئیتاڵیا لەناوەڕاستی ساڵی 2022وە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیووە.

هاوكات پێشتر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە پێنج شەش دۆلارێک کەمتر لە نەوتی برنت لە بازاڕدا دەفرۆشرا، بەڵام دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، نەوتی هەرێم بە ١٩ دۆلار کەمتر دەفرۆشرێ.

گورزی دووه‌م:

گورزێكی دیكه‌ كه‌ به‌ر مه‌له‌فی نه‌وتی هه‌رێم كه‌وتووه‌، پرسی سكاڵاكه‌ی عێراق له‌ دادگای پاریسە، عێراق لە ساڵی 2015 سكاڵای لەسەر تورکیا تۆمار کرد، بەهۆی ڕێگەدان بە فرۆشتن و ڕۆیشتنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و داوای 26 ملیار دۆلاری لە تورکیا وەکو قەرەبوو کردووە.

به‌پێی زانیارییه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان، هه‌فته‌ی رابردوو ژووری بازرگانی پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، سکاڵایەکی عێراقی دژی تورکیا لە سەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە، بەڵام هیچ کام لەو دوو وڵاتە ناوەرۆکی بڕیارەکەی دادگایان ڕانەگەیاندووە.


بیلال وەهاب، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن، بە دەنگی ئەمەریکای وتوه‌ "دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری لەسەر سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا دەرکردووە، بەڵام هێشتا بڕیارەکەی ڕانەگەیاندووەو  دادگا بڕیار ڕاناگەیەنێت، دەبێت عێراق یان تورکیا ڕایبگەیەنێت.


گورزی سێیه‌م

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و كێشانه‌ی له‌م كاته‌دا بۆ نه‌وتی هه‌رێم هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی کۆمپانیای (ترافیک گۆرایه)‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌ كۆمپانیاكه‌ داوای 273 ملیۆن دۆلار قه‌رزیش ده‌كات.

پێده‌چێت ئه‌م كێشه‌یان له‌ چاو بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی و دادگای ناوبژیوانی پاریس سوكتر بێت، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌غدا له‌ كۆمپانیاكان به‌رده‌وامه‌، دۆزینه‌وه‌ی كۆمپانیه‌كی به‌ بازاڕكردن كارێكی ئاسان نابێت. هاوكات هه‌رێم قه‌رزی دیكه‌ی له‌سه‌ره‌، كه‌ تا كۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی پار، 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری قەرزی كڕیارانی نەوتی لەسەر بووه‌.

بژارده‌كانی به‌رده‌م هه‌رێم:


یه‌كه‌م: پابه‌ند نه‌بوون و گوێنه‌دان به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی و فرۆشتنی نه‌وت هاوشێوه‌ی ماوه‌ی 11 مانگی ڕابردوو.


دووه‌م: رێككه‌وتن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و په‌سه‌ندكردنی به‌جۆرێك له‌ خزمه‌تی به‌غدا و هه‌رێمدا بێت.


سێیه‌م: له‌سه‌ر بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس، تورکیا گوێ بە بڕیارەکە نه‌دات و پشتگیری هەرێم بکات، یان فشار لە هەرێم بکات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق.