ڕاپۆرتی کوردستانی

05:00 - 18/01/2023

سەرنجراكێشانەكەی بۆ یەكێتی و پارتی چی بوو؟‌

پەیسەر


دوێنێ برێت مەكگۆرك، كە بەچاوی ئەمریكا لەناوچەكەدا حسابی بۆدەكرێت لەگەڵ پارتی و یەكێتی كۆبۆوە، ئەوەش پاش ئەوەی شەوی رابردوتر گەیشتە هەرێم و یەكەم كۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم ئەنجامدا.


مەكگۆرك ئەمجارە تایتڵێكی نوێشی هەبوو كە جگە لە رێكخەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا، پۆستێكی نوێشی وەرگرتووە كە بریتیە لە جێگری یاریدەدەری سەرۆكی ئەمریكا.


چاوەکان لەسەر سەردانەکەی برێت مەکگۆرک بۆ بەغدا و هەولێر لەپاڵ کێشە نێوخۆییەکان، بوونی كەسێكی جیاوازبوو لەناو شاندە ئەمریکییە لە هەولێر و بەغدا، كە ئەویش ئامۆس هۆشتاین، رێکخەری سەرۆکایەتیی ئەمریکا تایبەت بە ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە بوو كەیاوەریی برێت مەکگۆرکی دەكرد.

ئامۆس هۆشتاین دیپلۆماتێکی ئەمریکییە، شارەزایی تایبەتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە رێگەی سەرچاوەکانی وزەوە هەیە.
مەكگۆرك هەروەك نەریتی خۆی، بەشێك لەنهێنی سەردانەكەی بۆ هەرێم نەدركاند، بەڵام بەشێك لە ئامانجەكەشی دەركەوتن، كە بۆ قسەو باسكردن بووە لەسەر سێ دۆسیە كە بریتین لە:


یەكەم: دۆسیەی ئاسایش
دووەم: دۆسیەی وزە
سێیەم: دۆسیەی چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی یەكێتی و پارتی


لەدۆسیەی ئاسایشدا، بەشێكی گفتوگۆكانی لەگەڵ كاربەدەستانی هەرێم و عێراق پەیوەست بوو بە ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەی دەوری لیژنەی باڵای هەماهەنگی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەی چوارچێوەی ســـتراتیژی کە بڕیـــارە مانگی داهاتوو لە واشـــنتۆن بەسەرۆکایەتی هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو عێراق ئەنجام بدرێت بە تایبەتی مەسەلەی مانـــەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێـــراق و مەسەلەی داعش و بابەتی بە قاچاخ بردنی دۆلار بۆ ئێران و ســـووریا کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و هەندێک لایەنی شیعەی ولائی بە دەسکیسەی ئەمەریکای دەزانن.

پەیوەست بە دۆسیەی دووەم كە تایبەت بوو بە پرسی وزە ئەم ســـەردانە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە بە تایبەتی کاتێک ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەو ئاســـتەدا جارێکی تر پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دوپاتدەکەنەوە و گرنگی زیاتری ئەمجارەیان لەوەدایە کە نێردەی تایبەتی ســـەرۆکایەتی بۆ ئاسایشـــی ژێرخان و ووزە لەگەڵ شـــاندەکە بوو، بێگومان بابەتـــی ووزە و هەوڵەکانی هـــەردوو حکومەتی فیدراڵـــی و هەرێم بۆڕێکەوتن لەســـەریاســـای نەوت و غـــاز لە لایەن ئەمەریـــکاوە گرنگی زۆری پێ دەدرێت و هـــەردوولا هاندەدەن تا لەوڕوەوە بگەنە ڕێکەوتن.


لەدۆسیەی سێیەمی ناو جانتاكەی مەكگۆرك دا،   کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی ئەو کێشانە بوو بۆ سەر ئاسایشـــی کوردســـتان و ئەدا و کاری حکومەت، بە تایبەتی بەرنامەی چاکسازی و یەکخستنی هیزی پێشمەرگە و بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان لەگـــەڵ بەغدا، ئەم پرسە زۆر زۆر جێگـــەی نیگەرانی ئیدارەی ئەمریکایـــە و بە یەکێک لە کۆسپە ســـەرەکییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان دەزانن لە هەرێم و لە عێراق و تەنانەت لە ســـووریاش.


بەپێی ئەو زانیاریانەی "په‌یسه‌ر" لەكۆبونەوەكانەوە دەستیكەوتووە، مەكگۆرك كە لەگەڵ هەردوو سەرۆكی پارتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی كۆبۆتەوە، بەراشكاوی پێی وتوون، پێویستە ناكۆكیەكانتان نەهێڵن و رێكبەكەون، چونكە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتیەوەو بۆیە جگە لە رێككەوتن هیچ بژاردەیەكی تر نیەو لای ئێمەش قبوڵكراو نیە! هەروەها مەكگۆرك بەتەلەفون لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و لەدیدارەكەشی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی هەمان بۆچونی خۆی پێراگەیاندوون.


ئەم سەرنجڕاكێشان و هۆشداریەی ئەمریكا بە ئامانجی ئەوەبوو كە ئەو دوولایەنە دۆخێكی سەقامگیر دروستبكەن و داوایانكردووە  تەبایی هەبێـــت و بوار بدرێتـــە دەزگا فەرمییەکانی هەرێم تا بە شێوەیەکی پیشەیی کار و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، لەم رووەشەوە ئەمریكیەكان زیاتر چاویان لەسەر هەنگاوەكانی سەرۆكایەتی هەرێمە،  بێگومانیش ئەمە بەر لەوەی لە بەرژەوەندی ئەمریكا بێت، لە بەرژەوەندیی ئێستا و ئایندەی گەلی کوردستانە.