05:21 - 19/12/2022
حكومەت و نیشتیمان تێکەڵی یەکتری مەکەن
وتارێکی نوسەرو ڕۆژنامەنوس و مێژونوسی بەریتانی ڕۆبەرت فیسک* (Robert fisk)
ڕۆبەرت فیسک دەڵێ:
دەزانی عەرەبەکان بۆچی ماڵەکانیان خاوێنن، بەڵام جادەو شەقامەکانیان زۆر پیس و پۆخەڵن؟
هۆکارەکەی ئەوەیە ئەوان واهەستدەکەن ماڵەکانیان هی خۆیانە، بەڵام خۆیان بەخاوەنی نیشتیمانەکەیان نازانن و واهەست ناکەن هی ئەوانە .
ئایا هەر بەڕاستی جادەو شەقامەکانمان بۆیە پیس و پۆخەڵ و بۆگەنن، لەبەر ئەوەی نیشتیمانمــان نـیــە؟
یان هۆکارێکی تر هەیە؟
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆ:
یەکەم: ئێمە چەمکی نیشتیمان و چەمکی حکومەتمان تێکەڵی یەکتری کردووە .ئەوەش بۆخۆی کارەساتە. حکومەت بەڕێوەبردنێکی سیاسییە بۆ ماوەیەک لە تەمەنی نیشتیمان .هیچ حکومەتێک نیە بۆ هەتا هەتایە بەردەوام بێ و بمێنێ .بەڵام نیشتیمان جوگڕافیاو مێژووە . ئەو خاکەیە ئێسک و پڕوسکی باوک و باپیرانمانی لەباوەش گرتووە . درەخت و زەوی و ئاوە . فکرو و داب و نەریتە . بنەمای بوون و مانەوەمانە .
مافی هەر کەسێکە ڕقی لەحکومەت بێتەوە . بەڵام مافی ئەوەی نیە ڕقی لە نیشتیمان بێ .کارەساتی گەورە ئەوەیە کە پێمان وابێ بە تێک و پێکدان و نەفرەتکردن لەنیشتیمان تـۆڵە لە حکـومەت دەکەینەوە . وەک ئەوەی نیشتیمان هی حکومەت بێ و هی ئێمە نەبێ .حکومەت چ پەیوەندی بەو جادەو شەقامانەوە هەیە من و تۆ بەسەریدا ڕێدەکەین؟ چ پەیوەندی بەو نەخۆشخانەوەهەیە من و تۆ و منداڵ و خانەوادەمان تیایا چارەسەر دەکرێ؟
بە قوتابخانەو زانکۆیانەوە ڕۆڵەکانمان تیایدا فێر دەبن و پێدەگەن .دەزگاو شوێنەکان هی ئەو لایەنە نین بەڕێوەیان دەبهن، هی ئەوانەن بەکاریان دێنن و لێیان سود مەند دەبن . لەڕاستیدا ئێمە تۆڵە لەنیشتیمان دەکەینەوە نەک لەحکومەت . حکومەتەکان بەدوای یەکدا دێن و دەڕۆن .
دووەم: ڕۆشنبیری موڵکی گشتی لای ئێمه بونی نیە. هەروەک ئەوەی توشی جۆرێک لە کەرتبونی کەسایەتی (شیزۆفرینیا) بوبین .ئەو کەسەی پارێزگاری لە پاکــوخاوێنی توالێتەکانی ماڵەکەی خۆی دەکات .توالێتە گشتیەکان پیس دەکات .
ئەو کەسەی کورسی و مێزی ماڵەکەی خۆی دەپارێـزێ، پارێزگاری لە کورسی و مێزی قوتابخانە ناکات و پیسیان دەکاو ناوی خۆی لەسەر هەڵدەکۆڵێ . ئەو باوکەی داوا لە منداڵەکەی دەکات ڕێک و پێک بێ و ڕێز له یاساکانی ماڵەوە بگرێ ، هەرخۆی ئامادە نیە لە دەرەوە لەڕیزدا بوەستێ و ئەگەر بۆی بکرێ لە هەموو شتێکدا نۆرە بڕی دەکات .
ئەو دایکەی نایەوێ کوڕەکەی وانەیەکی لە قوتابخانە یان لەزانکۆ لەکیس بچێ ، خۆی لە بەرپرسێارێتی و ئەرکەکەی خۆی دەدزێتەوە و بڕو بیانو دێنێتەوە بۆ دواکەوتنی لە دەوام و زوو ڕۆیشتنەوەی .
پوختەی قسە:
بمانەوێ و نەمانەوێ حکومەت نیشتیمان نیە . کێشەو گیرو گرفتەکانمان لەگەڵ حکومەت بە تێکدانی نیشتیمان و نەفرەت لێکردنی چارەسەر نابن . ئەو گەلەی دەیەوێ تۆڵە لەنیشتیمان بکاتەوە بە بیانوی ئەوەی حکومەت خراپە ، شایەنی حکومەتێکی باشتر نیە .
پێشکەوتنمان بە جوانی و پاکوخاوێنی باخچەکانی ماڵەکانمان دەرناکەوێ. بەجوانی و پاک و خاوێنی باخچە گشتیەکانماندا دەردەکەوێ .گەر سەرنج بدەین بۆمان دەردەکەوێ خۆمان دوژمنی خۆمانین . ئەوەندەی خۆمان زیان بەنیشتیمان دەگەیەنین هیچ لایەنێکی ئەوەندە زیانی پێناگەیەنێ .
ڕاستی وتووە ئەوەی وتویەتی :
"مرۆڤ پێویستی بە جادەو شەقامی خاوێن نیە بۆ ئەوەی بەڕێز دەرکەوێ .
جادەو شەقامەکان پێویستیان بەخەڵکانی بەڕێزە بۆ ئەوەی خاوێن بمێنن "
ڕۆبەرت فیسک ( ١٩٤٦ - ٢٠٢٠ ) یەکێک بوو لەبەناوبانگترین ڕۆژنامەنوسەکان لەجیهاندا .
نوسەرو مێژوونوس .
دکتۆرا لە فەلسەفە.
خاوەن چەندین دکتۆرای فەخری و خەڵاتی جیهانی .
30 ساڵ لە جیهانی عەرەبیدا ژیا .
یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەنوسە کەمانەی کە دژی سیاسەتی ئەمریکاو بەریتانیا بوو لە جیهانی عەرەبیدا .
پەیامنێری ئەندپێندنتی بەریتانی بوو لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست .
وەرگێڕانی بۆ کوردی
عومهر مهحمود