08:37 - 18/10/2022
ئایا ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریا و عێراق بووەتە مایەی نیگەرانی تاران؟
لە بەردەم گەورەترین ئاڵنگاریدا له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه هاوشێوه‌ی نه‌بووه، ڕێبەرانی ئاینی ئێران هەوڵ دەدەن ئەو ناڕەزایەتییە تووڕەییانەی پەیوەستن بە مەرگی مەهسا ئەمینیەوە وەک ڕاپەڕینێکی جوداخوازانەی کورد نیشان بدەن کە هەڕەشە لە یەکڕیزی میللەت دەکات نەک دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی.
ژینا یاخود مه‌هسا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، كچه کوردێكی خەڵکی شاری شهقزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە به‌پاساوی پێشێلکردنی یاسا توندەکانی پۆشینی جلوبه‌رگ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه دوای 3 رۆژ مانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه گیانی له ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش له ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوودا ڕوویدا.
ئەو ناڕەزایەتیانە کە لە رۆژی به‌خاكسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز دەستیپێکرد، بەخێرایی لە سەرانسەری وڵات‌دا تەشەنەی کرد و گەیشتە پایتەختی تاران و شارەکانی ناوەڕاستی ئێران و باشووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کە کەمینەکانی عەرەب و بەلوچی تێدا چڕبوونەتەوە.
هاواری خۆپیشاندەران بە "ژن، ژیان، ئازادی" و مه‌رگ بۆ ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و رووخانی رژێم ده‌وترێنه‌وه، له‌گه‌ڵئەوەشدا سەرکوتکاری هێزه ئه‌منیه‌كان زیاتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران بوو، کە زۆربەی کوردەکانی ئێران تێیدا دەژین، ژمارەیان بە دە ملیۆن مەزەندە دەکرێت.
شایەتحاڵەکان ده‌ڵێن "پۆلیسی دژە ئاژاوە و هێزەکانی بەسیج" لە پارێزگاکانی دیکەوە گواستراونەتەوە بۆ ناوچەکە، هەروەها تانکەکان رەوانەی ئەو ناوچانە کراون کە گرژییەکانیان تێدا زۆر بووە.
تاران هێرشی کردۆتە سەر گروپە چەکدارە کوردییەکانی ئێران كه له هه‌رێم نیشته‌جێن و دەڵێت ئەوان دەستیان لە نائارامییەکان هەیە. سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان له كۆتایی مانگی رابردوو بنكه و باره‌گای حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی له زڕگوێز، كۆیه و پردێ كرده ئامانج.
بەرپرسێکی ئەمنی توندڕەو، وتویه‌تی "گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی دۆسیەی ئەمینی دەکەنە بیانوو بۆ گەیشتن بە ئامانجی دەیان ساڵەی خۆیان ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌ی کوردستانه لە ئێران، بەڵام سەرکەوتوو نابن".
بەرپرسێکی پێشووش هەمان لێدوانی دووپاتکردەوە و بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوه، بەرپرسانی باڵای ئەمنی نیگەرانن لەوەی "گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئەو پشتیوانییە بۆ سه‌ربه‌خۆی به‌كارده‌هێنن كه کورد لە سەرانسەری ئێرانەوە له ئه‌نجامی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بەدەستی دەهێنێت".
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ئەو ناڕەزایەتیانەی کە وڵاتەکەیان گرتەوە بە "پیلانێکی سیاسی" وەسف ده‌كه‌ن کە لەلایەن گرووپە جوداخوازە کوردەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه وروژێنراوه.
بەڵام بە سەیرکردنی ڕه‌وشی ئەودیوی سنوورەکان لە عێراق و ڕۆژئاوای سوریا، دەسەڵاتدارانی ئێران پێیانوایه هه‌ر كاتێك حكومه‌تی ناوه‌ندی ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری ده‌بێته‌وه خواستی كورده‌كان بۆ ئۆتۆنۆمی زیاد ده‌بێت.
لە عێراق ئەو کوردانەی کە ساڵانێک بوو شەڕی رژێمی سەدام حسێنیان کرد، لە دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ ئۆتۆنۆمیان وه‌رگرت و ناوچه‌ی دژهفرینیان بۆ دامه‌زراو له دوای روخانی رژێمهكهشهوه ئاستی ئۆتۆنۆمییهكهیان به‌رزكرایه‌وه.
هه‌روه‌ها هێزه کوردییه‌کانی سوریا سوودیان له‌و گێژاوه وه‌رگرت که به‌هۆی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 2011 له دژی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا سه‌ریهه‌ڵداو بوونه هاوپه‌یمان ئه‌مریکا له شه‌ڕی دژی داعش و كۆنترۆڵی ناوچه‌كانی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریایان كرد.
لە تورکیا کە کورد نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته پێكده‌هێنێت كه ژمارەی دانیشتوانه‌كه‌ی 85 ملیۆن کەسه، گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1984ەوە یاخیبوونێکی چەکدارییان لە دژی دەوڵەت ده‌ستپێكردوه‌و تائێستاش به‌رده‌وامه.
هه‌رچه‌نده به‌پێی دەستووری ئێران، گەرەنتی مافی یەکسانی بۆ هەموو کەمینە نەتەوەییەکان كراوه، ڕێگە بە بەکارهێنانی زمانی کەمینەکان دەدات لە میدیا و قوتابخانەکاندا، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافخواز و چالاکوانان دەڵێن کوردەکان ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە، هەروەک چۆن کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەش لەژێر دەسەڵاتی ئایینی شیعە لەو وڵاتەدا ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە.
سەرەڕای ئەم سنووردارکردنانە لە ناوخۆدا و بوونی دوو مۆدێلی ئۆتۆنۆمی کورد لە عێراق و سوریا، زۆرێک لە کوردەکانی ئێران پێداگری دەکەن کە بەدوای جیابوونەوەدا ناگەڕێن.
کاوە جریشی، ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری کوردی ئێرانی، وتی: "کوردەکانی ئێران دەیانەوێت ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت، خەڵکی کوردستان ئارەزووی گۆڕینی ڕژێم دەکەن نەک سەربەخۆیی".
س: عه‌ره‌بیه