عیراق

06:00 - 20/09/2022

كۆمپانیای سۆمۆ: بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی جێبه‌جێ ده‌كه‌ین‌

پەیسەر

حكومه‌تی عێراق سوره‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی، به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیای سۆمۆ ده‌ڵێت داوایان لە کۆمپانیا جیھانییەکان كردووه‌ چیتر نەوتی خاوی ھەرێمی کوردستان نەکڕن.


عەلا یاسری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی فەرمی عێراقی رایگەیاندووە، بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بە کۆمپانیا نەوتییەکانی جیھانیان راگەیاندووە کە چیتر ناتوانن نەوتی خاوی ھەرێم بکڕن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌" سەرجەم ئەو رێککەوتنانەش کە لەگەڵ ھەرێم کراوه‌ بۆ کڕینی نەوت چیتر کاریان پێناکرێت بەھۆی ئەوەی ھەرێم ناچارە بریاری دادگای فیدراڵی جێبەجێبکات.


عەلا یاسری، ده‌ڵێت: لەئێستادا ئامادەکاریکراوە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ گواستنەوەی دۆسییەی کڕین و فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، بەڵام تائێستا حکومەت رەزامەندی بۆ ئەو کارە پیشاننەداوە، بۆیە وەزارەتی نەوت ناچارە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.


رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمدا، حكومه‌تی هه‌رێمیش بڕیاره‌كه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌.


ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، 20ی ئه‌یلول، محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی كاندیدی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار كۆبوه‌ته‌وه‌ و وتویه‌تی ئه‌گه‌ر ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاره‌كه‌ی دادگا له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كات.

سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربووه‌، وتی: دەربارەی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لێم پرسی بۆچونی چییە؟ وتی: کێشەی نەوت بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلایی کردۆتەوەو دەبێ جێبەجێ بکرێ! چارەسەرەکەشی لە یاسای نەوت و غازی عێراق دەكرێ کەپێویستە لەزوترین کات یاساکە دەربچێ .