عیراق

07:01 - 30/07/2022

مالیكی و عامری داوای گفتوگۆ ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

هه‌ریه‌كه‌ له‌ نوری مالیكی، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، داوای گفتوگۆ له‌ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ڕه‌وتی سه‌در ده‌كه‌ن.

نوری مالكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، لێكه‌وته‌ی رووداوه‌كانی ئه‌مڕۆ و دووباره‌ بوونه‌وه‌ی كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌شێكی پڕ له‌ تۆقاندن و ترساندن له‌ نادیارێكی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری هانیداوم په‌یامێكی راستگۆیانه‌ و دڵسۆزانه‌ ئاراسته‌ی برایانم له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی به‌رپرسیارانه‌ بگرنه‌ به‌ر و خۆیان له‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كان به‌ دوور بگرن.

مالیكی به‌و دوو لایه‌نه‌ ده‌ڵێت: برایان، جه‌ماوه‌رمان له‌ ژێر فشاری قه‌یرانه‌كاندایه‌ و لێكه‌وته‌كان مه‌ترسیدارن چونكه‌ ئاسایش و داهاتوو و ده‌رفه‌تی ژیانی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌یان له‌ بار ده‌بات، بۆیه‌ به‌رپرسیارێتیی نیشتمانی و شه‌رعی داخوازی لێمان هه‌یه‌ هه‌موو لایه‌كمان رێگه‌ی گفتوگۆ بگرینه‌ به‌ر و رێڕه‌وه‌كه‌ راستبكه‌ینه‌وه‌ له‌ پێناو ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان.

هاوكات هادی عامری، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بانگه‌وازی له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ڕه‌وتی سه‌در كردووه‌ دانبه‌خۆیاندا بگرن و گفتوگۆ كه‌ن.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا هاتووه‌: بۆ هەموو برایانی خۆشەویست و هاوبەشانی نیشتمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر، لەگەڵ ئەوانەی کە ژیانی عێراق و عێراقییەکانیان بەلاوە گرنگە؛ داوا لە هەمووتان دەکەم پەنا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ببەن و دان بە خۆتاندا بگرن و ئارام بگرن.

هەروەها داوایان لێ دەکات، پەنا بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی بونیادنەرانە ببەن بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، چونکە ناکۆکییەکان هەر چەند بن هەر دەکرێت بە هێمنی و دوور لە هەڵچوون چارەسەربکرێن.