ڕاپۆرتی کوردستانی

07:29 - 04/07/2022

ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بریاره‌ی راكان جبوری كه‌ زۆرترین كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌‌

پەیسەر

راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك فەرمانێكی دەركردووە‌و داوای هەڵوەشاندنەوەی فۆرمی خۆراك‌و فۆرمی نیشتەجێبوونی هەر كەسێك دەكات كە نیشتەجێی سنوری پارێزگای كەركوك نەبێت، به‌ڵام ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بڕیاره‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تەمموز، ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن و سۆسیال میدیا، نوسراوێكی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت-یان بڵاوكردەوە، نوسراوەكە كە 3ی تەمموز واژۆكراوە، مۆر و ژمارەی دەرچونی لەسەر نییە و تیایدا هاتووە "وردبینییەكی گشتگیر دەكەین بۆ كارتی نیشتەجێبون و كۆبۆنی خۆراك، دواتر بەراوردی دەكەین بە شوێنی نیشتەجێبونی هەمیشەییان، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر كارتێكی نیشتەجێبون و كۆبۆنی خۆراكی ئەو كەسانەی نیشتەجێی ناوەندی كەركوك  و قەزاو ناحییە و گوندەكانی تری پارێزگای كەركوك نین".

بڕیاره‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناو به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی كه‌ركوك پێیانوایه‌ راكان جبوری بڕیارێكی دژی كورد دەركردووە. هەروەها وا وێنای دەكەن كە بڕیارەكە ئامانج لێی بێبەشكردنی ئەو خێزانە كوردانەیە كە خانووەكانیان لە كەركوك تاپۆ نییە لە كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتەجێبون.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، رایگه‌یاند: دوای ئەوەی نوسراوەكەمان بەدەست گەیشت، راستەوخۆ دەستتێوەردانمان كرد و ئەو نوسراوە هەڵوەشایەوە و بەهیچ شێوەیەک کاری پێناکرێت.

هاوكات فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەڵێت بڕیارەكەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركوك بڕیارێكی تەواو شۆڤێنیە و پێچەوانەی هەموو بنەماكانی پێكەوە ژیان و بنەما یاسایی و دەستوورییەكانە و دەبێت داوای لێبوردن بكات.

 سەرچاوەیەكی باڵا لە دیوانی پارێزگای كەركوك، به‌ (كەركوك ناو)ی وتووه‌ ئەو نوسراوە هێشتا دەرنەچووە تا هەڵبوەشێتەوە، تائێستا هەر رەشنوسە و بەشێوەیەكی رەسمی بڵاونەكراوەتەوە و مۆری لێنەدراوە، بەڵام كاردەكەین بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا نوسراوەكە دەربچێت و بڵاوبكرێتەوە.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند: لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبوینەوە و بڕیارەكەمان هەڵوەشاندەوە چونكە پێمانوایە ئامانجی ئەو بڕیارە تەعریبكردنەوەی كەركوكە نەك پاراستنی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە.