ڕاپۆرتی کوردستانی

06:20 - 06/06/2022

ئایا توركیا دوای ئه‌مریكا تۆڵه‌ له‌ كورد ده‌كاته‌وه‌؟‌

پەیسەر

توركیا به‌ سیاسه‌تی نكوڵكاریی و له‌شكركێشی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌وه‌ستاوه‌، له‌ فیلم و دراماكانیشدا كار له‌سه‌ر كه‌لتوری كوردی ده‌كات، له‌ تازه‌ترین دراماشدا به‌ زمانێكی ئاست نزم قسه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و حكومڕانیه‌كه‌ی ده‌كات.

زنجیرە درامای گورگی تەنیا، لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی تورکواز میدیا کە نزیکە لە حکومەتی تورکیاوە، بەرهەمهێنراوه‌، مانگی یه‌كی ئه‌مساڵ، یەکەم ئەڵقەی لە کەناڵی atvی تورکیا پەخش کرا، له‌ ئه‌ڵقه‌ی 19دا سوكایه‌تی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

لە ئەڵقهكه‌دا باسی دادگایەکی هەرێم دەکات کە تێیدا وێنەی مەسعود بارزانی و جامانه‌ی سوور و ئاڵای کوردستان دەردەکەوێت، تێیدا توركێك تۆمەتبارە بە کاری سیخوڕی، کوشتن و کاری مافیایی، نیازی دڵی توركیا به‌رامبه‌ر هه‌رێم نیشانده‌دات.

پیاوه‌ توركه‌كه‌ له‌ دادگایه‌كه‌دا به‌ڕوون و راشكاوی ئه‌م قسانه‌ ده‌كات

 
*موسڵ و کەرکوک موڵکی ئێمەیە.
*گەورەترین شەقامی هەولێر کە بە ناوی سوڵتان موزەفەرە هی تورکمانەکانە.
*من ئیعتیراف بە حکومەتی باکووری عێراق ناکەم، حساب بۆ ئەو دادگایە ناکەم ئەگەر دادگای بکەم دەبێ لە دادگای تورکیا یان عێراق دادگای بکرێم.
*ئێوە هیچ نین ئەو ئەمریکایە کە لێرەیە پشتیوانیتان دەکات رۆژێک دێ ئەمریکا دەروات ئێوەش حەق و حسابی خۆتان لەگەڵ دەکرێ لە سەر ئەو زوڵم و ستەمانەی لە تورکمان و سریان و کلد نەتەوەکانی دیکەتان کردووە.
*ئێوە داشی دامەی ئەمریکان هەر رۆژێک ئیشییان پێتان نەما لادەبردرێن و فرێدەدرێن.

حیواری ناو دراماكه‌ نابێت هه‌روا به‌ سانایی سه‌یر بكرێت و دیوی پشته‌وه‌ی نه‌خوێنرێته‌وه‌.

یه‌كه‌م: ئه‌م درامایه‌ له‌ كه‌ناڵێكی سه‌ر به‌ حكومه‌ت په‌خشده‌كرێت، كه‌واته‌ ده‌بێت وه‌ك په‌یامی پارتی دادوگه‌شه‌پێدانی فه‌رمانڕه‌وا حسابی بۆ بكرێت.

دووه‌م: ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وترێت موسڵ و كه‌ركوك هی توركن، دووپاكردنه‌وه‌ی ئه‌و راستیه‌ كه‌ توركیای ئیستا چاوی له‌و دوو شاره‌یه‌ و هه‌وڵی زیندوكردنه‌وه‌ی میساقی میللی خۆی ده‌دات.

سێیه‌م: كاتێك باس له‌ شه‌قامی سوڵتان موزه‌فه‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ولێریش ده‌بێت له‌ژێر هه‌یمه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی توركیادا بێت و چونكه‌ مێژووه‌كه‌ی هی ئه‌وانه‌.

چواره‌م: له‌ دراماكه‌دا دان به‌هه‌رێمی كوردستاندا نانرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ توركیا په‌یڕه‌وی ده‌كات، چونكه‌ تائێستاش حكومه‌تی توركیا ئاماده‌نیه‌ له‌ خاكه‌كه‌یدا رێگه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بدات.

پێنجه‌م: كه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌مریكا ده‌كرێت، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی توركیا به‌م په‌یوه‌ندییه‌ مورتاح نیه‌ و خۆی بۆ ئه‌و كاته‌ هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ ئه‌مریكا لێره‌ بڕوات و ئه‌ویش نیازه‌كانی خۆی به‌دیبهێنێت.

شه‌شه‌م: ئه‌م درامایه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لای حكومه‌تی توركیا، ته‌نانه‌ت حكومه‌تی به‌غدا و پێكهاته‌كانی شیعه‌ و سوننه‌كانیش، له‌ كورد و حكومه‌ته‌كه‌ی باشتر و په‌سه‌ندترن.

سینه‌ما و نه‌رمه‌ هێز

زیاتر له‌ هه‌شتا ساڵه‌ دەوڵەتە زلهێزەکان خه‌ریكی ئاڕاستە‌كردنی فیلم و سینه‌مان بۆ خزمه‌تی سیاسه‌ت و ئایدۆلۆجیای خۆیان، چه‌مكی نه‌رمه‌هێز له‌ ناوه‌نده‌كانی ئه‌كادیمی و میللیشدا زیاتر بره‌وی پێدرا و فیلم و سینه‌ما بوون به‌ ئامڕازێكی دیار و ڕوویه‌كی سه‌رنجڕاكێشی ئه‌م هێزه‌.

 له‌ نه‌رمه‌ هێزدا هه‌ندێك په‌یام و ئامانج له‌ رێی فیلم و دراماوه‌ ده‌نێردرێن، له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا توركیا به‌رامبه‌ر كورد ئه‌م ته‌كنیكه‌ی به‌كارهێناوه‌، له‌ زۆربەی ئەو دراماو فیلمه‌كانیاندا کوردو كه‌لتوره‌كه‌ی وائیستاش سیاسه‌ت و حكومڕانیه‌كه‌ی سوك ده‌كرێت.

 

له‌ زۆربه‌ی ئه‌و فیلمانه‌شدا كه‌ تایبه‌تن به‌ كورد، ناونیشانەکانیان گورگێکی پێوەیە، وەکو دۆڵی گورگان، تۆڵەی گورگ، نیشتمانی گورگ، تازەترینیان درامای گورگە تەنیاکەیە، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌و ئه‌فسانه‌یه‌وه‌ كه‌ تورک ڕەچەڵەکی خۆیان دەبەنەوە سەر دایەگورگ.