عیراق

01:44 - 20/05/2022

رۆژنامەیەکی ئێرانی: ئەمریکا لە پشت خۆڵبارینەکانی عێراقەوەیە‌

پەیسەر

رۆژنامەی "کەیهان"ی ئێرانی، کە بە نزیک لە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران هەژماردەکرێت لە ژمارەی 10947ی رۆژی پێنجشەممە، 19-5-2022یدا راپۆرتێکی لەبارەی خۆڵبارینەکانی عێراق بەناونیشانی: "جەنگێکی سووری نوێی ئەمریکا عێراق دەکاتە ئامانج" بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێت: " ئەمڕۆ دیمەنێکی نوێی چەنگی ئەمریکا لەسەر گەلان دەبینین کە پێشتر نەمانبینیوە و ناوی بەکارهێنانی چەکی کەشوهەوایە لەدژی ئەو گەلانەی دژی ئەمریکان و سەرەتاکانی لەعێراق دەرکەوتووە، ئەوەش لەرێگەی بەکارهێنانی گازی کیمیتریڵە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە وەکو چەکێک لە ناوچەکە، کە بە مەترسیدارترین چەکی کۆکوژ و کاریگەرترینیان دادەنرێت، چەکێکە لە پڕۆژەی "HAARP" پشتی پێدەبەسترێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دەستکاریکردنی کەشوهەوا لەعێراق."

رۆژنامەکە ئەو خۆڵبارینەی لە عێراق روودەدات بە "جەنگی سووری وێرانکەر" و شەڕی شاراوە ناودەبات و دەڵێت زیانەکانی زیاترە لە داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان، لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "جەنگێکی ئاڵۆزە لە رێگەی بەکارهێنانی چەکێکی نهێنیی لەناوبەر کە نوێترین چەکی کۆمەڵکوژە. وا دەردەکەوێت ئەوەی روودەدات کارەساتی سرووشتی بێت، چەکەکە بۆ دەستکاریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کەشوهەوا و دروستکردنی دیاردە سرووشتییەکان لەعێراق وەکو هەورەبرووسکە و گێژەڵوکە و باوبۆران و بوومەلەرزە، بەکاردەهێندرێت. هەروەها دەتوانێت وشکەساڵی و بە بیابانبوون و راگرتنی بارانبارین و ئەوپەڕی زیانگەیاندن بەهۆی بارگۆڕانەکانی کەشوهەوای دروستکراوەوە، بڵاوبکاتەوە."

رۆژی هەینی، 20-5-2022، عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی وت: "ئەو هەواڵانەی باس لە تێوەگلانی ئەمریکا لە خۆڵبارین دەکەن و گوایە ئێمە لە دەستەی کەشناسی بەڵگەمان لەو رووەوە لەلا بێت راست نییە، هەواڵی بێ بنەمان، چونکە پرسی خۆڵبارین زانستییە و دەستی مرۆڤی تێدا نییە، پرسێکە پەیوەندیی بە گۆڕانی کەشوهەواوە لە جیهان هەیە."