عیراق

04:16 - 15/05/2022

دادگای باڵای فیدراڵی پێنج ده‌سه‌ڵاتی له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی سه‌نده‌وه‌‌

پەیسەر

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی سنوردار كرد و رایگه‌یاند: حكومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە و پێنج ده‌سه‌ڵاتی لێسه‌نده‌وه‌.

دادگای فیدراڵی وه‌ڵامی نوسراوێكی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی دایه‌وه،‌ كه‌ لەسەر سكاڵایه‌كی په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا ئاڕاسته‌ی دادگاكه‌ی كردبوو.

سەرۆك كۆمار داوایكردبوو، دادگا لێكدانەوە بۆ دەستەواژەی "حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە" بكات كە لە ماددەی (64/دووەم)ی دەستوردا هاتووە.

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌، دادگا وەڵامی سەرۆك كۆماری داوەتەوە‌و رونیكردوه‌ته‌وه‌، حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە بەو حكومەتە دەوترێت كە لە حكومەتێكی سروشتییەوە بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە گۆڕاوە بۆ حكومەتێك كە دەسەڵاتەكانی سنوردار بێت، ئەمەش لە دوو حاڵەتدا پێكدێت:

یەكەم: وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران تا كاتی دروستكردنی ئەنجومەنێكی وەزیرانی نوێ، بەگوێرەی ماددەی (61/ هەشتەم)ی دەستور.
دووەم: لە حاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی ئەوەی لەماددەی (64/یەكەم)ی دەستوردا هاتووە. دادگای باڵای فیدراڵی دەڵێ لەم دوو حاڵەتەدا حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت‌و دەبێت بە "حكومەتی كاربەڕێكەر".

دادگای فیدراڵی ده‌ڵێت حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م بابه‌تانه‌ی نیه‌:

یه‌كه‌م: ئەو بڕیارانەی كە هۆكارو پاڵنەری سیاسییان هەیە‌و كاریگەری گەورەیان لەسەر ئایندەی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی عێراق هەیە.
دووه‌م: پێشكەشكردنی پرۆژە یاسا.
سێیه‌م: قەرزكردن.
چواره‌م: دانان‌و لابردن لە پۆستە باڵاكانی دەوڵەت.
پێنجه‌م: داڕشتنەوەی پەیكەری وەزارەت‌و فەرمانگەكان.