10:37 - 24/04/2022
توركیا لوتكەی كوڕەژارو لینكێی داگیر كرد!
د. كامەران مەنتک
چەند رۆژێكە بۆرودومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا
بۆ سەر لوتكەی كوڕەژارو لینكێ وەستاوە، وەك خەڵكی ناوچەكە، كە لەنزیكەوە ئاگادارن،
ئاماژەی پێدەكەن، جولەی كۆپتەرو فڕۆكە جەنگیەكان لە سەر ئەو دوو لوتكەیە نەماوە، ئەمڕۆ
سەربازی توركی لەسەر ئەو دوو لوتكەیە بینراون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، كە توركیا لە
ئێستادا ئەو دوو لوتكەیەی داگیر كردووە، نازانرێت لەرۆژانی ئایندە چی روودەدات و
ئاڕاستەی شەڕەكە چۆن یەكلایی دەبێتەوە، ئایا پەكەكە دەتوانێت ئەو ناوچەیە لە دەست
توركیا دەربهێنێتەوە؟ لەبەرئەوەی شەڕ هەمیشە گۆڕانكاری خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، هەرچەندە
چۆن داگیركردنی لوتكەیەكی وا سەخت ئاسان نیە، بەهەمان شێوە رزگاركردنیشی لەدەستی
دوژمن كارێكی ئاسان نیە، بەتایبەتیش لەدۆخێكی وەكو ئێستا دا، كە پەكەكە بەتەنیا لەگۆڕەپانی
شەڕ جێهێڵراوە وهێزەكانی تری كوردی لەهەموو پارچەكانی كوردستان وەك تەماشاكەرێك سەیری
دەكەن.
وەك لە وتارەكانی پێشوودا ئاماژەمان پێكرد ئەو
دوو لوتكەیە لەرووی ستراتیژیەوە بایەخێكی ئێجگار گەورەیان هەیە، لەباشوورەوە بەسەر
دەشتاییەكانی مووسڵ ولەباكووریشە بەسنووری توركیای دەبەستێتەوە، لەكاتێكدا ئەگەر
زانیمان بنكەی سەربازی توركیا بە عشیقەش هەیە، بەم چەشنە توركیا بەناوی شەڕی پەكەكە
ئەو ناوچەیە لەرووی سەربازیەوە بە تەواوی ئابڵووقە دەدات. هاوكات موسلیش بەسنوورەكانی
توركیا دەبەستێتەوە!
ئەو داگیركردنەی توركیا تەمی خەمێكی قووڵی خستۆتە
سەر رووخساری نەك بەتەنیا خەڵكی ناوچەكە، بەڵكو ئەو پێشمەرگانەی لەو ناوچەیەش كۆكراونەتەوە،
دڵگران وخەمبارن، ناوچەكە لە دۆخێكی تازیەباریدا دەژیت، هێزەكانی زێرەڤانی ولەشكری
رۆژ لەنزیك سەنتەری شارۆچكەكان دا جێگیركراون وتوركیا رێگەیان نادات لە ناوچەی شەڕ
نزیك ببنەوە، ئەمەش بەشێوەیەك لەشێوەكان واتای ئەوەیە دۆخی ئەو هێزانەش لەمەترسیدایە،
هەرچەندە ئەگەر ڕیككەوتنیش هەبێت، لەكاتی سەركەوتندا لایەنی بەهێز مەرجەكانی خۆی دەسەپێنێت،
بۆیە ئەگەری هەیە پەیوەندیەكانی توركیاو ئەو
هێزانە دوای ئەو قۆناغە گۆڕانكاریەكی ریشەییان بەسەر دابێت.
شایەنی ئاماژە پێكردنە سوپای توركیا ناوی لەو هێرشە
دوژمنكاریە ناوە چنگی قفل، دیارە مەبەستی لەوە ئەوەیە ئەمجارەیان ئامانجەكانی خۆی
بەتەوای لەباشووری كوردستان بەدەست بهێنێت، لەبەرئەوەی ئەو ناوانەی توركیا لەهێرشەكانی
دەنێت، رەنگدانەوەی ستراتیژی سەربازی توركیایە، بۆنمونە لەساڵی (2019) كاتێك هێرشی
گرێسپی وسەرێكانی كرد لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد، ناوی لە هێرشەكەی نا سەرچاوەی
ئاشتی، لەبەرئەوەی لەرووی ستراتیژیەوە ناوچەكە بایەخێكی گەورەی بۆ پڕۆژەی توركیا لەدروستكردنی
ناوچەی ئارام هەبوو، وەك رایانگەیاند ئامانجەكانی خۆیان هێنایە دی وهەڕەشەی كوردیان
لە رۆژئاوای كوردستان بەتەواوی بنەبڕ كرد، دیارە لەباشووریش هەمان ئامانجیان هەیە،
بۆیە لەو هێرشەدا ئامانجی گەورەیان هەیەو دەیانەوێت لەژێر ناوی شەڕی پەكەكەدا مەسەلەی
كورد لەباشووری كوردستان بەتەواوی قوفڵ بدەن.
ئەو هێرشانەی توركیا لەژێر چاودێری وسەرپەرشتی
هاوپەیمانی ناتۆو وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بەڕێوەدەچێت، دیارە بێدەنگی روسیاش
ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە ئەویش رەزامەندی لەسەر ئەو ستراتیژە نواندووە، چونكە
ناكرێت بێ ئاگاداری روسیا ئەو گۆڕانە ریشەییانە لەناوچەكەدا رووبدات، ئەمەش بەشێوەیەك
لەشێوەكان ئەوە دەگەیەنێت نەخشەی سیاسی ناوچەكە لەبەرژەوەندی توركیا دادەڕێژنەوە
ولەسەر حیسابی مەسەلەی كورد سازش لەگەڵ توركیا دەكەن.
كەواتە
ئەم هێرشانەی توركیا بەشێكە لە پڕۆسەی سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی كوردستان، كە زۆر لەدابەشكردنەكەی
دوای جەنگی یەكەمی جیهانی مەترسیدارترە، لەبەرئەوەی ئەمجارەیان جگە لەوەی خاكی
كوردستان لە خاچ دەدەنەوە ناوچەكە لەسەر بنەمای دیمۆگرافیش دادەڕێژنەوە، دیارە دۆخی
هەرێمی كوردستان لەئێستادا زۆر جیاوازە لەقۆناغی بەر لەهاتنی داعش وهێنانی شەپۆڵی ئاوارەكان بۆ هەرێم، كە بەشێك بووە لەو پڕۆسەیە.
دەبێت میدیاكانی كوردی واز لەیەكێتی وپارتی ومەسەلەی مریشك وهێلكەكە بێێن، راستەوخۆ
رای گشتی لەو مەترسیانە ئاگادار بكەنەوە، لەبەرئەوەی ئەو دوو حیزبە لە ئێستادا ئیرادەی
سیاسی وسەربازی خۆیان بە تەواوی لەدەست داوەو تەنیا وەكو دێوجامەیەك بۆ خەریك كردنی
رای گشتی كوردستان ووەك قەڵغانێك بۆ ئاڕاستەكردنی تووڕەیی خەڵك بەكاردەهێنرێن، ئەگینا
ئێستا پڕۆسەكە داگیركاریەكە راستەوخۆ لەلایەن توركیاوە بەڕێوە دەچێت وپێویستە خەڵكی
كوردستان ئاگاداری ئەو راستیانە بن.