عیراق

01:26 - 18/03/2022

کۆمیسیۆن داوا دەکات لەبری کورسی بەپێوەری دەنگ بودجە بدرێت بە حیزبەکان‌

پەیسەر

پێشنیازێک بۆ هەموارى یاسای پارتە سیاسییەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە دراوەتە ئەنجوومەنى وەزیران، بۆ ئەوەى لەبرى پێوەرى ژمارەى کورسی، پشت بە دەنگى پارتەکان لە هەڵبژاردنەکاندا ببەسترێت، بۆ دیاریکردنى بڕی ئەو بودجەیەى مانگانە وەریدەگرن.

هایمان تەحسین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند؛ پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای پارتە سیاسییەکانى عێراقیان داتەوە ئەنجوومەنى وەزیران بۆ ئەوەى شێوازى خەرجکردنى بودجەى حزبەکان لەسەر بنەماى کورسیی پەرلەمانەوە، بۆ ژمارەی دەنگى بەدەستهاتووی راستەقینەى پارتەکان بگۆڕدرێت.

بەپێی یاسای ژمارە 36ی یاسای پارتە سیاسییەکان، کە ساڵى 2015 لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسندکرا، بودجەى پارتەکان وەک هاوکاریى ناوی هێندراوە، ئەو بڕەى ساڵانە لە یاساى بودجەى گشتى بۆیان دیاریدەکرێت 20٪ی بە یەکسانى دەدرێتە پارتە تۆمارکراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان و 80٪یشی دەدرێتە ئەو پارتانەى کورسییان لە پەرلەمان هەیە.

هەیمان تەحسین وتیشی : "بەگوێرەى ئەو هەموارە، بودجەى پارتە سیاسییە بچووکەکان زیاتر دەبێت و بودجەى پارتە گەورەکان کەمتر دەبێتەوە، چونکە پشت بە ژمارەى دەنگى راستەقینە دەبەستێت، نەک کورسیی پەرلەمان".

تائێستا ٢٦٧ پارتی سیاسی لە فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ناوى خۆیان تۆمار کردووە.