02:56 - 22/01/2022
حهفتاو شهش ساڵ، لەمەوبەر کۆمارى کوردستان دامەزرا
حهفتاو شهش ساڵ، لەمەوبەر و له رۆژی 22ی 1ی 1946دا، لەسەر بنەمای كۆمەڵەی ژێكاف و لەلایەن حیزبی دیموكراتی كوردستان، بەڕێبەریی (پێشەوا قازی محەمەد) لە شاری مەهابادی رۆژههڵاتی كوردستان، کۆمارى کوردستان دامەزرا.
كۆمارهكه ناوی (کۆمارى گەلى دیموکراتى مەهاباد) بوو، قازی محەمەد وەك سەرۆككۆمارى کوردستان سوێندی یاسایی خوارد، شارى مەهاباد بوو بەپایتەختى ئەو کۆمارە، ڕوبەرى ئەو کۆمارە 30%ى روبەرى ناوچە کوردییەکانى ڕۆژهەلاتى کوردستانى گرتبوویەوە.
راگەیاندنى کۆمارى مەهاباد دواى چەند ڕۆژێک لەو شکاتە هات کە ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبووى لە یەکێتى سۆڤییەت بەوەى کە لایەنى دووەم دەست وەردەداتە کاروبارى ناوخۆى ئێرانەوە وهەروەها پابەند نابێت بە بەندەکانى ڕێککەوتننامە و پەیماننامەى واژۆکراوى نێوانیان لە ساڵى 1942.
چۆن کۆمارى کوردستان دامەزرا؟
بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیەى کە لە نیوان یەکێتیی سۆڤییەت و ئێراندا لە ساڵى 1942 واژۆکرابوو، دەبوایە یەکێتیى سۆڤییەت دواى کۆتایی هاتنى جەنگى جیهانى دووەم دەست بەجێ، خاکى ئێرانیان چۆڵ بکردایە، بەڵام سۆڤییەت لەدواى ئەوەى کە جەنگى سارد لەنیوان هەردوو بلۆکى ڕۆژهەڵات بە سەرۆکایەتى یەکێتیی سۆڤییەت وڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەڵگیرسا، ئامادە نەبوو کە خاکى ئێران چۆڵ بکات، هەر لەو کاتەدا یارمەتى سەرهەڵدانى دوو کۆمارى دا کە یەکێکیان کۆمارى ئازەربایجان و ئەوى دیکەیان کۆمارى مەهاباد بوو لە ناوچە کوردییەکان.
لە ئەیلوولی 1945، قازی محەمەد و سەركردە كوردەكانی تر سەردانی تەورێزیان كرد بۆ ئەوەی چاویان بە كۆنسووڵی سۆڤییەت بكەوێت بۆ پشتگیریكردنی كۆماری كوردستان، لەوێشەوە رەوانەی باكۆ، ئازەربایجانی سۆڤییەت، كران. لەوێ، ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموكراتی ئازەربایجان لە ھەوڵی ئەوەدایە كە دەست بەسەر ئازەربایجانی ئێراندا بگرێت.
لە 10ی كانوونی یەكەمدا، پارتی دیموكراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵاتدا گرت، كە پێشتر بەدەست سوپای ئێرانەوە بوو. قازی محەمەد بڕیاری دا هاوشێوهی ئەو كارە دووبارە بكاتەوە، لە 15ی كانوونی یەكەمدا، كۆماری كوردستانی دامەزرێنرا لە 22ی كانوونی دووەمی 1946، قازی محەمەد دامەزراندنی كۆماری كوردستانی راگەیاند.
کۆمارى کوردستان کە پێشەوا قازى محەمەد سەرۆکى بوو ئەنجومەنى وەزیرانى دروستکرد:
سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتە حاجی بابە شێخ بوو و وەزیرەكانیش بریتی بوون لە..
وەزیری كیشوەر: محەمەد ئەمین موعینی
وەزیری ئابووری: ئەحمەد ئیلاھی
وەزیری پۆست و تەلەگراف: كەریم ئەحمەدیان
وەزیری فەرھەنگ: مەناف كەریمی
وەزیری (تەبلیغات): سەدیق حەیدەری
وەزیری كار: خەلیل خوسرەوی
وەزیری بازرگانی (تیجارەت): حاجی مستەفا داوودی
وەزیری وەرزێڕی (كشتوكاڵ): مەحموود وەلی زادە
وەزیری ڕێگەوبان: ئیسماعیل ئیلخانی زادە
وەزیری تەندروستی (بیھداری): سەیید محەمەد ئەیووبیان
وەزیری (موشاویر): عەبدولڕەحمان ئیلخانی زادە
وەزیری داد: مەلا حوسێن مەجدی
بۆیەکەم جار ئاڵاى کوردستان هەڵکرا
دواى دوو ڕۆژ لە دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە 17ى کانونى یەکەم بۆ یەکەمجار لەلایەن پێشەوا قازى محەمەد، سەرۆککۆمارى کوردستانەوە لە مەیدانى چوارچرا بۆ یەکەمجار ئاڵاى کوردستان هەڵکرا.
بە بڕیارێکى تایبەت لە ساڵى 1999 پەرلەمانى کوردستان ئەم رۆژەى وەک رۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکرد و هەمو ساڵێک لە 17ى کانونى یەکەم بۆ بەرز راگرتنى ئەم رۆژە چەندین چالاکى جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.
ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا، پێكھێنانی سوپای میللی و ناوی پێشمەرگە بۆ یەكەم جار لە مێژووی كوردستاندا لەوێ تۆمارکرا، هەروەها چاپخانە و دەمەزراندنى رادیۆ و خوێندن و نوسین بە زمانى کوردیى، لەو کارانەبوون لە کۆمارى کوردستان لەوماوەکەمەى تەمەنیدا ئەنجامیدا.
هەرەس هێنانى کۆمارى مەهاباد
رژێمى ئەوکاتەى ئێران بۆ ڕووخاندنى کۆمارى کوردستان هەموو سازشێکى بۆ یەکێتى سۆڤیەتکرد، تەنها لەبەرئەوەى واز لە پشتیوانى کۆمارى کوردستان بێنێت و کۆمارەکە بڕوخێنرێت، لە ڕووبەڕوو بونەوە سیاسییەکەیدا لەگەل مۆسکۆ، ئێران توانى پشتگیرى هەریەک لە ئەمریکاو بەریتانیا بەدەست بهێنیت، بەڵام لە ناکاو گرێ کوێرەى ئەو ململانێیە کرانەوەیەکى بەخۆیەوە بینى، چونکە یەکێتیی سۆڤییەت بڕیاریدا کە تەواوى هێزە سەربازییەکانى لە خاکى ئێران لەماوەى شەش هەفتەدا بکێشێتەوە ئەوەش پاش ئەوەى کە توانى چەندین ئیمتیازاتى نەوتى بەدەست بهێنیت، ئەو ئیمتیازاتانەى کە هەرگیز ڕۆشناییان بەخۆیانەوە نەبینى چونکە ئەنجومەنى نوینەرانى ئیرانى ڕەدی دەکردنەوە.
دواى کشانەوەى یەکێتیی سۆڤییەت، ئێران بوو بەناوچەیەک کەهەژمونى بەریتانیا وئەمریکا تیایدا بەهێزتر دەبوو، هەروەها پاکتاوکردنى هەرەیەک لە کۆمارەکانى ئازەربایجان و مەهاباد یەکێک بوو لە ئەنجامەکانى ئەو گۆڕانکارییانە، پاش ئەوەى کە قەوامول سەلتەنە دڵنیابوو لە هەڵوێستى هەریەک لە بەریتانیا وئەمەریکا کە پشتگیرى ئێران دەکەن، هەروەها پاش ئەوەى کە دڵنیا بوویەوە لەوەى کە یەکێتیی سۆڤییەت هێزەکانى دەکشێنیتەوە، لەسەرەتاکانى کانونى یەکەمى ساڵى 1946 هێرشی کردە سەر ئازەربایجان ودواتر بەچەند ڕۆژێک هێرشی بۆ کۆمارى مەهاباد برد وبەوەش ئەو کۆمارە ساوایە هەرسی هێنا.
لە سێدارەدانى پێشەوا
دواى رووخاندنى کۆمارە 11 مانگییەکەى کوردستان، لە 26ی کانونی دووەمی ساڵی 1947، لیژنەیکی تایبەت کە لە تارانەوە دەڕۆنە شارى مەهاباد، لیژنەکە دادگاییەک ڕێکدەخەن و قازی محەمەد، سەدر قازی، سەیف قازی، دادگایی دەکرێن.
دادگا بە تۆمەتى گۆڕین و شێواندنی نەخشەی وڵاتی ئێران، راگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان، بازرگانییکردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی، ھێنانی هێزی بێگانە، دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە نیشانی چەکوچ و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت، بڕیارى لە سێدارەدانى بۆ قازى محەمەد و هاوڕێکانى دەرکرد.
قازى محەمەد سهرۆک کۆمارى کوردستان لە ڕۆژى 30ى ئازارى1947 لهگهڵ له حهمهحسێن خانى سهیف قازی و ئهبولقاسم سهدرى قازى براى پێشهوا له مەیدانى چوارچراى شارى مههاباد له سێداره دران.
چوار ئەفسەرە ئازادى خوازەکە
چوار ئەفسەرە کوردەکە لە باشوورى کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد، گەیشتنە رۆژهەڵاتى کوردستان و دواى رووخانى کۆمار، گەڕانەوە باشوورى کوردستان و لەلایەن دادگايهكى سەربازيى عێراقەوە سزاى لهسێدارەدانيان بۆ دهرچوو.
رژێمی پاشايهتى عێراق له بهرهبهيانى رۆژى 19ی حوزهیرانی ساڵی 1947 به فهرمانی (ساڵح جهبر)ی سهرۆك وهزیرانى ئهوكاتى عێراق له بهندیخانهی مهركهزيی بهغدا سزای له سێدارهدانى بهسهر (عزهت عهبدولعهزیز، مستهفا خۆشناو، خهیروڵڵا عهبدولكهریم و محهمهد قودسی) جێبهجێ كرد بههۆی بهشداریكردن و رۆڵیان له كۆماری کوردستان لە مههاباد.
ئەو چوار ئەفسەرە کوردەى سوپاى عێراق، چوار کەسایەتى نیشتمانپەروەر و نەتەوەخواز بوون، ئەوان هەر له سهرهتاى سهرههڵدانى بزووتنەوەى دەڤەرى بارزان پهيوەندییان بەو بزووتنەوەیە کرد، کاتێکیش کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، ئەوان بۆ بەشداریکردن لە کۆمار خۆیان گەیاندە رۆژهەڵاتى کوردستان و بەهۆى چالاکى و لێهاتووییانەوە پلەى فەرماندەیان لە کۆماردا پێ بهخشرا.