09:33 - 15/01/2019
گومان دەكرێت هەرێم داهاتی نەوت رادەستی عێراق نەكات
گومان دەكرێت هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت رادەستی عێراق نەكات، بەوەش بەغدا پشكی هەولێر بۆ ساڵی 2019 لەبودجەی گشتی نانێرێت.
ماوەیەكە هەولێرو بەغدا لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لەسەر داهاتی نەوتی هەرێمو پشكی لەبودجەی گشتی عێراق لەنێوان هەردوولا هەیە چارەسەربكرێن، بەڵام تائێستا لەو بارەوە نەگەیشتوون بەهیچ رێككەوتنێك.
لەو چوارچێوەیەشدا، بڕیارە شاندێكی حكومەتی عێراق بۆ زانیاری وەرگرتن لەسەر داهاتی هەرێمو بڕی وەبەرهێنانی وڵاتان لەهەرێمی كوردستان بەتایبەت لەبواری وزەدا بێتە هەولێرو گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان ببیننو وێنەیەكیش لەو گرێبەستانە لەگەڵ خۆیان ببنەوە، هەروەها وردبینی بۆ تەواوی داهات و خەرجی حكومەتی هەرێم دەكەن.
بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، یەكێتی نیشتمانیو پارتی دیموكراتی كوردستان، كە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانیان بەدەستەوەیە، ترسیان لەئاشكرابوونی گرێبەستەكان هەیە، بۆیە پێدەچێت ئاستەنگی بۆ دروست بكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لەناو هەردوو حیزب خواستێكی زۆر هەیە، بەتایبەتی پارتی، بۆ ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم رادەستی عێراق نەكرێتو وەك سێ ساڵی رابردوو هەولێر خۆی بەسەربەخۆیی نەوت هەناردە بكات.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەو بارەوە بۆ پەیسەرپرێس پشتراستیكردەوە، كە هیچ خواستێك لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەرنەبڕاوە، بۆ ئەوەی داهاتی نەوتی رادەستی حكومەتی عێراق بكەن.
عەلی حەمە ساڵح گوتیشی: نەناردنی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا، راستەوخۆ مەترسی لەسەر پشكی هەولێر لەبودجەی گشتی عێراق دروست دەكات، وەك چۆن لەساڵانی رابردوو بینیمان، ئەوەش مانای بەردەوامی ئەو قەیرانەیە چەند ساڵێكە رووی لەهەرێم كردووە.
پەرلەمانی عێراق ئێستا سەرقاڵی تاوتوێكردنی ئەو پرۆژە یاسایەیە، كە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 ئامادەیكردووە، كە لەپرۆژەكە پشكی هەرێم بە 12.67% دیاریكراوە، ئەوەش لەبەرانبەر رادەستكردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل لەلایەن هەولێرەوە بە بەغدا.
بەقسەی ئەندامانی كورد لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەمیانی گفتوگۆكانی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق، لەماددەی 10 لە بڕگەی "ج"، خاڵێكیان جێگەكردووەتەوە، كە تێدا باس لەوە كراوە، نابێت ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببەسرێتەوە بە رادەستكردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی نەوت.
لەو بارەوە ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پەیسەرپرێس وتی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە، پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق لەململانێ سیاسییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەرینە دەرەوە، بۆ ئەوەش هەموو هەوڵێك دەدەین.
ئەحمەدی حاجی رەشید گوتیشی: ئەگەر ئەوە بكەین، ئەوە كارێكی باش دەبێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانو چیتر ئەو قەیرانو كێشانەی بۆ فەرمانبەران هەبووە لەچەند ساڵی داهاتوو چارەسەر دەبێتو موچە دواناكەوێت، یان بەنیوەیی نادرێت.
حكومەتی هەرێم لەساڵی 2015وە موچەی فەرمانبەران بەتەواوی نادات، ئەوەش بەهۆی ئەو قەیرانەی لەو ساڵەوە رووی لەهەرێم كردووە، دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاریدا پشكی هەولێر بەهۆی رادەستنەكردنی داهاتەكان بە بەغدا نەنێریت.
لەبارەی ئەو بڕگەیەی بۆ بودجەی ساڵی 2019 دانراوەو دڵخۆشی پەرلەمانتارانی كورد بەو خاڵە، عەلی حەمەساڵح گوتی: ئەوە مەحاڵە حكومەتی عێراق رازی بێت، پشكی هەرێمو فەرمانبەرانو پێشمەرگە بنێرێت، لەكاتێكدا هەولێر ئامادەنەبێت داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكات.
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، كە لەخولی رابردوو جێگری سەرۆكی لیژنەی داراییو هەروەها ئەندامی لیژنەی وزە بوو، ئاماژەی بەوەش كرد، كە پەرلەمانتارانی عێراقی چۆن قبووڵی دەكەن، بەفرۆشتنی نەوتی بەسرە، پشكی هەرێم بنێرن، لەكاتێكدا شارەكە خۆی چەندین كێشەی دارایی هەیەو خۆپیشاندانی لێئەنجامدەدرێت.
پەیسەر بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی حكومەتی هەرێم لەبارەی رادەستكردنی داهاتی نەوت بە عێراق، پەیوەندی بەسەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم كردو لەمیانی لێدوانێكی وتی: ئەو پرسە دەمێنێتەوە سەر گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا، كە ئێستا بەردەوامە، بەڵام بەئەنجام نەگەیشتووە.
سەفین دزەیی گوتیشی: هەرێمی كوردستان هەمیشە لەگەڵ رێككەوتنو چارەسەری كێشە داراییەكانە، بۆ ئەو مەبەستەشە هەولێر بە بەردەوامی لەگفتوگۆدایە لەگەڵ بەغداو جەخت لەچارەسەری ئەو كێشانە دەكاتەوە.