دۆسێ

05:11 - 30/11/2021

ئەو كوردانەی لەسەردەمی پاشایەتیدا نوێنەری كەركوك بوون لەپەرلەمان‌

ئومێد نه‌جم

لەماوەی حوكمڕانی ئینگلیز لەعیراق چەند كەسایەتی كورد لەكەركوكدا د بوونەتە ئەندامی مەجلیسی نواب (پەرلەمانی عێراق) سەبارەت بەدۆزە گرنگەكانی عێراق چ سیاسی و چ ئابوری و چ فەرهەنگی نوێنەرانی كوردی كەركوك نەخشی بەرچاویان هەبووە و زۆرینەشیان بە جلو بەرگی كوردانەوە و مشكی و جامانەوە بەشداری دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردووە.

ئەوەی سەرنجڕاكێشە لە كۆتایی چلەكاندا بۆ یەكەم جار عەرەب  نوێنەریان ناردۆتە ئەنجومەنی نوێنەران، لەپێش ئەو مێژووە كەمینەیەكی بچوك شارەكە بوونە و ڕۆڵێكی لاوازیان هەبوە لەپاشان  سیاسەتی تەعریب ئەوانی پەلكێشكرد بۆ كەركوك و ململانێ لەگەڵ كورددا لەسەر ناسنامەی ئەو شارە.

چەند زانیارییەك لەبارەی نوێنەرانی كەركوكەوە:

*لەڕووی پێكهاتەی كۆمەڵایەتییەوە زۆربەی نوێنەرەكانی كەركوك سەر بە بنەماڵەی خاوەن موڵكەكانن، كە خاوەن زەویوزارێكی زۆر و فراوان و پان بوون و پێگەیەكی دیارو ڕۆڵێكی بەرچاویان لە ژیانی كۆمەڵایەتی گشتی ئەو ناوچانەدا هەیە. بۆیە دەبینین بەشێكی زۆر لەو نوێنەرانە سەرۆك هۆزەكانن. 

هەر لە تاڵەبانییەكان چەند جارێك ئەندامی پەرلەمانی سەردەمی پادشاهێتی هەبووە وەك شێخ حبیب تاڵەبانی و شێخ وەهاب تاڵەبانی و شێخ فایەق و شێخ قادری سیامەنصور و شێخ فازڵ تاڵەبانی.

هەروەها سەرۆك هۆزی جاف، داودە، كاكەیی، بەیات،  سەرانی بنەماڵەی خانەقا، بنەماڵەی سەجادە، بنەماڵەی قیردار، نەوتچی.

*سەرۆك عەشیرەت و هۆزەكان ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە لاوازكردنی ژیانی پەرلەمانی، چونكە كاراییان نەبووە وەك نوێنەری ئەنجومەنێك كە ئەركی سەرەكی چاودێری سیاسەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. *ئەمە جگە لەوەی چەندین جار هەڵبژاردنی سەرۆك عەشایرەكان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بە پاڵپشتی دەنگدەرەكانی هۆزەكانیان  دووبارە دەكرایەوە و نموونەی ئەمە نوێنەری كەركوك ئەمین رەشید هەمەوەندی یە ك لە پێنج دەوری هەڵبژاردندا بەشداری كردووە و بووە نوێنەر.

*ئەوەی سەرنج ڕاكێشە، لە پارێزگای كەركوكدا لێشاوی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەڕێوەنەچوو ئەوەی تێبینی دەكرا كاندید و پاڵاوتووەكان لەلایەن كەسوكارو  خززمان و عەشیرەتەكانیانەوە پاڵپشت دەكران، بۆیە پێویستیەك نەدەبینرا بۆ لێشاوی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.

*ئەوەی سەرنج ڕاكێشە كە ڕۆژنامەكان باسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنییان لە پارێزگای كەركوكدا، لەماوەی ژیانی پەرلەمانیدا نەكرد، بەڵكو تەنها ناوی هەڵبژێردراو و نوێنەرە براوەكانی بڵاودەكردەوە.

*هەر لەسەری هەڵبژاردندا فرتوفێڵ لە هەڵبژاردندا دەكرا بەڕێگای تەزویر و كاری نایاساییەوە، شاری كەركوك خۆپیشاندانێكی بەخۆوە بینی كە ناڕەزا و لارییان سەبارەت بە دەستتێوەردانی دەسەڵات لە هەڵبژاردندا هەبوو.

*وادیارە كە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك هەمیشە بەپێی خواست و ویستی حكومەت چووتە ڕێوە و دەسەڵاتی تەواوی لەو بەڕێوەچوونەدا هەبووە.

*یەك حەاڵەتی دەست لەكاركێشانەوە ڕوویدا، ئەویش نوێنەر حەبیب عەلی تاڵەبانی لەنوێنەرایەتی لە دەورەی هەڵبژاردنی چوارەمیدا (1933-1934) دەستی لەكاركێشایەوە.

* یەك حاڵەتی مردنی نوێنەرێكی كەركوك هەبو ئەویش محەمەد عەلی قیردار بوو، لەدەورەی پێنجەمدا 1934، بەهۆی كۆچی دواییەوە ئەنجومەنی نوێنەان ماتەمینی بۆ ڕاگەیاند و پێنج خولەك بەپێوەوەستان بۆی.

كەی بۆ یەكەم جار عەرەبێك بوە نوێنەری‌ كەركوك؟

لە كەركوكدا نوێنەری‌ ناوچەی‌ پارێزگای‌ كەركوك لە مەجلیسی‌ نیابەی‌ عیراقیدا زۆربەیان كورد بوون، پاشان توركمان و تاكوتەراش عەرەب هەبوون، ئەویش لە كۆتایی چلەكاندا بۆ یەكەم جار یەكێك لە سەرۆكی‌ خێڵی‌ ئەلعوبێد بوو بە نوێنەری‌ پارێزگاری‌ كەركوك لە ئەنجومەنی‌ نوێنرایەتی‌ عیراق، پێش پەنجاو هەشت زۆربەی‌ زۆری‌ نوێنەرانی‌ پارێزگاری‌ كەركوك بە تایبەتی‌ لە خێڵەكانی‌ جاف، كاكەیی، داودە، تاڵەبانی‌ و هەمەوەند لە ناوچەی‌ چەمچەماڵ بە بەردەوامی‌ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراقی‌ بوون.

نوێنەرەكانی‌ كەركوك بەشی‌ زۆریان كورد بوون

 لەناو شاری‌ كەركوكیشدا چەند كەسایەتییەكی‌ وەكو شێخ فازڵ تاڵەبانی‌ و شێخ فایەق تاڵەبانی‌ و شێخ قادری‌ سیامەندسوور، داود بەگی جاف، شێخ حوسێنی‌ خانەقا و كاكە حەمەی‌ خانەقا و چەند كەسێكی‌ تر ئەندامی‌ ئەو ئەنجومەنەبوون، ئەوە ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات كە هەمیشە نوێنەری‌ پارێزگاری‌ كەركوك لە سەر ئاستی‌ دەرەوەی‌ شاری‌ كەركوك و هەتا لە ئاستی‌ شاری‌ كەركوكیشدا بەشی‌ زۆریان كورد بوون.

مێژووی خولەكانی ئەنجومەن بەڵگەیە بۆ زۆرینەی ڕێژەی كورد لەكەركوكدا

خولی یەكەم (تەمووزی 1925- كانونی دووەمی 1928): ئەم خولەی ئەنجوومەن ئەندامەكانی پێك هاتبو لە (88) ئەندام، كەركوك چوار ئەندام (سێیان كورد و یەك توركمان).
خولی دووەم (مارتی 1928- تەموزی 1930): كەركوك چوار ئەندام (دوو كورد و دوو توركمان).
خولی سێیەم (تشرینی دووەمی 1930- تشرینی دووەمی 1932): كەركوك چوار ئەندام (دوو كورد و دوو توركمان).
خولی چوارەم (مارتی 1933- ئەیلولی 1934): كەركوك چوار ئەندام (سێیان كورد و یەك توركمان).
خولی پێنجەم (كانوونی یەكەمی 1934- مارتی 1935): كەركوك پێنج ئەندام (سێیان كورد و یەك توركمان و یەك عەرەب).
خولی شەشەم (ئابی 1935- تشرینی یەكەمی 1936): كەركوك شەش ئەندام (پێنجیان كورد و یەك عەرەب).
خولی حەوتەم (شوباتی 1937-ئابی 1937): كەركوك شەش ئەندام (سێ كورد و دوو توركمان و یەك عەرەب).
خولی هەشتەم (كانوونی یەكەمی 1937-شوباتی 1939): كەركوك شەش ئەندام (سێ كورد و دوو توركمان و یەك عەرەب).
خولی نۆیەم (حوزەیرانی 1939- حوزەیرانی 1943): كەركوك شەش ئەندام (پێنج كورد و یەك توركمان).
خولی دەیەم (تشرینی دووەمی 1943- مایسی 1946): كەركوك شەش ئەندام (پێنج كورد و یەك توركمان).
خولی یازدەهەم (مارتی 1947-شوباتی 1948): كەركوك هەشت ئەندام (شەش كورد و دوو توركمان).
خولی دوازدەهەم (حوزەیرانی 1948 حوزەیرانی 1952): كەركوك هەشت ئەندام (پێنجیان كورد و دوو توركمان).
خولی سیانزەهەم (كانونی دووەمی 1953- نیسانی 1953): كەركوك هەشت ئەندام (چوار كورد و چوار توركمان).
خولی چواردەهەم (تەمموزی 1954- ئابی 1954): كەركوك هەشت ئەندام (چوار كورد و چوار توركمان).
خولی پازەدەهەم (مارتی 1954- مارتی 1958): كەركوك نۆ ئەندام (چوار كورد و چوار توركمان و یەك كلدان).
خولی شانزەهەم (مایسی 1958- حوزەیرانی 1958): كەركوك نۆ ئەندام (چوار كورد و چوار توركمان و یەك كلدان).

ڕۆڵی نوێنەرانی كورد لە مەجلیسی نوابدا

لە 8ی تشرینی دووەمی 1924دا یەكەمین ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا. لە خولی یەكەمدا لەشاری كەركوك چوار نوێنەر كە بریتی بوون لە شێخ حەبیب عەلی تاڵەبانی و سەعید حاجی حوسێن و رەفیق (خادمو سەجادە) و نەشئەت ئیبراهیم هەڵبژێردران و بوونە نوێنەری كەركوك لە پەرلەمانی ئەوكاتە.

سەبارەت بەدۆزە گرنگەكانی عێراق چ سیاسی و چ ئابوری و چ فەرهەنگی نوێنەرانی كوردی كەركوك نەخشی بەرچاویان هەبووە، لەم بارەوە ئاماژە بە ڕۆڵی هەردوو نوێنەری كەركوك داودبەگی جاف و مەحمود بابان خستیانە روو لە بەرگری لە بارزانییەكان دوای شكستی بارزان لە چلەكاندا و بوێرانە داخوازی لێبوردنی گشتییان بۆ بارزانییەكان كردبوو، جەختیان لەسەر ئەوە كردبووە پێویستە بیانگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان.

نوێنەرانی كەركوك مەجلیسی نوابدا لەماوەی ساڵانی (1925-1958) لەماوەی لەسەر گرفتەكانی كشتوكاڵەوە و پێشنیار بۆ قەڵاچۆكردنی كوللە و مێرووی زیانبەخش لە كێڵگە كشتوكاڵیەكان و پێدانی گەنم بە جوتیاران، پاراستنی پیشەسازی نیشتیمانی ، خستنەڕووی هەژاری و بێكاری و داوای خستنەگەڕی كارگەی نوێ بۆ ڕەخساندنی هەلی كار، قسەیان كردوە و پێشنیاز و ڕەخنەو  تێبینی یان هەبوە و داوای بەدواداچوونی كێشەكانیان كردووە. 

" لە وڵاتێكدا دەژین كە لۆكەی هەیە بەڵام قوماشی لۆكەیی لە بەریتانیاوە دەهێنێت"

یەكێ لەو نوێنەرانەی كەركوك لەبارەی پیشەسازی نیشتیمانییەوە قسەی كرد و پرسی لۆكەی لە عێراقدا ورووژاند، دەڵێ: "بەزیانی دەزانم  وجێی داخە لە وڵاتێكدا دەژین كە لۆكەی هەیە بەڵام قوماشی لۆكەیی لە بەڕیتانیاوە دەهێنێت. ئێمە ئەگەر بمانەوێت لە لۆكەكەمان سود ببینین پێویستە كارگەیەك- كۆمپانیەك بۆ گەشەسەندنی لۆكە دابمەزرێنین".

هەڵوێستی كوردانەیان لەسەر كەركوك:

بە نوێنەری بریتانیا و سەرۆكوەزیرانی عێراقیان وت ئێرەش كوردستانە
هەروا سەبارەت بە هەڵوێستی نوێنەرانی كوردی كەركوك لە ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق ئەم ڕووداوە باشترین بەڵگەیە بۆ بەرگری ئەم نوێنەرانە لە مافی نەتەوایەتی كورد. رۆِژی 8/8/1930 وەكیلی مەندوبی سامی بەڕیتانیا (مێجەر یانگ) و جەعفەر عەسكەری وەك نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عێراق، گەیشتنە كەركوك.

كەسایەتییە ناودارەكانی كەركوك و سەرۆك هۆزەكانی دەڤەرەكانی دەوروبەری لە قشڵەی كەركوك كۆكرانەوە. سەرەتا وەكیلی سەرۆك وەزیران بەیاننامەی كۆمەڵەی گەلان "عصبە الامم"ی لەسەر كێشەی كورد خوێندەوە و رایگەیاند كە دەوڵەتی عێراق ئامادەیە هەموو ئەو بڕیارانە جێبەجێ بكات.

پاشان نوێنەری مەندوبی سامی بەریتانیا هەستا و ئەمیش وتاری خۆی خوێندەوە و پاڵپشتی قسەكانی بریكاری سەرۆك وەزیرانی كردەوە و گوتی: "بەمەرجێ كوردەكان یارمەتی یەكێتی خاكی عێراق بدەن و داوای جیابوونەوە نەكەن".

عەبدوڵڵا یەعقوبی و مستەفا یەعقوبی، كە خۆیان بە توركمان دەنواند"هەرچەندە ئەم دوانە كوردن و سەر بەهۆزی زەنگنەن". وتیان "ئەم لیوایە پێك هاتووە لە توركمان و عەرەب، ئەسڵەن ئێمە عێراقیین و نامانەوێ لەعێراق جیابینەوە" ئەم قسانەش دەبێتە هۆی توڕەبوونی نوێنەرانی كورد، چونكە لە پێش ئەو كۆبوونەوەدا ئەو محمد بەگی جاف یەكتریان بینیوە و لەسەر ئەو قسانەی دەبێت بوترێت رێككەوتوبون.

حەمە بەگی فەتاح بەگی جاف نوێنەری كەركوك هاتە وەڵام گوتی "لیوای كەركوك زۆرینەی كوردن و ئەوی تری توركمان و عەرەبن. هۆزەكانی زەنگەنە و شوان و جەباری و سەرجەم عەشایری لیوای كەركوك منیان بە وەكیلی خۆیان داناوە و داوای جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی كۆمەڵەی گەلان (عصبە الامم) دەكەین سەبارەت بە مافە ڕەواكانی میللەتی كورد لەعێراقدا. ئەمانەوێ بە كوردی بژین و بەكوردی بمرین ئەو حەقی خۆمانە.

دەگێڕنەوە عەبدوڵڵا یەعقوبی بەخیلافی ئادابی دانیشتوان دەڵێ "ئەم زاتە بەناوی كێوە قسە دەكات؟! هۆزی جاف سەر بە سلێمانییە شتێكی كەمی عایدی كەركوكەو حەق وایە بچێتە سلێمانی داوای حەقی جاف بكات".

حەمە بەگ قسەكەی پێ دەبڕێ و دەڵێ " من بەناوی 150هەزار جافەوە قسە دەكەم ئەی ئێوە بەناوی كێوە قسە دەكەن، دووبارەی دەكەمەوە كوردم بەكوردی ئەژیم بەكوردی ئەمرم، ئێرەش كوردستانە، هەموو كوردێك داوای مافی قەومی خۆی دەكات".
ناوی ئەوكوردانەی نوێنەری كەركوك بوون لەپەرلەمان:

داود بەگی جاف:

داود بەگی جاف بە مشكییەوە دەردەكەوێ كە چەندین جار نوێنەری كفری بوو لە ئەنجومەنی نائینانی عێراقی پاشایەتی. ناوبراو لە خول شەشەم، نۆیەم تا شازدەهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی ئەنجومەن. بەڵام لەگەڵ بەرپابونی شۆرششی 14 تەموزی 1958 عێراقی بەجێهێشت و روویكردە ئێران.

شێخ حوسێن خانەقا

لەخولی چواردەهەم و پازدەهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی ئەنجومەن.

ئەحمەد ئاغای كەركوكی: 

لەخولی حەوتەم و هەشتەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی ئەنجومەن.

دارا بەگی داودە

كەسایەتی دیاری كورد، سەرۆك هۆزی داودە، ناوبراو لە ساڵی 1924 بۆتە ئەندامی ئەنجومەی دامەزراندن (مجلس تأسیسی) دواتریش لەخولی شەشەم، نۆیەم، دەیەم و یانزەهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی ئەنجومەن.

شێخ حەبیب تاڵەبانی

سلێمان پاشا

لەخولی سێیەم، چوارەم، شەشەم، دەیەم و یازدەهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی ئەنجومەن.

عەبدولقادر تاڵەبانی

عەبدولقادر كوڕی شێخ وەهابی تاڵەبانی یە، لەبنەماڵەی شێخانی تاڵەبانی كەركوكە، لەبەر نزیكی و دۆستایەتی لەگەڵ   بەكر سدقی  لە خولی حەوتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی ئەنجومەن.

شێخ عەبدولوەهاب تاڵەبانی

عەبدولوەهاب كوڕی شێخ مەجید كوری شێخ عەزیزی تاڵەبانی یە، ناوبراو لە خولی هەشتەم، دەیەم و دوانزەهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی ئەنجومەن.

محمد پاشای جاف
رفیق خادم سوجادە

 
بنەماڵەی (خادم السجادە) لەباوباپیریانەوە پارێزگاری كردنی سوججداەی پێغەمبەری مەزنیان لەئەستۆ بوو، رەفیق ئەفەندی لەبیستەكان ئەندامی مەجلیسی تەئسیسی (ئەنجومەنی بنەرەتی) بوو ، پاش خۆی لەساڵی 1948 (عەلی رەفیق) كوڕی دەوریەك بووە نوێنەری شاری كەركوك لەپەرلەمانی عیراقدا.

فازڵ تاڵەبانی:
ئەمین ڕەشید هەمەوەندی:

 
 لەخولی نۆیەم، یانزەهەم، دوانزدەهەم و سێزدەهەم و پانزەهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی مەجلیسی نواب.

جەمیل بەگی بابان

ساڵی 1938 نوێنەری كەركوك بو لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێشتریش لە دەورانی عوسمانییەكان نمایندەی ویلایەتی موسڵ بوو لە مەجلیسی مەبعوسانی عوسمانی لە ئەستامبوڵ، لەخولی چوارەم، پێنجەم و هەشتەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە نوێنەرایەتی لیوای كەركوك بۆتە ئەندامی  ئەنجومەن تا لە تەمموزی 1946 كۆچی دوایی كردووە.


سەرچاوەكان:

1- دور مجلس نواب كركوك فی عهد الملكی:  وەرگێڕانی حەسەن جاف
2- ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی لە ڕۆژگاری پاشایەتیدا (1925-1958): ئەحمەد حەمەد ئەمین ئۆمەر
3- دور نواب كركوك فی البرلمان العراقی خلال العهد الملكی 1925-1958: برهان عبدالرحمن جاف، مجلە كركوك الیوم، العدد (2)