دۆسێ

10:25 - 15/04/2023

چیرۆكێكی تۆزلێنیشتووی ئه‌نفال‌‌

پەیسەر

  1. ئێوارەبوو، تازە خۆر دەیەویست لەو دیو چیاكانەوە ون ببێ. حەسەن هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوەو كەسوكارەكەی پەشێون بۆ دیارنەبوونی، چونكە ئەوە حەسەن نییە تا ئەو كاتە نەگەڕابێتەوە.


  2. "ئەم بەیانییە حەسەنم بینی بەرەو قەڵاكەی قۆرەتوو دەچوو" ئەمە ئاهێكی هێنایەوە بە دڵی كەسوكارەكەیداو 35 كیلۆمەتر رێگایان ‌بڕی تاگەیشتنە قەڵاكەی قۆرەتوو. لەوێ دەبینن حەسەن بوخچەیەك جلی دڕاوی لە باوەشدایە و بەسەریاندا بە كوڵ دەگری. هەر گریان نا بەڵكو  جار جارەیش دەبوورێتەوە " ئەمە جلوبەرگی مناڵەكانمە كە بۆ جەژن بۆم كڕیبوون. دڵنیام ژن و منداڵەكەم پێش ئەنفالكردنیان هێنراونەتە ئێره" ئیتر لەو رۆژەوە حەسەن تا ماوەیەكی زۆر، قەڵاكەی قۆرەتۆی كردبوو  بە مەسكەنی دووەمی. 
  3.  

  4. قەڵاكەی قۆرەتۆ 35 كلیۆمەتر لە شاری كەلارەوە دوورە. ئەم قەڵایە كاتێك پرۆسەی بەدناوی ئەنفال ئەنجامدرا، زۆربەی گوند‌نشینانی ئەنفالكراوی گەرمیان هێنراون بۆ ئێرە. دواتر ڕەوانەی تۆپزاوا و نوگرەسەلمان كران، پاشان نێردران بۆ بیابانەكانی عێراق و لەوێ بوون بە لم و خۆڵی بیابان. 


  5. ئەم قەڵایە دەكرا بمایەتەوەو وەكو هێمایەكی ستەمی بەعس و مەزڵومی ئەنفالكراوان بكرایەتە مۆزەخانە. كەچی دوای ڕاپەڕین لە لایەن چەند كەسێكی سەربە حزبەكانەوە، ئەو قەڵایە ڕووخێنرا و سەرجەم كەرەستەكانی  تاڵانكران.


  6. تەیمور تاقانەی ئەنفال كە لەناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانەوە گەڕایەوە بۆ كوردستان لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەنفالكردنیان ئاماژە بەوە دەكات، سەرەتا هێنراونەتە قەڵاكەی قۆرەتۆ. بە هەمان شێوە حەمەعەلی عەلیان كە لە شەڕی ناوخۆی یەكێتی و ئیسلامییەكانیدا شەهیدبوو. باس لەوە دەكات لە قەڵاكەی قۆرەتۆ ڕاگیراون دواتر براون بەرەو تۆپزاوا. 


  7. حەسەن عەلی كە بە حەسەن لینین ناسراوە، پێشمەرگەیەكی دێرینە سەبارەت بە ڕووخاندنی قەڵاكەی قۆرەتۆ دەڵێت:"ساڵی 1991 بوو، بە مەبەستی سۆراخكردنی مناڵەكانم بەرەو قەڵاكەی قۆرەتۆ بەڕێكەوتم. دەمگوت بەشكوم هەر شتێكم بۆ ئاشكرابێ. كاتێك چوومە ناو قەڵاكەوە هەستێكی سەیر دایگرتم. لەوێ عەرەبانەی مەكینەیەك فڕێدرابوو كۆمەڵێك كەلوپەلی ئەوانەی هێنرابوونە ئێرە بەجێمابوون. منیش دەستمكرد بە هەڵگێڕانەوەی شتومەكەكان لە پڕ بوخچەیەكم دۆزییەوە. (دەگری) كاتێك كردمەوە، هەمان ئەو جلانە بوو، كە بۆ جەژن بۆ مناڵەكانم كڕیبووم. من ئیتر ئەوان نابینمەوە، چونكە لە دوای ئەوە زانیم ئەوان لەناوبراون".


  8.  
  9. حەسەن ئاهێك هەڵدەكێشێ" خۆزگە هەزار خۆزگە ئەو قەڵایە بمایەتەوە تاوەكو ئێمەش وەكو وڵاتانی دنیا، مۆزەخانەیەك هەبوایە بۆ پیشاندانی هەموو ئەو ئازار و ناخۆشیانەی بەسەر میلەتی كورد دا هاتووە. بەڵام بە ڕووخاندنی ئەو قەڵایە. برینی ئێمە قوڵتربووەوە".

  10. ئەو كەسانەی لە بیریانە كە چۆن ئەو قەڵایە لەلایەن مشەخۆرانەوە تێكدراوە دەیگێڕنەوە، بەهۆی ناكۆكی نێوان بەرپرسەكانەوە، ئەو قەڵایە ڕووخێنراوە. چونكە هەریەكە و دەیویست كەسوكار و پێشمەرگەكانی خۆی، شیش و دەرگا و پەنجەرەی قەڵاكە ببەن تەنانەت زۆرێك لە بەردی قەڵاكەش دەرهێنرا.

  11. دەگێڕنەوە دوای ڕاپەڕین، ئەو شوێنە كرابووە بارەگای (مەجلیس ئەعلا) تۆپ و دۆشكا و چەكی دیكەیان لەسەر قەڵاكە دانابوو. تاوەكو ئەو كاتەی ڕۆژێك گوتیان موجاهیدینی خەڵق بەڕێوەن. ئیتر ئەوان قەڵاكەیان چۆڵكردو زۆربەی شتومەكەكانیان بەجێهێشت. لەوێوە ڕاو ڕووت دەستیپێكرد. 

  12. بینای ئەو قەڵایە چەند مانگێكی پێچووە تا خەڵك بە پیك و كەرەسەی تر روخاندوویانە. یەكێك لەو كەسانەی بەشداری لە روخاندنی قەڵاكەدا كردووە بۆ پەیسەر وتی: " تائەوكاتەش كە تێكمان دەدا، هێشتا زۆر ئاسەواری ئەوانەی  ئەنفالكرابوون مابوونەوە، رۆژانە لە شەشی بەیانیەوە دەردەچووین بۆ ڕووخاندنی بنمیچی قەڵاكە، چونكە شیشێكی زۆری تێدابوو. چەند مانگێك خەریك بووین، تاوەكو سەرجەم شیشەكانی ناو قەڵاكەمان دەركرد. دوای ئەوەی دەرگا و پەنجەرە و شیشی قەڵاكە نەما، ئەوجا خەڵكی هاتن تەنانەت بەردەكانیشان دەبرد بۆ خانوو درووستكردن. حەز ئەكەم ئەوەش بڵێم، ئەگەر سەركردەكانی ئەوكاتە ڕێگریان بكردایە ئێمە بە هیچ جۆرێك نەماندەتوانی توخنی ئەو قەڵایە بكەوین. دواتریش شیشەكەی دەفرۆشرایەوە بە حكومەتی عێراقی." ئەم كەسە پێیخۆش نەبوو ناوی بنووسرێت.


  13. ئەو رێگایە ئێستا مەرزێكی نێودەوڵەتی تێدایە و رۆژانە سەدان و هەزاران گەشتیار و شۆفێری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەوێدا تێدەپەڕن، ئێستا ئەگەر چیرۆكی ئەو قەڵایەیان بۆ بگێڕیتەوە بە ئەستەم باوەڕ دەكەن. چونكە هیچ ئاسەوارێكی ئەو بینا نەماوە تا چیرۆكە شوومەكانیان ئاسان بێتە بەرچاو.


  14. ئێستا ئەو قەڵایە تەنیا شوێنەوارەكەی ماوە، هەموو ئەوانەی خەڵكی ناوچەكەن، بەداخن بۆ ڕووخاندنی‌.  ئەوێ ‌تەنیا قەڵا‌ نییە كە ڕووخێنراوە، بەڵكو پێشتریش چەند كەسێك لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكان داوایان كردبوو. بینای "لیوا ڕەشەكە" كە دەكەوێتە سەر ڕێگای كەلار-كفری كە بەهەمان شێوەی قەڵای قۆرەتوو لە ساڵی 1988 وێستگەیەكی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوانی گەرمیان بووە، بمێنێتەوە. بەڵام ئێستا ئەو بینایە كراوەتە سەرۆكایەتی زانكۆی گەرمیان، ئەمە لە كاتێكدایە زانكۆی گەرمیان ڕووبەڕێكی بەرفراوان زەوی هەیە و دەكرا بینای سەرۆكایەتی لەناو زانكۆكەدا درووست بكرایە. كوردۆ عەزیز ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بەو بینایە دەڵێت" كاتی خۆی داوامكرد كە لیوا ڕەشەكە بكرێتە مۆزەخانە ئێمەش وەكو ئەمنە سوورەكە خەڵكانێكی بیانی بێن بۆ تەماشای ئەو شوێنەی كە ئەنفالەكانی تێدا بوو، بەڵام بەداخەوە كەس گوێی لێنەگرتین."

  15.  
  16. حەمە عەلی عەلیان پێش ئەوەی لە شەڕی ناوخۆ شەهید بكرێت سەبارەت بە ئەنفالبوونی ژن و مناڵەكەی دەڵێت  " لە میل قاسمەوە بەرەو فیرقە بەرێكەوتین، چەكێكی كڵاشینكۆفی ژمارە 10م پێبوو، بەڵام لە ترسا لەناو بار شاردمەوە، دواتر بانگەوازیان كرد هەركەسێك چەكی پێوە بگیرێت، ڕەمی دەكرێت، بۆیە لە ترسا دامەدەستەوە. ئێمە بە تراكتۆری خۆمان چووین، خەڵكی هەموو شوێنەكانی تێدابوو، خەڵكی قەراغ، خەڵكی دیوی داوێ، جافەكان. هەمووی. لە كەلارەوە بەرەو فیرقە براین، لەوێ بە قەڵاكە ناسراوە( قەڵاكەی قۆرەتوو)، ئیتر لەوێ مەكینەكەیان برد، هەموومان كراینە هۆڵێكی گەورەوە، نە ئاو هەبوو نە نان، ئەوەی دەمانخواردەوە پاشەڕۆی خۆمان بوو. ئاویشمان بۆ بهتایە ئەیانڕژاند. لەوێ وتم من فەلاحم و پێشمەرگە نیم، چونكە چەكەكەم تەسلیم كردبوو. نەمانئەزانی چارەنووسمان چی ئەبێ. 

  17. دوای سێ رۆژ لە قۆرەتوو، هاتن ئێمەیان باركرد، نزیكەی هەزار زیل لەوێوە بەرەو تۆپزاوەی لای كەركوك براین. لە تۆپزاوە لە زیلەكان داگیریان لەوێ خێزان و گەنج و پیاوی گەورەیان جیاكردەوە." 

  18.  بە پێی ئامارەكانی گەشتیاری، ساڵانە خەڵكێكی زۆر لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە، سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن كە كۆمەڵكوژییان تێدا ئەنجامدراوە. لەوانەش شوێنەكانی كامپی ئاوشڤیتز بیركینۆ  كە تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس سەردانیكردووە. لەوێشەوە لە چوارچوارچێوەی ڕێبەری گەشتاریی كۆمەڵكوژییەكاندا، بۆسنە و كامبۆدیا و ڕواندایە. كە ساڵانە گەشتیاریان بۆ تێگەیشتن لە ئازاری ئەو نەتەوانەی لە لایەن داگیركەر و سەركردە دڵڕەقەكانەوە زوڵم و زۆریان لێكراوە و لەناوبراون، سەردان دەكرێن و تاجەگوڵینە لەسەر ئەو شوێنانە دادەنێن كە مرۆڤیان تێدا لەناوبردووە. تاكە شوێنێك كە وەكو بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگر ماوەتەوە، نوگرە سەلمانە. ئەویش حكومەتی بەعس بۆ مەبەستی خۆی بەكاریدەهێنا نەك ئەوەی سومبوڵێك بۆ ئەنفال بمێنێتەوە.


  19. عارف قوربانی نووسەر و لێكۆڵەر لە بواری ئەنفال دەڵێـت" بە ڕووخانی قەڵایەك كارەساتی ئەنفال لە بیر خەڵكی ناچێتەوە. بەڵام بەداخەوە دەبوو ئەو قەڵایە بپارێزرایە، چونكە قەڵاكەی قۆرەتۆ وێستگەیەكی سەرەكی بوو بۆ ئەنفالی قۆناغی سێ، لەم قەڵایەوە ئەوان ڕەوانەی تۆپزاوا و نوگرەسەلمان دەكران. گرنگی ئەم قەڵایە ئەوەبوو، دوای ڕاپەڕین زۆر شتومەكی ئەنفالكراوەكان لەم قەڵایە مابوویەوە، هەر لە كەلوپەلیانەوە تاوەكو ئەو مەكینە و پیكابانەی كە ئەوان پێی هاتبوون، بەڵام لەناوچوون. "

  20. ئەو نووسەرە پێشنیاز دەكات" دەكرێت ئێستاش ئەو دیوار و بەردەی لە شوێنی قەڵاكە ماوەتەوە، چواردەوری بگیرێت و ڕۆژێك لە ڕۆژان مۆزەخانەیەكی لەسەر بنیات بنرێت، تاوەكو كەسانی بیانی كاتێك سەردانی مۆنۆمێنتی دێ بنە لە گەرمیان دەكەن، سەرێكیش بدەن لەو قەڵایەیی كە یەكەمین وێستگەی ئەنفالكراوەكان بووە."