عیراق

03:18 - 08/11/2021

قائانی هاتووه‌ بۆ به‌غدا‌

پەیسەر

ئەمڕۆ دووشەممە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق.


میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە کە ئیسماعیل قائانی، دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە ئامانجی ھیۆرکردنەوەی رەوشەکە دوای ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەنجامداوە.


تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق، ھیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەنگۆی سەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ بەغدا بڵاونەکردووەتەوە.


ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرش کرایه‌ سەر ماڵی مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی ئیدانەکرا.


بەر لەوەی ھێرشەکە ئەنجام بدرێت، ژمارەیەک لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی شیعە نزیک لە ئێران رایگەیاندبوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرپرسە لەو پێکھەڵپژانانەی کە رۆژی پێنجی ئەم مانگە لە نزیک ناوچەی سەوز لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی ناڕەزایی لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان رووی دا و بەھۆیەوە خۆپیشاندەرێک کوژراو و ژمارەیەک خۆپیشاندەر و کارمەندی ئەمنیش برینداربوون.