04:33 - 06/11/2021
پارتی بە تەنیا چووە بەغدا
پارتی دیموكراتی كوردستان، بە تەنیا چووە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە، لە كاتێكدا پێشتر داوای یەكڕیزیی و تەبایی دەكرد بۆ چوونە بەغدا، ئەوەش لە كاتێكدایە ماڵی شیعی وەك پەیوەندی نێوان هێزە كوردییەكان درزی تێكەوتووە.
میدیای فهرمی پارتی له دوێنێوه، پێچهوانهی لێدوانی ههندێك له بهرپرسانیان كه رایانگهیاندبوو دانوستان بهچاودێری سهرۆكی ههرێم و لهگهڵ هێزهكانی تر ئهنجامدهدهن، میدیاكه یهكلایهنه ئیعلانی دانوستانی كرد.
شاندهكهی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتووه له ههریهك له هۆشیار زێباری، ئهندامی مهكتهبی سیاسی پارتی و سهرۆكی شاندهكه، جهعفهر ئیمینكی، ئهندامی مهكتهبی سیاسی، نازهنین محهمهد، ئهندامی سهركردایهتی، عهرهفات كهرهم، نوێنهری بارهگای بارزانی، ئومێد سهباح و فارس عیسا.
له میانی سهردانهكهیدا بۆ بهغدا، شاندهكه لهگهڵ نوێنهرانی رهوتی سهدر كۆبوونهوه و بڕیاره زنجیرهیهك كۆبوونهوهی یهك له دوای یهك لهگهڵ لایهنه عێراقییهكان بكهن.
چوونە ناو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەلایەن پارتییەوە دوای ئەوە دێت مانگی رابردوو لەگەڵ یەكێتی، گۆڕان، شیوعی، سۆشیالیست، بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبوەوە، لە لێدوانەكانیاندا بەرپرسانی پارتی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئامانج لە سەردانەكان بۆ ئەوەیە لایەنە كوردییەكان پێكەوە بچنە بەغدا.
چوونی شاندەكەی پارتی بۆ بەغدا لە كاتێكدایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم كە جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە لە رۆژی هەڵبژاردندا جەختیكردەوە كە پێویستە لایەنە كوردییەكان بە یەكڕیزی بڕۆنە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتەوە.
عەبدوڵا رێشاوی، چاودێری سیاسی پێیوایە، شتێكی باش نیە پارتی بەتەنیا بریاریدا بێت دانوستان بكات باشترە حزبە براوەكان پێكەوە، هاوپەیمانیەك دروست بكەن بەو هاوپەیمانیە دانوستان بكەن.
رێشاوی، وتی "هۆكاری ئەوەی كە پارتی بە تەنیا دانوستان دەكات ئەوەیە دەبینێت كە كورسیەكانی لەهەموو حزبەكانی دیكە زیاترە، بەمە دەیەوێت زۆرترین دەستكەوت بۆ خۆی لە بەغدا بەدەستبهێنێت".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی 32 كورسی و یەكێتی 16 كورسی و نەوەی نوێ 9 كورسی، یەكگرتوو چوار كورسی و كۆمەڵی دادگەریش كورسیەكی هێناوە، كۆی گشتی كورسیەكان 62 كورسی دەكات، ئەگەر ئەم هێزانە پێكەوە دانوستان لەگەڵ لایەنی پێكهێنەری حكومەتی داهاتوو بكەن دەتوانن پێگەو قورسایی زیاتریان هەبێت.
عەبدوڵا رێشاوی، بە "زەمەن"ی وت "كاتێك داوای یەكریزی لە پارتی دەكرێت، دەبێت هەمان داواش لە حزبەكانی دیكە بێت و ئەوانیش داوای هاوپەیمانی بكەن و بە حەجمی خۆیان داوای پۆست بكەنو تێبگەن كە چەند كورسیان هەیە".
لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە قورسە بگەنە رێككەوتن، لەبەرئەوەی كورسیەكانی پارتی لە هەموو لایەنەكان زیاترەو ئەمە هاوپەیمانی قورس كردووە، وتیشی"پارتی دەتوانێت بە تەنیا لە بەغدا دانوستان بكات، بەڵام لە كوردستان هەندێك گرفتی بۆ دروست دەكات، بەتایبەت لە زۆنی سەوز".
لە دوای هەڵبژاردنەوە پەیوەندی نێوان لایەنەكان ئاسایی نەبووەتەوە، هێشتا لەسەر ئاستی میدیای زمانی توند بەرامبەر یەكتر بەكاردەهێنن و كەشی ناو پەرلەمانی كوردستانیش ئاماژەیە بۆ خراپی پەیوەندییەكانی نێوانیان.
هاوكات، دۆخی ناوخۆی یەكێتی یارمەتیدەر نیە بۆ ئەوەی بتوانێت لەم دۆخەدا شاند بەجیا یاخود پێكەوە لەگەڵ پارتی بنێرێتە بەغدا، لەگەڵئوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردندا شكستیان هێناوەو رایانگەیاندووە كە بەشداری دانوستانەكان ناكەن.
هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ كە لە هەڵبژاردنەكاندا ئەنجامی باشیان بە دەستهێناوە ئامادەنەبوون لەگەڵ پارتی كۆببنەوە و پێكەوەش شاند بنێرنە بەغدا.
رەوشی نێوماڵی كوردی لەم قۆناغەدا لەوپەڕی شێواوی و لێكترازاندایە، چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان تەنانەت پارتی كە بانگەشی یەكڕیزی و یەكگوتاری دەكات جدی نیە لەم پرسەدایە و سەرجەم هەوڵەكانی سەپاندنی ئەجێندای خۆی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانیەتی.
هاوشێوەی نێو ماڵی كورد ئەمجارەش نێو ماڵی شیعەكان كە لە دوای 2003ەوە هێزی سەرەكی دەسەڵات و حكومڕانی عێراقن زیاتر لێكترازاوە و بە ئاشكرا دوو بەرە دروستبوون.
بەرەی موقتەدا سەدر كە خۆی بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن دەزانێت و بەرەی نوری مالیكی و هادی عامری و هەندێك گروپی شیعە كە هەر لەسەرەتاوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان رەتكردوەتەوە و لە هەمان كاتیشدا نوری مالیكی لە هەوڵی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیدایە بۆ ئەوەی كێبڕكێی سەدر بكات لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران.
پرۆسەی دانوستانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، هیچ كات بەدەر نەبووە لە دەستتێوەردان و كاریگەری وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، لەسەروو هەموویانەوە ئەمریكا و ئێران.
بەشێك لە چاودێران پێیانوایە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە دڵی ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو بووە و لەبەرامبەردا ئێران و دۆستەكانی دۆڕاون، بۆ هێزە كوردییەكانیش قورسە بتوانن خۆیان لەسەر بەرەیەك ساغ بكەنەوە.