11:32 - 20/10/2021
بەغدا؛ رەتكردنەوە و مانگرتن
سەركردەی هێزە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ماڵی مالیكی كۆبوونەوە، لایەنگرانیشیان رژانەی نزیك ناوچەی سەوز، ئەوەش لە چوارچێوەی رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر.
شەوی رابردوو لە ماڵی نوری مالیكی هێزەكانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" كە بە نزیك لە ئێران لە قەڵەم دەدرێن كۆبونەوە و بڕیاریاندا هیچ دانوستانێك بۆ پێكهێنانی حكومەت نەكەن تاوەكو كۆمسیۆن "هەڵەكانی" راستدەكاتەوە.
بەپێی میدیاكانی نزیك لەم هێزانە، هەروەها داوای بەڵگەیی یاساییان كردووە لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لە دوای پێداچوونەوە بە گشت تانەكاندا.
"چوارچێوەی هەماهەنگی" لە ژمارەیەك هاوپەیمانیەتی پێكدێت لە نێویاندا هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری، هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی.
گومانی ئەم هێزانە لە پاكی هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەر لە كاتێكدایە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران چەند جارێك جەختیان لە پاكی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كردووەتەوە.
هاوكات لایەنگرانی ئەو هێز و قەوارە سیاسییانە چوونە ناوچەی سەوز و وێنەی مستەفا کازمییان لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا لێکردەوە و دەستیان بە مانگرتن كرد.
ناوچەی سەوز کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بەغدا و باڵەخانەی حکومەت و پەرلەمان و نێردە دیپلۆماتییەکان لەخۆدەگرێت، لە رووی ئەمنییەوە تەواو پارێزراوە.
هێزە سیاسییە شیعەکان و گرووپە چەکدارەکان، حکومەتەکەی کازمی و لایەنی بیانی (مەبەستیان ئەمریکایە) بە ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەخت تۆمەتبار دەکەن و داوای دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگی سەرجەم دەنگدەرانی عێراق دەکەن.
لە بەرامبەردا حکومەت و چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی ئاماژە بەوە دەدەن کە هەڵبژاردنی پێشوەخت کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بووە.
لای خۆیەوە حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وتی: "ناڕەزایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە، ئەوانە مافی خۆیانە ناڕەزایەتییان هەبێت بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا بێت".
چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران رابگەیەندرێت.
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانی سائیرون باڵی سیاسیی رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بووە بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە و لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستهێناوە.
هاوکات لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی ٣٨ کورسی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نوری مالیکی ٣٤ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە.
هاوپەیمانی فەتح کە چەتری سیاسیی گرووپە چەکدارەکانە، تەنها ١٦ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێناوە لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا بە بەدەستهێنانی ٤٨ کورسی بووە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکە.