ڕاپۆرتی کوردستانی

01:38 - 07/10/2021

پارتی چی به‌ قه‌واره‌ی هه‌رێم كرد؟‌

پەیسەر



واقیع پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شۆ ئیعلامییه‌ و پڕوپاگه‌نده‌یه‌یه‌ كه‌ بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كرێت، چه‌ند وێستگه‌ و بوارێك هه‌ن ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌و حزبه‌ له‌وپه‌ڕی لاوازییدایه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كی بچوكبوونه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم و په‌رتكردنی خه‌ونی پێكه‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ییشه‌.


كه‌ڕه‌نای میدیای سێبه‌ر و فه‌رمی پارتی به‌ ئاوازێك ده‌خوێنێت كه‌ گوایه‌ ئه‌و حزبه‌ له‌وپه‌ڕی به‌هێزی و تۆكمه‌یدایه‌، له‌ پاڵ ئه‌مه‌شدا سه‌ركردایه‌تی و  پارتی به‌ زمانی له‌ خۆبایبوون و خۆ به‌خاوه‌نكردنی سه‌رجه‌م ده‌ستكه‌وته‌كانه‌وه‌ ده‌دوێت، پارتی له‌ حاڵێكدا له‌ناو شكسته‌كانی نغرۆ بووه‌، كه‌چی چاوی كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌وانی دیكه‌ ده‌بینێت.


پارتی چی به‌ قه‌واره‌ی هه‌رێم كرد؟

قه‌واره‌ی دانپێدانراوی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رهه‌می ره‌نج و خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان و به‌ره‌ی كوردستانی بوو به‌ رابه‌رایه‌تی مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیه‌ ئه‌ندازیار و داینه‌مۆی راپه‌ڕین بوون، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار پارچه‌یەكی كوردستان به‌ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشت.


له‌ دوای ساڵی 2003شه‌وه‌، دروستتر له‌سه‌روبه‌ندی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا به‌ هه‌وڵ و كاریزمایی ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره‌ ماف و داواكارییه‌كانی گه‌لی كورد چوارچێوه‌ی یاسایی وه‌رگرت و له‌ ده‌وڵه‌تی نوێ عێراقدا كورد بوو به‌ گه‌مه‌ كه‌ری سه‌ره‌كی رووداوه‌ سیاسیه‌كان.


ئه‌م رووداوانه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی باشووری كوردستان زیاتر وه‌ك یاریكه‌رێكی ده‌وڵه‌تی ده‌ربكه‌وێت، له‌ سنور و قه‌باره‌ی هه‌رێمێك زیاتر بوو، رووداوه‌كانی شه‌ڕی داعشیش هێنده‌ی دیكه‌ پێگه‌ی هه‌رێمیان به‌هێزتر كرد، به‌هۆیه‌وه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان به‌ خاك و نه‌وت و خه‌ڵكه‌وه‌ كه‌وتنه‌ ژێر حكومڕانی هه‌رێم.


به‌هۆی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی حه‌زی شه‌خسی و هه‌وڵدان بۆ تۆماركردنی سه‌روه‌رییه‌ك ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ خرانه‌ ناو قومارێكی موخابه‌رایه‌تیه‌وه‌ و له‌ ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبه‌ردا نیوه‌ی خاكی باشووری كوردستان كه‌وته‌وه‌ ده‌ست حكومه‌تی فیدڕاڵی.



ئه‌م شكسته‌ كه‌مه‌رشكێنه‌ی به‌ر نه‌ته‌وه‌یی كورد كه‌وت لە باشوری كوردستان، ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، به‌ چاوخشاندنه‌وه‌ی به‌ مێژوودا ده‌ركه‌وێت پارتی و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی له‌ دوای ساڵی 1975ه‌وه‌ رابه‌رایه‌تی یه‌ك پرۆسه‌یان كرد، باشوری کوردستانیان گەڕاندەوە بۆ سەردەمی حکومی زاتی، پارتی به‌هۆی میدیاكانییه‌وه‌ ئه‌م شكستانه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ركابه‌ره‌كانی و خۆی له‌ به‌رپرسیاریه‌تی له‌ ده‌ستدانی خاك و خه‌ڵكی ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێنراوه‌كان دزییه‌وه‌.


ئابووری سه‌ربه‌خۆ یان تاریككردنی ژیانی خه‌ڵك


تا كۆتاییه‌كانی ساڵی 2013، ناردنی بودجه‌ له‌ به‌غداوه‌ گه‌شه‌ندنی ئابووری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ دواداهات، ره‌وشی خه‌ڵكی كوردستان و مووچه‌خۆران له‌وپه‌ڕی باشیدا بوو، به‌ڵام خۆبادان به‌ناوی ئابووری سه‌ربه‌خۆیه‌وه‌ ره‌وشه‌كه‌ی قڵب كرده‌وه‌، پارتی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ناوی ئابووری سه‌ربه‌خۆوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاڵۆزكرد و بیانوی دایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ببڕن، ئه‌مه‌ش وایكرد خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌ردوو جه‌ژنه‌كه‌ بوون، تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، خه‌ڵك باجی به‌ناو ئابووری سه‌ربه‌خۆی نێچیرڤان بارزانی ده‌دات.


ئه‌م شكسته‌ی حكومداری پارتی بووه‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری، خه‌رجنه‌كردنی مووچه‌ و داهێنانی كه‌لتوری پاشه‌كه‌وت و مووچه‌بڕین، له‌گه‌ڵیشیدا حكومه‌ت و خه‌ڵك زیاتر له‌ 30 ملیار دۆلار قه‌رزاربار كرد.


ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت پارتی و میدیایه‌كه‌ی كه‌ به‌ پاره‌ی نه‌وتی خه‌ڵك به‌ڕێوه‌ده‌چێت ئاماده‌نیه‌ دان به‌شكستی سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی نه‌وت و ئابوورییه‌كه‌یدا بنێت، كه‌ باجه‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌یدات و به‌رپرسه‌كانی به‌ قات و بۆینباخه‌وه‌ رۆژانه‌ خه‌ریكی دروشمبازین.


جینۆسایدی شه‌نگال

قه‌زای شنگالی ئێزدینشین له‌ ژێر ده‌ستی پارتیدا بوو كه‌ هێزی ره‌شه‌كوژی داعش داگیری كرد، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار ژن و كچی ئێزدی به‌ كۆیله‌ كران و هه‌زارانی دیكه‌ش چوونه‌ هه‌نده‌ران، ئه‌م خیانه‌ت و شكسته‌ی پارتی لێدانێكی كوشنده‌ بوو له‌ كه‌سایه‌تی ئێزدییه‌كان و یه‌كه‌م جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌یی بوو له‌ ژێر سایه‌تی حكومڕانی كوردییدا.


به‌ ئێستاشه‌وه‌ ره‌وشی شنگال و ئێزدییه‌كان ئاسایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، پارتیش خه‌ریكی گره‌وكردنه‌ له‌سه‌ر به‌ ده‌ستهێنانی ده‌نگی ئێزدییه‌كان و له‌ كه‌مپه‌كان و ئاواره‌یشدا وازیان لێناهێنێت.


ئابڕووچوونی داڵده‌دانی تاوانباران


مه‌سعود بارزانی له‌ كتێبی "بۆ مێژوودا" كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ریفراندۆم، باس له‌وه‌ده‌كات قورسترین بڕیاری ژیانی ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ دوای ساڵی 1991 چووه‌ته‌ به‌غدا و ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس كردووه‌ كه‌ ده‌ستیان به‌ خوێنی گه‌لی كورد له‌ ئه‌نفال و كیمیاباراندا سوور بووه‌، به‌ڵام واقیع و شایه‌تی خۆیان پێچه‌وانه‌ی ئه‌م قسانه‌ی سه‌لماند.


كاكه‌مین نه‌جاڕ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ ئاشكراو له‌ بانگه‌شه‌ی حزبه‌كه‌یدا به‌ شانازییه‌وه‌ باسیله‌وه‌كرد كه‌ داڵده‌ی تاوانبارانی ئه‌نفال و كیمیابارانیانداوه‌ و له‌ هه‌ولێر ده‌ژین. ئه‌مه‌ش وه‌ك باقی شكست و ئابڕوچوونه‌كانی دیكه‌ پارتی و میدیاكه‌ی بازی به‌سه‌ردادا و ئه‌م ئابڕوچوونه‌ گه‌وره‌یه‌ی بچووك كرده‌وه‌.


كۆتوبه‌ندی بادینان

پارتی ره‌وشێكی ئه‌منی و پۆلیسی به‌سه‌ر ناوچه‌ی بادیناندا سه‌پاندووه‌، به‌ ده‌یان چالاكوان و ئازادیخوازی له‌ زیندان توند كردووه‌، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌بێ دادگاییكردن به‌ده‌یان كه‌س له‌وانه‌ی ئاماده‌نین ئیراده‌ی خۆیان ته‌سلیمی پارتی بكه‌ن خراونه‌ته‌ زیندان.


له‌م حكومه‌ پۆلیسیه‌ی بادیناندا پارتی به‌ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ كه‌دار كردووه‌، دادوه‌ران ناچار ده‌كات حكومی ناحه‌ق بده‌ن و تۆمه‌تی ناڕه‌وا به‌ناوی دادگاوه‌ به‌سه‌ر ئازادیخوازاندا بسه‌پێنێت، ئه‌م ره‌فتاره‌ نا دیموكراتیه‌ی پارتی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و دۆسته‌كانی كورد به‌ خراپ بۆ هه‌رێم شكاوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك زۆنی سه‌ركوتی ئازادی راده‌ربڕین وێنا ده‌كرێت.


توركیا و خه‌رقی ئه‌منی


خاڵێكی هه‌ره‌ لاوازی پارتی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی كه‌ له‌ میدیادا چاوپۆشی لێكراوه‌، په‌یوه‌ستبوونی ئه‌م حزبه‌یه‌ به‌ توركیا و ته‌سلیمبوونه‌ به‌ ئیراده‌ی ئه‌نقه‌ره‌، به‌هۆی لاوازی پارتی و به‌هۆی شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیا‌، نزیكه‌ی 400 گوندی بادینان چۆڵكراون، توركیا به‌ ده‌یان بنكه‌ی سه‌ربازی و هه‌واڵگری له‌ناو قوڵایی خاكی هه‌رێمدا كردوه‌ته‌وه‌.



سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌زگای میتی توركیا و ئیتڵاعاتی ئێران، لاوازی پارتی و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیان قۆستوه‌ته‌وه‌ و چالاكی به‌ر فراوانیان هه‌یه‌ و به‌ به‌رده‌وامی خه‌باتكارانی پارچه‌كانی دیكه‌ كوردستان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و تادێت زنجیره‌ی تیرۆره‌كانیان له‌ ژێر سایه‌تی پارتی درێژتر ده‌بێت.



له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر، ده‌كرێت وه‌ك خاڵێكی لاوازی پارتی و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی چاواێبكرێت، میلیشیاكان هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت ده‌توانن هه‌ولێر بكه‌نه‌ ئامانج.


بادانه‌وه‌ بۆ به‌غدا


پارتی كه‌ وا خۆی ده‌رده‌خات دروشمه‌ قه‌به‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌ كۆڵ ناوه‌، لێكدژیی و ئیزدیواجیه‌ت له‌ كردارو گفتاریدا هه‌یه‌، له‌یه‌ك كاتدا بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆ و سواڵی ده‌نگیش ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، پارتی چه‌ندین ساڵه‌ بازرگانی به‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ ده‌كات له‌ هه‌مانكاتیشدا پێش هه‌مووان رێگه‌ی به‌ غدا ده‌گرێته‌به‌ر.