ڕاپۆرتی کوردستانی

01:25 - 20/11/2018

ئەو کوردەی بەغدای لە نقومبوون رزگار کرد‌

پەیسەر – تایبەت
گەنجێکی تەمەن بیست ساڵان دەبێ کاتێک لای ئینگلیزەکان دەبێتە جێی سەرنج و (مستەر لاین) موفەتیشی ئیدارەی ئینگلیز لە سلێمانی، ساڵی ١٩٢٤دەیکاتە نووسەر لە ئیدارەکەیداو لەم دەسپێکەوە گەنجێکی خەڵکی سلێمانی دەگاتە کۆشکی پاشایەتی عێراق... ئەویش سەعید قەزاز-ە

سەعید قەزاز لە مێژووی پەنجا ساڵی یەکەمی دروستبوونی عێراقدا، ناوێکی درەوشایە. لای چینە رۆشنبیر و سیاسییەکەی عێراق بە پیاوی خاوەن بڕیار و سەرڕاست و  لای خەڵکە ئاساییەکەش بە پیاوی رزگارکەری بەغدا لە لافاو و زریانەکەی ساڵی ١٩٥٤ ، بەڵام لەو شارەی کە لە خنکان رزگاری کرد ،هەر لەوێ دەخنکێنرێ!
لە حوجرەوە بۆ کاتبی ئینگلیزەکان

 سەعید کوڕی میرزا مەجیدی قەزازە و ساڵی ١٩٠٤ لە شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە، بە پێچەوانەی زۆربەی ئەو کوردانەی لە دامەزراندنی عێراقدا رۆڵیان هەبووە کە پاشخانێکی دەسەڵاتی عوسمانییان هەبوو، ئەم هەر لە شاری سلێمانییەوە توانیویەتی ببێتە جێی سەرنجی ئینگلیزەکان و دواتر عێراقییەکانیش سەرسام دەبن بە کارزانیی و لێهاتووییەکەی. بۆیە لە کاتبی موفەتیشی ئیدارییەوە بە توانای خۆی گەشتووەتە پلەی وەزیری ناوخۆی عێراق.

مام جەلال لە وەسفی سەعید قەزازدا دەڵێ: پیاوێکی زیرەک  ولێهاتوو بوو، کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو. بەڵام زۆر لەژێر کاریگەری ئینگلیزدا بوو 

سەعید قەزاز لە حوجرەکانی سلێمانییەوە دەست بە خوێندن دەکات، دواتر لە تەمەنی ١٠ ساڵاندا دەچێتە خوێندنگەی حکومیی و بە هەوڵی خۆی، زمانی ئینگلیزی فێر دەبێ. بۆیە کاتێک ئینگلیزەکان دێنە عێراق و کوردستانەوە، قەزاز شارەزاییەکی باشی لە زمانی ئینگلیزیی هەبووە هەر ئەمەش وا دەکات ببێتە جێی سەرنجی ئینگلیزەکان لە سلێمانی و لای خۆیان کاری کاتبیی پێدەسپێرن لە موفەتیشی ئیدارەدا.

لەم دەسپێکەوە سەعید قەزاز تێکەڵی دنیای ئیدارە و سیاسەتی ئینگلیز دەبێ و لە حکومەتی تازە دامەزراوی عێراقدا چەند پۆستێکی ئیداریی پێ دەسپێرن هەر لە بەڕێوەبەری ناحیەوە تا قایمقام و دواتر موتەسەڕیف – پارێزگار- و دوایین پۆستیش وەزیری ناوخۆی عێراق.

سەعید قەزاز پێچەوانەی ئەو کوردانەی چوونە ناو حکومەتی عێراق، پاشخانی عوسمانیی نەبوو راستەوخۆ لە شاری سلێمانییەوە گەیشتە کۆشکی پاشایەتی

سەعید قەزاز کوڕی سلێمانییە و کاتێک تێکەڵی ئیدارە و حکومەتی ئینگلیز و عێراق دەبێ، لە شارەکەی خۆیەوە شێخ مەحمودی حەفید جاڕی دەوڵەتی کوردی دەدات. ئەمەش وا دەکات ئینگلیزەکان بە توندی بەرپەرچی شێخ و شۆڕشەکەی دەدەنەوە، دەبێ کوردێک کە بە دڵسۆزیی و لێهاتووییەوە لە حکومەتێکدا بەشداری کردووە کە دژی میللەتەکەی خۆی دەجەنگێ، چۆن بووبێ؟

مام جەلال لە وەسفی سەعید قەزازدا دەڵێ: پیاوێکی زیرەک  ولێهاتوو بوو، کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو. بەڵام زۆر لەژێر کاریگەری ئینگلیزدا بوو پێیوابوو هەرچی ئینگلیز نەیەوێ سەرناگرێ، ئەمەش تا ئاستی کۆنەپەرستییەکی لە رادەبەدەری بردبوو!

رەنگە هەر ئەو باوەڕەشی بووبێ کە وای لە قەزاز کردووە بەشداری لە شۆڕشەکانی شێخ مەحموددا نەکردبێ. نەک هەر ئەوە بەڵکو تا دەهات زیاتر رۆ دەچووە ناو دەسەڵاتی ئینگلیز و حکومەتی تازە دروستکراوی عێراقەوە.

شارەزایانی کەسایەتی سەعید قەزاز دەڵێن: ئەو کەسایەتییەکی نیشتمانیی بوو، هەموو هەوڵ و توانای خۆی چڕکردبووەوە لە حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزاردا. ئەو باوەڕی زۆری بە کورد و کوردپەروەریی هەبووە، بەڵام پێیوابوو چونکە ئینگلیز نایەوێ، کورد هەرگیز ناگات بە مەرامی سەربەخۆیی، بۆیە باشتر وایە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە.

بۆ کڵۆڵیی سەعید قەزاز، لە سەردەمی دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئینگلیزەوە، کورد بە قۆناغی جیاواز دژی ئەو دەوڵەتە نوێیە و دەسەڵاتی ئینگلیز شۆڕشیان دەسپێکردووە هەر لە شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی حەفیدەوە تا ئاڵۆزییەکانی ناوچەی بارزان.

سەعید قەزاز هەمیشە دژی ئەوەبووە ناکۆکییەکانی کوردستان و عێراق توندوتیژیی تێ بکەوێ، ساڵی ١٩٤٤ لە سەروەختی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی بارزان، چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی دەکەوێ و هانی دەدات تا دەکرێ پەنا نەبەنە بەر توندوتیژیی و رێگای شەڕ نەگرنەبەر. چونکە لەمەدا کورد زیانی زۆری پێدەگات و ناشگاتە ئامانجەکانی.

قەزاز لە کوردستان قەزاز لە عێراق
سەعید قەزاز لەبەر ئەوەی بەشی زۆری تەمەنی سیاسی و ئیداریی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بوو، هەروەها لە ١٠ ساڵی کۆتایی تەمەنیدا گەیشتە پلە باڵاکانی حکومەتی عێراق، ئەستێرەی بەختی زیاتر لە بەغدا درەوشایەوە. بۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان، سەعید قەزاز ناوێکی کەمتر ئاشنابووە.

هەمیشە دژی ئەوەبووە کورد بچێتە شەڕەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا و هانی مەلا مەستەفای بارزانی داوە پەنا نەباتە بەر شەڕ و توندوتیژیی

ساڵی ١٩٥٤ کاتێک شاری بەغدا دەکەوێتە بەردەم مەترسی نقومبوونی لافاوەوە و هەموو دامەزاروەکانی دەوڵەت دەکەونە خۆ بۆ رەواندنەوە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان، سەعید قەزاز ئەو کاتە وەزیری ناوخۆ دەبێ و هەرزوو پێشنیاز دەکات بە دانانی بەربەست بە گونییە خۆڵ و بەمەش کاریگەریی ئاوی هەڵچووی دیجلە بۆ ناوشار کەم دەکاتەوە و ئەمەش قەزاز دەکات بە فریادڕەسێک بۆ خەڵکی لێقەوماوی بەغدا. ئیتر لەدوای ئەم رووداوەوە ناوی قەزاز زیاتر لە جاران دەکەوێتە سەرزاری عێراقییەکان بە تایبەت بەغدادییەکان.

ئەو کاتەی سەعید قەزاز پۆستە باڵاکانی عێراق وەر دەگرێ، دەوڵەت لە شەڕێکی سەختدایە لەگەڵ حزبی شیوعی دا، ئەمەش وادەکات هەموو دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەت لای لایەنگرانی ئەو حزبەدا کە لە سەرانسەری عێراقدا ئەندام  ولایەنگری زۆری هەبوو. زۆر رەزاگران و نەویستراوبن. وەزارەتی ناوخۆ کە ساڵی ١٩٥٣ سەعید قەزاز پۆستی وەزیرییەکەی وەر دەگرێ، لە هەمووان زیاتر بە شوێن هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکان و دەسگیرکردنی کادر و سەرکردە و ئەندامەکانییەوە بوو. بۆیە تا ڕادەیەک ئەمە وای کردبوو قەزاز لێهاتووی و دڵسۆزییەکەی بۆ کارەکانی خۆی لەناو خەڵکدا رەنگ نەداتەوە و وەکو دوژمن سەیری بکەن.

دواجار دوای ئەو هەموو ساڵەی لە پۆست و دەسەڵاتی حکومییدا، سەعید قەزازیش وەکو سەدان وەزیر و کاربەدەست و تەنانەت بنەماڵەی پاشای عێراق. لە رۆژی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان هێنرا و یەکە یەکە کوژران، بەڵام سەعید قەزاز شانسی هەبوو کوشتنەکەی هەڕەمەکی نەبوو بەڵکو لە دادگایەکدا دادگایی کرا و دەرفەتی پێدرا هەندێک بەرگریی لە خۆی و سیاسەتەکانی بکات.

دادگا قەزازی تاوانبار کردبوو بە تەزویرکردن لە هەڵبژاردندا بە قازانجی پاشایەتی و کوشتنی خۆپیشاندەرانی بەسرە لەگەڵ چەندین تۆمەتی دیکە. بەڵام لە ژووری دادگاییەکەدا سەعید قەزاز بە ورەیەکی بەرز و بێمننەییەکی زۆرەوە، بەرگریی لە خۆی کرد و هەموو تۆمەتەکانی رەت دەکردەوە.

سەعات چواری دەمەوبەیانی ٢٠ی ئەیلولی ١٩٥٨ رێک مانگێک و شەش رۆژ دوای ئینقلابەکەی عەبدولکەریم قاسم، سەعید قەزاز برایە ژووری سێدارە و لەو شارەی کە چوار ساڵ پێشتر لە نقومبوون رزگاری کرد، هەر لەو شارە کۆتایی بە ژیانی قەزاز هێنرا.