ڕاپۆرتی کوردستانی

02:53 - 10/06/2021

به‌ نێوه‌نگیری وڵاتانی هاوپه‌یمان پارتی هێزه‌كانی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ده‌كشێنێته‌وه‌‌

پەیسەر

دوای شه‌هیدبوونی شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، زه‌نگی شه‌ڕی براكوژی جارێك تر لێدرا، پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ په‌كه‌كه‌ی شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه‌ تۆمه‌تباركرد، هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌كرد و په‌كه‌كه‌ش داوای ده‌كرد پارتی تفه‌نگه‌كانی روو به‌ ئه‌وان به‌كارنه‌هێنێت. هاوپه‌یمانانیش هاتنه‌ سه‌رخه‌ت و مه‌ترسیییه‌كانی هه‌ڵگیرساندنی ئاگری شه‌ڕی براكوژیان بۆ ماوه‌یه‌ك دوورخسته‌وه‌.

 
سه‌ره‌تای مه‌ترسییه‌كان
پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌كه‌كه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ له‌ نیازی جوڵاندنی هێز به‌ره‌و ناوچه‌كانیان، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ هۆشداری پێوه‌شخته‌ ده‌داته‌وه‌ به‌ پارتی تا هێزه‌كانی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ جوڵه‌ پێنه‌كات.
سه‌‌رباری ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی پارتی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌، به‌ڵام هێزه‌كانی پێشمه‌رگه،‌ سه‌ره‌تا به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری ماتینا له‌ سنوری پارێزگای دهۆك جوڵه‌ی پێكرا و له‌ ئه‌نجامدا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو هێزه‌كه‌ روویدا. هه‌مان رۆژ كه‌ پێنجی ئه‌م مانگه‌ بوو، پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون پاش دوو رۆژ له‌و رووداوه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیكه‌ش شه‌هید ده‌كرێت، هه‌رچه‌نه‌ په‌كه‌كه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یان شه‌هید كربێت، به‌ڵام پارتی رایگه‌یاند پێشمه‌رگه‌كانیان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ شه‌هیدكراون.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و رووداوانه‌ش پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌وته‌ جوڵه‌

شه‌هیدبوونی شه‌ش پێشمه‌رگه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاردانه‌وه‌ی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، هه‌رزوو وڵاتانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا سه‌ركۆنه‌ی شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه‌كانیان كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ توندی دژی ئه‌و هێرشه‌ وه‌ستایه‌وه‌ و سه‌رۆكی حكومه‌ت داوای له‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و  لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد، هه‌ڵوێستیان دژی كرداره‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان یه‌كبخه‌ن.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و رووداوانه‌ش پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌وته‌ جوڵه‌، سه‌ره‌تا ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ گه‌ریلاكانیان ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یان شه‌هیدكردبێت و داوای لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵێنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیان كرد تا لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ رووداوی شه‌هیدبوونی پێنج پێشمه‌رگه‌كه‌ بكه‌ن و راستییه‌كان ئاشكرا بكه‌ن، پاشان داوای نێوه‌ندگیری وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكا كرد بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ.

شه‌ڕمان ناوێ و تفه‌نگمان روو له‌ پێشمه‌رگه‌ نییه‌
شه‌هیدبوونی پێشمه‌رگه‌كان، په‌كه‌كه‌ی كۆكرده‌وه‌ تا په‌یامی ئه‌وه‌ به‌ پارتی و لایه‌نه‌كانی بدات، كه‌ ئه‌و شه‌ڕی كورد و كوردی ناوێ. له‌سه‌ره‌تادا زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) وتی:"ئێمە دڵنیایی دەدەین کە هیچ کاتێک لولەی تفەنگی پەکەکە ڕوو لەپێشمەرگە نابێت". هاوکات کوێستان کوردستان فەرمانداری هەپەگە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، "دەمەوێت بڵێم کە چەکی پەکەکە بەرامبەر بەهیچ هێزێکی کوردی نابێت‌و نامانەوێت جەنگی کوردو کورد ڕووبدات، داوادەکەین پارتی پاشەکشە بەهێزی خۆیان بکەن، چونکە تورکیا پیلانی هەیە کە شەڕی کوردو کورد بکرێت".هەروەها جەخت لەوەشدەکاتەوە، "ئامانجی ئێمە شەڕکردنە لەگەڵ سوپای تورکیا نەک پێشمەرگە".

په‌كه‌كه‌ هه‌ر به‌م لێدوانه‌ رۆژنامه‌وانیانه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو هه‌ر زوو له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌نده‌ دیبلۆماسییه‌كانیدا هه‌وڵه‌كانی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی شه‌ڕی پارتی و په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێكرد.

هه‌رچه‌نده‌ وڵاتانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی عێراقیش، پێشوه‌خته‌ په‌كه‌كه‌یان تۆمه‌تبار كرد به‌ شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ ئه‌و ده‌رگایانه‌ی له‌خۆی دانه‌خست و هه‌رزوو په‌یوه‌ندی به‌و وڵاتانه‌ و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ كرد، تا رێگری بكه‌ن له‌ پێكدادان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان.

نوێنه‌ری په‌كه‌كه‌ لای هاوپه‌یمانان ده‌بێت
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتوه‌، نوێنه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان، له‌ شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان (به‌ریتانیا و ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا) كۆده‌بێـته‌وه‌ و په‌یامی په‌كه‌كه‌ كه‌ بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌كراوه‌، له‌گه‌ڵیان تاوتوێده‌كات و داوایان لێده‌كات په‌یامه‌كه‌ بگه‌یه‌نه‌ به‌رپرسانی پارتی.

جگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری مه‌تینای سنوری پارێزگای دهۆك، پارتی هێزه‌كانی برده‌ ناوچەی بەردەنازی نزیک چیای هەڵگوردو قەزای حاجی ئۆمەران دەستیان بەجموجوڵی سەربازی کرد، میدیاكانی په‌كه‌كه‌ بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ پارتی به‌ نیازی گه‌مارۆدانی هێزه‌كانییه‌تی له‌و ناوچانه‌.

جوڵانی هێزه‌كانی پارتی دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌وانه‌ كرد پێشمه‌رگه‌كانیان شه‌هیدكردووه‌ و رایگه‌یاندبوو: "ئەوانەی تاوانی شەھیدکردنی پێشمەرگەکانیان ئەنجامدا بەسزای خۆیان دەگەن".

بۆ به‌رگرتن له‌ شه‌ڕێكی سه‌خت و زیانبه‌خش، په‌كه‌كه‌ په‌نای برده‌ به‌ر نوێنه‌رانی وڵاتان تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كانی شه‌ڕی براكوژی له‌نێوان حیزبه‌كه‌یان و پارتی دوور بخه‌وه‌.

شه‌ڕ ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركیایه‌
له‌گه‌ڵ شه‌هیدبوونی پێشمه‌رگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، توركیا بۆردومانی كه‌مپی مه‌خموری كرد و سێ كه‌س تێدا شه‌هید كرد، ئه‌مه‌ش بووه‌ بیانوو به‌ ده‌ست ئه‌مریكاوه‌ ره‌خنه‌ له‌ بێده‌نگی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر بۆردومانی توركیا بگرێت.

پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردبوه‌وه‌ لیژنەی ئاینەکان لە ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی حکومەتی هەرێم گرتووە، بەرامبەر بێهەڵوێستی لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر گوندە کریستیانەکان و به‌شێك له‌ كه‌مپه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (مه‌به‌ست كه‌مپی مه‌خمور)ه‌.

هاوپه‌یمانان له‌گەڵ پارتی بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن

هه‌ر بۆیه‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هۆشداری دابووه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌شێك له‌ به‌رپرسانی پارتی كه‌ نابێت بێده‌نگی به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانی توركیا هه‌ڵبژێرن.
ئه‌مریكاو فه‌ره‌نسا و هاوپه‌یمانان نایانه‌وێت له‌م قۆناغه‌دا هه‌ژموونی توركیا له‌ عێراق و باشوری كوردستان زیاد بێت. هه‌ر بۆیه‌ به‌ هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی پارتی و په‌كه‌كه‌ نین، به‌ پێی زانیارییه‌كانیش ئه‌و لایانانه‌ هۆشدارییان له‌ شه‌ڕی كورد و كورد داوه‌ و به‌ به‌رپرسانیان راگه‌یاندووه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌ڕ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق و هه‌رێمی كوردستان نییه‌.

کونسوڵخانەی ئەمریکاش لە هەولێر جەختیکردوەتەوە کە هاوشانی هاوڕێیانیان لە هەرێمی_کوردستانی_عێراق ڕادەوەستن و پابەندبوونی خۆیان دوپات دەکەنەوە بۆ پێکەوە کارکردن بۆ بەرقەرارکردنی ئاساییش لە ناوچەکەدا.
پارتی كرێكارانی كوردستان، په‌یامێكی گه‌یانده‌ نوێنه‌رانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و تیایدا ئه‌وه‌ی رونكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ك سوپای توركیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گه‌ریلاكانیان، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌مارۆیان ده‌دات.

هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا مه‌ترسی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناچارییان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پارتی دابووه‌ نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان، به‌پێی زانیارییه‌كان په‌یسه‌ر پاش ئه‌م په‌یامه‌ گفتوگۆی ناوه‌نده‌ دیبلۆماسییه‌كانی هاوپه‌یمانان و په‌كه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌و رێگه‌یه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ په‌یامێك ده‌داته‌ به‌رپرسانی پارتی و هاوپه‌یمانانیش له‌گەڵ به‌رپرسانی پارتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان په‌كه‌كه‌و پارتی كۆده‌بنه‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێك گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

په‌كه‌كه‌ ده‌بێت جموجوڵه‌كانی له‌ سنوره‌كانی بادینان و ئامێدی سنوردار بكات

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، هاوپه‌یمانان له‌گەڵ پارتی ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك، كه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ كشانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوو له‌ سنوره‌كانی مه‌تینا و بەردەنازی نزیک چیای هەڵگوردو قەزای حاجی ئۆمەران و سنوری چیاكانی ئامێدی جوڵه‌ی پێكردبوون بۆ گه‌مارۆدانی په‌كه‌كه‌.

هه‌روه‌ها پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ دووری 10 كیلۆمه‌تر له‌ سنوره‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان، سه‌نگه‌ره‌كانی خۆی قایم بكات و له‌و دوورییه‌وه‌ چاودێری جموجوڵه‌كانی په‌كه‌كه‌ بكات. له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی كرێكارانی كوردستان رێزی ئه‌و سنوره‌ی نێوان خۆی و پارتی دیموكراتی كوردستان بگرێت، جموجوڵه‌كانی له‌ سنوره‌كانی بادینان و ناوچه‌كانی ئامێدی و حاجی ئۆمه‌ران سنوردار بكات و هه‌ر جوڵه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌كانی پارتیش له‌و ناوه‌ بوو به‌ ده‌ستپێشخه‌رسی سیاسی و گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بكات و په‌نا بۆ هێرشكردن و شه‌ڕ نه‌بات.