ڕاپۆرتی کوردستانی

10:14 - 29/04/2021

گەلەکۆمەی سەر کورد؛ شنگال، قامشلی و قەندیل‌

پەیسەر

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلی رووبەڕووی هێرشی میلیشیاکانی بەشار حەسەد بووە و تێکی شکاندن، تورکیا هێرشی فراوانی کردە سەر قەندیل و ناوچەکانی پاراستنی میدیا و سوپای عێراق و حەشدی شەعبیش بەردەوامە لە هاتنە ناو شەنگال، ئەمەی روودەدات گەلەکۆمەی سێ دەوڵەتە یان بەردەوامی مێژووە خوێناوییەکەی کوردە؟

گەلەکۆمەیەکی گەورە
نازم داشتان لە پێگەی ئاژانسی میزۆپۆتامیا وتارێکی نووسیوە و تیایدا تیشک دەخاتە سەر فشارەکانی سەر کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و پێی وایە ئەوەی روودەدات رێککەوتنە لە دژی کورد لەم دوو پارچەیەی کوردستاندا.

داشتان بەم جۆرە باس لە رووداوەکان دەکات؛

گەلەکۆمەیەکی گەورە
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و میلیشیاکانی بەشار ئەسەد لە قامشلی، هێنانی هێز لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە بۆ ناوچەی شنگال، ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سرە مەتین، زاپ و ئاڤاشین، سێ رووداون کە لە گەلەکۆمەیەکی گەورە دەچن لەسەر کورد لە باشور و رۆژئاوای کوردستان.

رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو لە هەریەک لە عێراق و سوریا (هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان) کە ناوچەی گەرمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە.

لە شنگالەوە بۆ قامشلی و زاپ
دوای ئەوەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی شنگالەوە واژۆکرا و جێبەجێنەکرا، لە چەند رۆژی رابردوودا عێراق چەند سەربازێکی رەوانەی گوندی گیرزەریکی سەر بە تل ئەزەر لە باشوری شنگال کرد، بەڵام لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە رێگایان پێنەدرا.

لە هەمان کاتدا لە قامشلۆی سەر بە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، میلیشیاکانی بەرگری نیشتمانی رژێمی سوریا پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان دا، هەر لە هەمان کاتدا و دوای بە فەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە، هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەورەتریشقە – چڕنوکی بروسکە-یان بۆ سەر چیاکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین دەستپێکرد.

بێگومان ئەم فشارانەی سەر کورد لەم کاتەدا، کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هێزەکان لە ناوچەکەدا دەبێت.

رێککەوتنی سەر کاغەز
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کە پەکەکە بە رێککەوتنی نێوان پارتی و حکومەتی عێراق ناوی دەبات، ئامانجەکەی کۆتاییهێنانە بەو دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەرەی لە شنگال دروستبووە و ئەمەش بە دەرکردنی ئاسایشی ئێزدیخان دێتە دی، بەڵام ئەم هێزە ئامادە نییە پابەندی ئەم رێککەوتنە ببێت.

ئێزدییەکان پێیان وایە رێککەوتنەکە لەسەر کاغەزە و لە سەر ئەرزی واقع هیچ پشتیوانییەکی نییە و کەس پشتیوانی لە رێککەوتنەکە و پشتیوانەکانیشی ناکات کە ئەمریکا و تورکیان.

دوای ئەوەی حکومەتەکەی کازمی بۆی دەرکەوت رێککەوتنەکە لەلایەن خەڵکی شنگالەوە رەتکراوەتەوە و زەمینەی جێبەجێکردنی لەبار نییە، هەنگاوی بەرەو دواوە ناوە و بە دوای چارەسەری دیکەدا دەگەڕێت.

بە دوای چارەسەردا
خەڵکی شنگال و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شنگالیش بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن، چەند جارێک لەگەڵ حکومەتی بەغدا گفتوگۆیان کردووە، ئامانجی گفتوگۆکانیش تەنها بپ بابەتی شنگال نییە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکانی لالش و شێخانیشە، ئێزدییەکان و خۆبەڕێوەبەرە دیموکراتەکەشیان بەردەوام لە گفتوگۆکاندا پێشنیاری خۆبەڕێوەبەری بۆ ئەم ناوچانە دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی هەندێک لایەن پشتیوانی بیرۆکەی خۆبەڕێوەبەری دەکەن، بەڵام بەشی زۆری هێزەکان و بەتایبەت حکومەتی بەغدا لە ترسی دابەشبوونی وڵات، بیرۆکەکە رەتدەکەنەوە.

پێکەوە بەستراون
ئەم رووداوانە، هاتنی سوپای عێراق بەرەو باشوری شنگال و هێرشی میلیشیاکانی بەشار ئەسەد لە گەڕەکەکانی حلکۆ و تەی لە قامشلی کە هاوکاتە لەگەڵ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم و گەریلا، پێکەوە بەستراون.

لە قامشلی دۆخەکە لە بەرژەوەندی کورددا کۆتایی هات، لە ئۆپراسیۆنێکی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بۆ سەر میلیشیاکانی ئەسەد کە حەوت رۆژی خایاند، هەردوو گەڕەکەکەی قامشلی لە میلیشیاکان پاککرایەوە.

دوای ئەوەی روسیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان نابژێوانی بکەن، کۆتایی بە رووداوەکانی قامشلی هات، کۆتاییەک لە بەرژوەندی کورد و رۆژئاوای کوردستان.

ئاسایشی کورد
ئاسایشی کورد مەرجی سەرەکی هەبوو، نەکشانەوەی ئاسایش لەو شوێنانەی دەستی بەسەردا گرتووە، نەمانەوەی هێچ میلیشیایەکی ئەسەد لە هەردوو گەڕەکەکەی قامشلی، ئاسایشی کوردی داوا دەکات ئەو کەسانەش رادەست بکرێن کە دەستیان لە کوشتنی ئەندامەکەی ئاسایشدا هەبووە، بەڵام بەرگری نیشتمانی سوریا دەڵێت ئەو کەسەی ئاسایشەکەی کوشتووە لە پێکدادانەکاندا کوژراوە.

دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە بەرگری نیشتمانی رژێمی سوریا کشانەوە بۆ گوندەکانی(حامۆ، تەواریج، خیربەت ئەمۆ، تەل تەخیت، ئەلدەمخیە و ریحایا رەش)، کۆنترۆڵی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بۆ شاری قامشلی گەڕایەوە.

ئەوەی بەدەستان هێناوە بۆ خۆتان
روسیا دەیەوێت سەقامگیری رۆژئاوای کوردستان تێکبدات و زۆرترین ناوچەی باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ رژێمی سوریا بگەڕێنێتەوە، بۆیە بەردەوام هانی میلیشیاکانی ئەسەد دەدات تاکو روو لە ناوچە کوردییەکان بکەن، ئەمەش درێژکراوەی سیاسەتی روسیایە لە عەین عیسا و شەهبا.

روسیا کە دەیەویست ئەم ناوچانەی قامشلی بگەڕێتەوە ژێر دەستی رژێم، بەڵام دواتر کە بۆی دەرکەوت رژێم لاواز کراوە، لە گفتوگۆی ئاگربەستەکەدا بە ئاسایشی کوردی وتووە ئەوەی بەدەستان هێناوە بۆ خۆتان، ئەمەش رەنگە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئێران بێت لە سوریا، چونکە لەگەڵ ئەوەی ئەم میلیشیایانە سەر بە دیمەشقن بەڵام لەژێر کاریگەری تاراندان.

لە ئێستادا تورکیا خۆی خستووەتە شەڕێکی نوێوە لەگەڵ گەریلا، زانیارییەکان باس لە زیانە زۆرەکانی تورکیا دەکەن، بۆچوونێکیش هەیە پێی وایە ئەگەر تورکیا لە ئەم ئۆپراسیۆنەدا شکست بهینێت، رەنگە پەلاماری رۆژئاوای کوردستان و شنگال بدات.