ڕاپۆرتی کوردستانی

11:38 - 15/04/2021

بۆردومانی هێزەکانی تورکیا؛ سێ موشەک، کوژراوێک و بریندارێک‌

پەیسەر

چەند موشەکێک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک کران، لە ئەنجامی هێرشە موشەکییەکەدا سەربازێکی تورکیا کوژرا و منداڵێکیش بە سەختی بریندار بوو. هەندێک بەرپرسی تورکی پەکەکە بە هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن و هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هێرشەکەیان ئەنجام داوە.

سێ موشەک
هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک کاتژمێر ٠٩:١٠ خولەکی شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی نیسانی ٢٠٢١ ئەنجام درا، ئەم هێرشەش نیو کاتژمێر پێش هێرشەکەی سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بوو لە ناو فڕۆکەخانەی هەولێر.

لەگەڵ ئەوەی ئامانجی هێرشەکە هێزە سەربازییەکانی تورکیا بووە لە بنکەکەی سنوری باشیک، بەڵام تەنها یەکێک لە موشەکەکان لەناو بنکەکەدا تەقیوەتەوە و موشەکەکانی دیکە لەناو گوندی گودادی سەر بە ناحیەی زیلکان کەوتنە خوارەوە.

تورکیا: سەربازێکمان کوژراوە
وەزارەتی بەرگری تورکیا چەند کاتژمێرێک دوای هێرشە موشەکییەکەی سەر بنکە سەربازییەکەیان لە باشیک راگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئەمشەو هێرشێکی موشەکی کرایە سەر بنکەی سەربازی هێزەکان لە باشیک. لەو سێ موشەکەی ئاڕاستە کران، یەک موشەکیان لەناو بنکەکەدا تەقییەوە و دوو موشەکیان لەناو سنوری گوندی نزیک بنکەکەدا کەوتە خوارەوە.

سەبارەت بە زیانەکان وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سەربازێکیان کوژراوە و منداڵێكی گوندەکەش بریندار بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە دوای هێرشە موشەکییەکە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی ناوچەکە کرا و ئەوەی پێویست ئەنجامی دا.

تورکیا هاتە دەنگ
چەند کاتژمێرێک پاش هێرشەکە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد و نیگەرانی خۆی لەبارەی هێرشەکەوە دەربڕی.

لە دوای هێرشەکە عومەر چەلیک  وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان وتی، "هێزەکانمان بۆ هێنانە کایەی ئاسایشی وڵاتەکەمان لە باکوری عێراقن، هیچ هێرشێکی سەرمان بێوەڵام و بێباج بەجێناهێڵین."

فەخرەدین کۆجا سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش نیگەرانی خۆی لەبارەی هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەیان لە باشیک دەربڕی.

فوئاد ئۆکتای یاریدەدەری سەرۆک کۆماری تورکیاش سەرەڕای دەربرینی نیگەرانی خۆی، هۆشادری بە ئەنجامدەرانی هێرشەکە داو و وتی، "ئەم هێرشە ناپاکە بێوەڵام نابێت و بە هەمان شێوەی خۆی وەڵام دەدرێتەوە."

هەریەک لە زەهرا زومروت سەلچوک وەزیری کار و خزمەتی کۆمەڵایەتی، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ، مەهمەت نوری ئەرسۆی وەزیری کولتور و گەشتوگوزار و چەندین بەرپرسی تورکیا هێرشەکەیان سەرۆکۆنە کرد.

کێ هێرشەکەی ئەنجام داوە؟
بەشێک لە میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر هەیە گروپە چەکدارە عێراییەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشەکەیان ئەنجامدابێت.

پێگەی گروپە عێراقییەکانی سەر بە ئێرانیش بە شێوەی چالاکی و سەرکەوتن باسیان لە هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەی تورکیا لە باشیک کردووە.

پێگەی سابرین نیوز یەکێک لەو پێگانە بوو کە وەک چالاکی و سەرکەوتن باسیان لە هێرشەکە کرد و هێزەکانی تورکیای بە "داگیرکەر" وەسف کرد.

لای خۆیەوە مستەفا دەستیجی سەرۆکی گشتی پارتی یەکێتی گەورەی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بە ئەنجامدەری هێرشە تۆمەتبار کرد و وتی، ئەم هێرشە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجام دراوە.

عەبدوڵا ئاغار مامۆستا لە زانکۆی باخچەشەهیر ئاماژە بەوە دەکات، کە هەوڵ دەدرێت تورکیا بخرێتە ناو ناکۆکییە مەزهەبییەکان و فشاریش بخرێتە سەر ئەنقەرە لەناو عێراقدا. ئەوەشی لەو ناوچەیەدا و دژی تورکیاش حەشدی شەعبی و پەکەکەیە.

ئاغار ئاماژەی بەوەش کرد، هەرکاتێک تورکیا و حکومەتی بەغدا لە یەک نزیک دەبنەوە، هێرشی لەم جۆرە ئەنجام دەدرێت، لە ماوەی داهاتوودا ئۆپراسیۆنی تورکیا لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێت.

سەرۆکایەتی هەرێم: سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەر بنکەی باشیکیان سەرکۆنە کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی هێرشەکەوە دەربڕی.

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هاتووە؛ " زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ تيرۆرستيانه‌ ده‌كه‌ين كه‌ ئه‌مشه‌و كرانه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر و پێگه‌يه‌كى هێزەکانی‌ توركيا له‌ باشيك. هيچ پاساوێك بۆ ئه‌م هێرشانه‌ نييه‌ و له‌ زيان و تێكدانى سه‌قامگيرى و ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخى عێراق، هيچى ديكه‌ى لێناكه‌وێته‌وه‌ به‌ ته‌واوى دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى وڵاته‌."

 

کێ ئامانجە؟
ماوەی چەند مانگێکە هەولێر و هەرێم کراوەتە ئامانی هێرشە موشەکییەکان، بەڵام هێرشە موشەکییەکانی سەر بنکە سەربازییەکەی تورکیا لە رووی کات و ئامانجەوە ئاڵۆزی تێدایە.

تورکیا چەند مانگێکە هەوڵ دەدات بەغدا و هەولێر بخاتە سەر ئەو بڕوایەی کە دەبێت هێرش بکاتە سەر شنگال، ئەم پلانەش بە توندی لەلایەن ئێرانییەکانەوە رەتدەکرێتەوە، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراقیش بە روونی دژایەتی ئەم هەنگاوەی کرد.

حەشدی شەعبی رووی لە شنگال کرد و ئامادەی دەربڕی رووبەڕووی سوپای تورکیا ببێتەوە. ئێستا حەشدی شەعبی و پەکەکە دوو هێزی دەستڕۆیشتووی شنگالن و هەردووکیشیان دژی تورکیان، بۆیە ئێستا روون نییە، ئەم هێرشە پەیوەندی بە کام لەم دوو هێزەوە هەیە.

لەگەڵ هێرشەکە کراوەتە سەر بنکەیەکی تورکی، بەڵام حکومەتی هەرێم پێی وایە ئامانجی ئەم هێرشە و هێرشەکانی سەر هاوپەیمانانیش لە هەولێر هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکەیەتی. ئەو گروپانەشی هێرشەکان ئەنجام دەدەن وەک ئاماژەدان بەم خاڵە باس لەوە دەکەن، هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانە.