09:58 - 30/03/2021
ئۆپراسیۆنە پینج هەزار کەسییەکەی هەسەدە؛ هۆل کۆنترۆڵ دەکرێت؟
لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا، ٤٥ كەس لە کامپی هۆل کوژراون، هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ کۆنترۆڵکردنی کامپەکە ئۆپراسیۆنێکی گەورە و فراوانی ئەنجامدا و نۆ کەسیان دەستگیرکرد. کەمپەکە لە مەترسییەکەی گەورەدایە و تەنهاش هەسەدە کەوتووەتە ژێر باری ئەم بەرپرسیارییەتییە گەورەیەوە.
نۆ دەسگیرکراو
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دوای رووداوە توندوتیژییەکانی ناو کامپی هۆل، ئۆپراسیۆنێکی بە بەشداری پێنج هەزار شەڕڤان و ئەندامی ئاسایش ئەنجامدا و چەند چەکدارێکی داعشی لە کامپەکەدا دەستگیر کرد.
لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا کە ئامانجەکەی کۆنترۆڵکردنی باردۆخی کامپەکە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بووە کە بزوێنەری توندوتیژییەکانن، نۆ کەس دەستگیرکران کە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان "سەرکردەی داعش"ە.
سێ مانگ و ٤٥ کوژراو
ئۆپراسیۆنەکە سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد، ئامانجی گەورەی ئۆپراسیۆنەکە پاککردنەوەی کامپە ٦١ هەزار کەسییەکەیە لە شانە نووستووەکانی داعش و دەستگیرکردنی کەسە دیارەکانیان.
بەهۆی رووداوەکانی توندوتیژییەوە لەم کامپەدا کە زۆربەی بریتین لە خێزان، منداڵ و هاوسەری چەکدارانی داعش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا ٤٥ کەس کوژراون.
ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە
بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، هیچ هێزێکی بیانی بەشداری لە ئۆپراسیۆنەکەدا نەکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە وتەبێژی ئۆپراسیۆنی "پێداگری توند" ئاماژە بەوە دەکات، ئۆپراسیۆنەکەی ناو کامپی هۆل بە پشتیوانی ئەوان ئەنجامدراوە.
واین مارروتو وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاماژەی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، ئامانجی ئۆپرسیۆنەکەی هەسەدە بریتییە لە لاوازکردن و کەمکردنەوەی چالاکییەکانی داعشە، تاکو ئاسایش بۆ دانیشتوانی کامپەکە بگەڕێنرێتەوە.
باسی لەوەش کردووە، لە رێگەی زانیاری هەواڵگری، چاودێری و زانیاری کۆکردنەوەوە پشتیوانی لە ئۆپراسیۆنەکەی هەسەدە کراوە.
سەرچاوەکانی رۆژئاوای کوردستان بە گاردیانیان وتووە، ئامانجێکی دیکەی ئۆپراسیۆنەکە بریتییە لە گەیاندنی هاوکاری و خواردن بەو کەسانەی ناو کامپەکە کە کێشەی خواردنیان هەیە.
ئۆپراسیۆنەکە چی کردووە؟
چەند سەرچاوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاوای کوردستان بە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیان وتووە، لە رۆژی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکەدا ٣٠ کەس راگیراون کە ژمارەیەکیان ژن بوون.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، پەنجە مۆریش لە تەواوی دانیشوانی ناو کامپەکە وەرگیراوە و بە وردیش پشکنین بۆ تەواوی کامپەکە کراوە تاکو هەر چەک و ئامێرێک بدۆزرێتەوە کە لە رووداوەکانی کوشتندا بەکاردەهێنرێت.
کوشتنی ٤٥ کەس تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ لەکاتێکدایە لە هەر ١٢ مانگەکەی ساڵی رابردوو تەنها ٣٣ کەس لە کامپەکەدا کوژرا بوون.
هۆکاری ئۆپراسیۆنەکە
ئەوەی وای لە هەسەدە کرد زووتر ئۆپراسیۆنەکە ئەنجام بدات، راگرتنی خزمەتگوزارییەکان بوو لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکانی ناو کامپەکە.
سەرەتای ئەم مانگە رێکخراوی پزیشکانی بێسنور رایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی توندوتیژییەکان لە کامپەکەدا، بڕیاریان داوە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان و گەیاندنی ئاویش هەڵپەسێرن.
ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە کارمەندێکی رێکخراوی پزیشکانی سنور کوژرا کە خۆی و خێزانەکەی لە کامپەکەدا خزمەتگوزارییان پێشکەشی دانیشتوانی کامپەکە دەکرد و خۆشیان لە کامپەکەدا دەژیان.
هەسەدە تەنیایە
لەگەڵ ئەوەی چەندین جار رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە هۆشداری ئەوەیان داوە کە ئەگەر زۆرە کامپەکە ببێت بە خاکی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و بەرهەمهێنانی نەوەیەکی توندڕەو، بەڵام تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی گەورە لەم بوارەدا نەنراوە.
ماوەی چەند ساڵێکە بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاوای کوردستان داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هاوڵاتییەکانیان لە کامپەکەوە ببەنەوە وڵاتەکانیان، بەڵام هیچ وڵاتێک ئامادەی وەرگرتنەوەی هاوڵاتییەکانی نییە.
رۆژئاوای کوردستان چەند جارێک داوای ئەوەشی کرد کە دادگایەکی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ دادگایکردنی ئەم کەسانە پێکبهێنرێت، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەڵامی ئەم داواکارییەشی نەدایەوە.
کامپی هۆل بارگرانییەکی ئابووری گەورەی خستووەتە سەر شانی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوای کوردستان، چونکە بەڕێوەبردنی کامپەکە و دابینکردنی خواردن و خزمەتگوزاری بۆ ئەم دەیان هەزار کەسە، بودجەیەکی گەورەی دەوێت.