ڕاپۆرتی کوردستانی

09:30 - 29/03/2021

بەرزبونەوەی نرخی مریشك كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە‌

پەیسەر

بەرزبونەوەی نرخی مریشك كاردانەوەی جیاوازی لێدەكەوێتەوە و بەشێك لە كڕیاران و فرۆشیارانیش نیگەرانی خۆیان لەبەرزبونەوەی نرخی مریشك دەردەبڕن و داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن چارەسەری ئەو گرفتە بكەن، وتەبێژی پێشووتری كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانیش دەڵێت، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی مریشك بۆ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، نرخی مریشک دادەبەزێنین.

كڕیاران و فرۆشیاران نیگەرانن لەبەرزبونەوەی نرخی مریشك
لە بەدواداچونێكی پەیسەردا تایبەت بەگرانبونی نرخی گۆشتی مریشك، فرۆشیارێك لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی ڕایگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە نرخی مریشك بەشێوەیەكی خەیاڵی بەرزبوەتەوە و نرخی كۆلۆیەك گۆشتی مریشك بە 4 هەزار و 250 دینارە، ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر یەك كیلۆ گۆشتی مریشك بە هەزار 750 دینار بوە واتە نرخەكەی دوو ئەوەندە زیادیكردووە.

وتیشی، بەرزبونەوەی نرخەكەی پەیوەندی بە هاتنی وەرزی بەهار و كەمبونەوەی مریشكی بەستو هەیە و هاوكات لە خوار و عێراقیش خواست لەسەر مریشك زیادبوە ئەوەش كاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی مریشك هەبووە و ئەوەش بۆ ماوەیەكی كاتیە و پێدەچێت نرخەكەی دابەزێت.

لای خۆیەوە هاوڵاتیەك بە پەیسەری ڕاگەیاند، بەرزبونەوەی نرخی مریشك كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستكردوە و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت و خواستی هاوڵاتیان بۆ كڕینی گۆشتی مریشك كەمبوتەوە و ئەوەش هەر میللەتە باجەكە دەدات و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین چارەسەری ئەو گرفتە بكەن و نرخی مریشك وەك جارانی لێبێتەوە.


 لەلایەكی دیكەوە، لەگەل بەرزبوونەوەی نرخی مریشكدا، بەشێك لە هاوڵاتیان لە تۆرە كۆمەلایەتیان داوای بایكۆتكردنی خواردنی مریشك دەكەن.

دوای زیادبوونی خواستی هاوڵاتیان و كەمی بەرهەمهینانی لەلایەن كێڵگە پەلەوەریەكانەوە، نرخی مریشك بەرزبووتەوە و لە ئێستادا نرخی یەك كیلۆ مریشك سەر و چوار هەزاردینارە، ئەمەش ناڕەزایی هاوڵاتیانی لە تۆرەكۆمەڵایەتیەكان لێكەوتەوەو داوا دەكەن بایكۆتی خواردنی مریشك بكرێت بەمەبەستی دابەزینی نرخەكەی.

هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی مریشك!
ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوەو و ئەوەش كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستكردووە كڵگە پەلەوەریەكانیش هۆكارەكەی بۆ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار دەگێڕنەوە.

نازم عبدوڵا، وتەبێژی پێشووتری كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی ڕایگەیاند، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی مریشك دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیداو گرانبوونی نرخی پێداویستیەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر بەتایبەت مریشك.
وتیشی، لەئێستادا خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە زەرەردان و بەو هۆیەوە نزیكەی 400 كڵێگە جوچكەیان تێنەكراوەو كاركردنیان ڕاگیراوەو پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر كێشەكە بێنەدەنگ و هاوكاری كێڵگە پەلەوەرییەكان بكەن تاوەكو نرخی مریشك زیاتر بەرزنەبێتەوە.

بەڵێنی دابەزاندنی نرخی مریشك دەدرێت
ڕێگە نادرێت نرخی مریشك لەوە زیاتر بەرز بکرێتەوە و لەو نرخە جێگیر دەکرێت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر ڕایگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی مریشک بەڕێژەی زۆر ناسروشتی بەرز بووەتەوە، لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و وەزیری کشتوکاڵ بۆ دابەزینی نرخی مریشک گفتوگۆمان کردووە.

وتیشی، ھەموو ساڵێک لەم کاتانە نرخی مریشك بەھۆی کەمیی بەرھەمھێنان و چەند کێشەیەکی دیکەوە به‌رز بووه‌ته‌وه‌، ئەمانه‌ش بوونەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکە و لە چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا نرخی مریشک زۆر دادەبەزێنین.

دەشڵێت، ناتوانین لە نرخێک جێگیری بکەین، ڕێگەش نادەین ئەو بەرزبوونەوەی نرخی مریشکە جێگیر بکرێت.

پێشتر، نرخی یەك كیلۆ گۆشتی مریشك لە نێوان هەزار و 750 بۆ دوو هەزار دیناربوو، بەڵام ئێستا نرخی یەك كیلۆ لە نێوان چوار هەزار بۆ چوار هەزار 250 دیناردایە.
له‌ هه‌رێمی كورستان هەزارو626 پەلەوەرخانەی مۆڵه‌تدراو و 500 په‌له‌وەرخانەی بێ مۆڵه‌ت هەیە، هەروەها 12 پرۆژه‌ی مریشكی هێلكه‌ی خواردن و 18 پرۆژه‌ی جوجه‌ڵه‌ی دایكانه‌ و پرۆژه‌یه‌كی نه‌ژادی په‌له‌وه‌ر هه‌ن. بەڵام لە رابردوودا بەهۆی مریشکی هاوردەوە بەشێک لەو پرۆژانە داخراون.