ڕاپۆرتی کوردستانی

11:54 - 27/03/2021

ڕێژەی هاتنی گەشتیاران لە بەرزبونەوەدایە‌

پەیسەر

بەراورد بەساڵی ڕابردوو ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان زیادیكردوە و تەنها لە ڕۆژانی جەژندا نزیكەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیانكردووە، گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، ئەمساڵ هیچ بودجەیەك بۆ كەرتی گەشتوگوزار تەرخان نەكراوە و ئەركی پاككردنەوەی شوێنە گەشتیاریەكان خۆبەخشانەبووە، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمیش دەڵێت، كۆرۆنا ڕێگربووە لە هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیاریەكان، پابەند نەبونی بەشێك لە گەشتیارانیش بۆ پاككردنەوەی ناوچە گەشتیاریەكان كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە.

20 هەزار گەشتیار لە ڕۆژانی نەورۆزدا سەردانی سلێمانیان كردووە
بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانی و ناوچەگەشتیاریەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، و تەنها لە ڕۆژانی جەژندا نزیکەی بیست هەزار گەشتیار سەردانی سنوری پارێزگای سلێمانیانكردووە، کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هاتبوون، لەڕۆژانی نەورۆز بەتایبەت 21 ی مانگ، زۆرینەی ناوچە گەشتیاریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی قەرەباڵخبوو بە گەشتیار و سەردانیکەران، قەزای دوکان یەکێک بووە لەو ناوچە گەشتیاریانەی زۆر ترین گەشتیار ڕویتێكردووە.
داسیار محەمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و بەبازاڕکردن لە بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە پەیسەری ڕاگەیاند، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزارەوە پێشوازی لە گەشتیاران كراوە و پێشوازیەکانیش خۆی لەدابەشکردنی ڕێنمایی و بڵاوکراوە و ڕێنمایی گەشتیاری و دابەشكردنی زەرفی خۆڵ و چەندپێداویستیەکیتری گەشتیاری بینیەوە.

وتیشی، لیژنەی باڵای ڕووبەروبوونەوی کۆرۆنا بڕیاری دا ئەوکەسانەی سەردانی سلێمانی دەکەن پێویستە پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت و ئەو گەشتیارەی لە ناوەڕاست وباشوری عێراقەوە هاتبوون مەرج بوو 72 كاتژمێر پێش وەخت پشکنینی کۆرۆنایان كردبێت و بەومەرجە داخڵی پاێزگاکە بووە، گەشتوگوزاری سلێمانی خۆی ئەندامە لە لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاری هاوبەش لە بارەی هاتنی گەشتیارانەوە دراوە و پێویستە ڕێنماییەكان جێبەجێبكرێن.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە 200 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌
له‌ نه‌ورۆزدا به‌ده‌یان هه‌زار گه‌شتیار رویان له‌هه‌ولێر كردوه‌ و پێده‌چێت له‌ رۆژانی داهاتو ژماره‌كه‌ زیاتر ببێت.

نه‌ریمان فازڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر  راگه‌یاند، 34 هه‌زار گه‌شتیار لە ماوەی سێ ڕۆژی‌ نه‌ورۆزدا هاتونه‌ته‌ پارێزگای هه‌ولێر وپێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی نه‌مانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ شاره‌كانی باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق، له‌ رۆژانی داهاتوو ژماره‌كه‌ زیاتر ببێت.

وتیشی‌، هۆكاری كه‌مبونه‌وه‌ی گه‌شتیاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێنمایه‌كانی حكومه‌ت و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو به‌ڕێژه‌ی50٪  كه‌مبكات.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر باسیله‌وه‌شكرد، له‌سه‌ره‌تای ساڵ جموجۆڵێكی باش هه‌بوه‌ و له‌و ناوچانه‌ كه‌ به‌فریان لێ ده‌بارێت چالاكی ئه‌نجامدراوه‌ و گه‌شتیارێكی زۆر سه‌ردانی هه‌ولێریان كردوه‌ و به‌گشتی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ نزیكه‌ی 200 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌.

بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هاتنی گەشتیار زیادیكردوە
ئەمساڵ سەرەڕای بونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابوریەیی كە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بەراورد بەساڵی ڕابردوو زیادیكردووە.

نادر رۆستایی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ بە هۆی جەژنی نەورۆزەوە، رێژەیەكی باشی گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوە و زیاتر لە 55 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیاریەكانیان كردووە.

وتیشی، ئەو گەشتیارانە سەرجەمیان لە ناوخۆی عێراقەوە هاتون، ئەوەش جگە لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێم كە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانیان كردوە چاوەڕێ دەكرێت ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت.

ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردو ژمارەی گەشتیاران زۆر زیادی كردوە، چونكە ساڵی رابردوو بەهۆی كۆرۆناوە گەشتیاران نەیانتوانی سەردانی هەرێم بكەن.

لای خۆیەوە، گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، ڕێژەی گەشتیار بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو بەهۆی کۆرۆنا پێشبینی دەکەین کەمتربکات، ئەوەش بەهۆی ڕێگریكردن لە هاتنی گەشتیارو تاقیکرنەوەكانی خوێندكاران لەم وەرزەدا، هەرچەندە جارێ زووە بۆئەوەی باس لەئامارەکان بکەین چونک ئێمە هەموو ساڵێک 18 تا 28 ی مانگ ئامارەکان وەردەگیرێت و دواتر ئاماری كۆتای ڕادەگەیەنین.

هاوكات، داخستنی دەروازەسنوریەكانی ئێران کاریگەریەکی زۆری هەبوو لەهاتنی گەشتیار، هاوكات دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر بە دینار ئەوەش بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی گەشتیار هەبووە و ڕێژەكە بەشێوەیەكی گشتی كەمیكردووە.

كۆرۆنا و قەیرانی دارایی زیانیان بە پلانەكانی گەشتوگوزار گەیاندووە
داسیار محەمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و بەبازاڕکردن لە بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند، ئێمە وەک بەڕێوبەرایەتی گەشۆوگوزاری سلێمانی ساڵانە پلانی خۆمان ئاراستەی سەروخۆمان کردووە، ئەمساڵیش پلانمان ئاڕاستەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەڕیمكردوە، بەڵام ڕەنگەنەتوانرابێ پلانەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن بەهۆی بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاوكات ئەوقەیرانە سەختە دارایەیی كە هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، بۆ ئەمساڵیش ئەو ترسەمان هەیە كە نەتوانرێت پلانەكانی گەشتوگوزار جیبەجێبكرێن.

وتیشی، وەکو گەشتوگوزاری سلێمانی بەپێی توانای دارایی خۆمان ئەتوانین ئامادەکاری بکەین، ئەگەر باسی ساڵەکانی 2018 _2019 و ساڵەکانیتر بکەین توانیبێتمان ئامادەکاری باشتربکەین چونکە، قەیرانی دارای خۆی کێشەیەکی گەورەیە بۆبەڕێوبەرایەتیەکانی گشتی گەشتوگوزار.

ئەوەی ئێمە توانیبێتمان دابەسکردنی زەرفی خۆڵ ڕێبەرو نامیلکەوڕێنمایی پێویست دابەشکراوە بەسەر گەشتیاراندا، ئەو بڵاوکراوانە هی ساڵانی پێشترە کە بودجەیەکی پێویست لەبەردەستدابووە، ئەگەر باسی ئەمساڵ بکەین هیچ بودجەیەکی پێویست لەبەردەستدا نەبووە و کارەکان زۆربەی خۆبەخشانەبووە، بەڕێوبەرایەتیەکانی سەر بەبەڕێورایەتی گشتی هەڵەبجەو ئیدارەی ڕابەڕین و دوکان بەخۆبەخشانە بەشداری ئەم نەورۆزەیان کردووە، بەهۆی قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بودجەی پێویست بۆ كەرتی گەشتوگوزار و نەورۆزی ئەمساڵ دابین نەكراوە.

گللەیی لە پاككردنەوەی شوێنە گەشتیاریەكان دەكرێت!
ئەو تیمانەی كە لەلایەن قایمقامیەتەکان و شارەوانیەكانەوە تەرخانكراون و گرێبەستیان لەگەڵ كراوە هەڵدەستن بە پاکردنەوەی ناوچە گەشتیاریەكان، ئەمساڵیش بەشێوەیەکی باش توانراوە ئەركەكانی خۆیان لە پاككردنەوەی ناوچە گەشتیاریەكان جێبەجێبكەن بەڵام بەداخەوە لە بەشێك لە ناوچە گەشتیاریەكان هاوڵاتیان و گەشتیاران هۆشیاری پاككردنەوەی شوێنەگشتیەكانیان نیە و ئەوەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە.

هەرێمی كوردستان بە چەندان ناوچەی گەشتیاری دەوڵەمەندە، پشتگویخستنی كەرتی گەشتیاری و هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیانی زۆری بەو كەرتە گەیاندوە.

هاوكات، داگیركردنی بەشێكی زۆر لە ناوچە گەشتیاریەكان لەلایەن بەرپرسانی حكومی و حیزبیەوە زیانێكی زۆری بە كەرتی گەشتیاری گەیاندوە و حكومەتی هەرێمیش بێدەنگە لە ئاست گەڕانەوەی ئەو موڵكانە و پێشخستنی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان.