ڕاپۆرتی کوردستانی

01:35 - 24/03/2021

تەرمی د. کەمال مەزهەر لە سلێمانی بەخاك دەسپێردرێت‌

پەیسەر

لە مەراسیمێكی شایستەدا و بەبەشداری ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حیزبی و وەزیری ناوخۆی عێراق، تەرمی د. کەمال مەزهەر گەڕێندرایەوە بۆ گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر، وەك ناوێكی درەوشاوە لە مێژووی كورددا دەمێنێتەوە. بەبڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش ناوەندێکی زانستی بە ناوی د. کەمال مەزهەر دەکرێتەوە.

رێوڕەسمی رێزلێنان لە تەرمی د. کەمال مەزهەر
دوایی ئەوەی شەوی رابردوو تەرمی پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر لە ئەڵمانیاوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکرا و دواتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێكرا و دواتر بەرەو سلێمانی بەڕێكرا.

لە مەراسیمی ماڵئاوایكردن لە تەرمی د. کەمال مەزهەر، ، ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومی و حیزبی و عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق بەشداربوون و تاجە گوڵینەیان لەسەر تەرمەكەی دانا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمەكەدا ڕایگەیاند، د. کەمال مەزهەر، لێكۆڵینەوەی گرنگی لەسەر كورد و ناوچەكە و مێژووی كوردستان نوسیووە و وەك ناوێكی درەوشاوە لە مێژووی كورددا دەمێنێتەوە.

وتیشی، د. کەمال مەزهەر زەمینەسازیكرد بۆ ئەوەی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا ڕێزلێگیراو بێت و زەحمەتیەكی زۆری كێشاوە بۆ ئەوەی مێژووی كوردستان لە بەڵگەنامەكان دەربهێنێت و زانایەكبوو لە بواری مێژووی كوردستان و لێكۆڵینەوەی گرنگی لەو بوارەدا نوسیوە و بەلێكۆڵینەوەكانی جوانی پێكەوە ژیانی نیشانداوە.

لە سلێمانیش، رێوڕەسمی رێزلێنان لە تەرمی د. کەمال مەزهەر سازكرا و بەرپرسانی شارەكە پێشوازییان لە تەرمەكەی كرد.

ڕۆژی سێشەممە 16-03-2021  د. کەمال مەزهەر لە نەخۆشخانەیەکی شاری بۆنی ئەڵمانیا بە نەخۆشییەکی درێژخایەن کۆچی دواییکرد.

ناوەندێکی زانستی بە ناوی د. کەمال مەزهەر دەکرێتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر، ڕایگەیاند، لەدەستدانی د.کەمال مەزهەر خەسارەتێکی یەکجار گەورەو زیانێکی لەقەرەبوکردنەوە نەهاتوە، بەڵام تەنها دەتوانین دڵی خۆمان بەوە بدەینەوە کە ئەم زاتە لە ماوەی ژیانی پڕ شکۆی خۆیدا دەیان خوێندکاری بە ئەمەکی بۆدرێژە پێدان بە ڕێگاو ڕێبازە نیشتیمانی نەتەوەیی و زانست دۆستییەکەی پێگەیاندوە کە مەحاڵە بهێڵن ڕێبازەکەی بەبێ ڕێبوار بمینێتەوە.

لە بەشێكی پەیامەكەدا هاتوە، هەر بۆیە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت دەکەینەوە لە پەیام و ئامانجە بەرزەکانی پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر، و بەڵێنی بەردەوامی ڕێبازەکەی و بەرز ڕاگرتنی مەشخەڵ و پەیامە زانستی و نیشتمانیەکانی دەدەین، هەر لێرەشەوە دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوەی پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر بۆ دیراساتی مێژویی و ڕۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی سلێمانی ڕادەگەیەنین، بەو هیوایەی ئەم ناوەندە زانستییە ببێتە وێستگەیەک بۆ درێژەپێدانی ڕێبازە زانستییەکەی و لەم ڕێگەیەوە توێژەران و سکۆڵەرەکانی بواری مێژوی کوردو ڕۆژهەڵاتناسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بتوانن درێژە بە کاروانی زانستیی مامۆستای کۆچکردو بدەن.

د. کەمال مەزهەر ئەحمەد ڕەسول لەشارۆچکەی (ئاغجەلەر)ی سەر بەشارۆچکەی (چەمچەماڵ)ی سەربە پارێزگای سلێمانی لەساڵی (١٩٣٧ز) لەدایکبوە. (چەمچەمال لەسەردەمی بابانییەکان سەر بەشاری سلێمانی بوە دواتر لەگەڵ هاتنی بەریتانییەکان بوەتە بەشێک لەکەرکوک و دواتر لەساڵی 1975 خراوەتەوە سەر سلێمانی).

بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان بنەچەی دكتۆر كەمال بەم شێوەیەیە: كەمال كوڕی مەزهەر كوری ئەحمەدە فەندیی لە نەوەی زوڵاڵ ئاغای قارەمان و بەناوبانگە، زوڵاڵ ئاغا برای جوامێر ئاغای ڕەنگێنەیە كە دوو قارەمانی مێژووی كوردن و دوو لە دوانزە سوارەی مەریوانن.

قۆناخەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردوون، ساڵی 1959 بەشی مێژووی کۆلیژی ئەدەبیاتی لە زانکۆی بەغداد بە پلەی شەرەف تەواوکردووە، ساڵی 1959 لەگەڵ ئەو خوێندکارانەدا بووە کە نێردراون بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و لە ساڵی 1963 دکتۆرای لە مێژووی هاوچەرخی کورد بەدەستهێناوە، ساڵی 1969 لە هەمان وڵات وەك یەكەمین كورد بڕوانامەی دکتۆرای ناوک بەدەستدەهێنێت و دواتر وەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی کورد خزمەتێکی زۆری کردووە ،چەندین بەرهەمی وەکو کتێب لەسەر مێژووی کورد و جیهان چاپکردوون.

لە ژیانی خۆیدا  د.کەمال مەزهەر مێژوونوس و لێكۆڵەر ئەم کارانەی كردووە:
‌- مامۆستایی ئامادەیی لە (ئەیلولی 1959ز – ئازاری 1960ز).
‌- مامۆستا لەبەشی مێژوو، کۆلێژی ئاداب – زانکۆی بەغدا لە تەموزی 1970 تا خانەنشین بونی لە (2009ز).
‌- ئەمینداری گشتی کۆڕی زانیاری کوردی (1971 – 1975).
- ئەندامی ئەکادیمیای زانستی کوردستان بووە تا ئەو كاتەی كۆچی دوایی كردووە.
-ساڵی 1981 بووەتە پرۆفیسۆر لە مێژووی كوردیدا.
- ساڵی 1985 هاوسەرگیریی كردووە لەگەڵ خاتوو شەهلا تاهیر حەیدەری و بەردەوام پاڵپشتی بووە لە بواری نوسین و كۆمەڵایەتیش دا و تا دوا ساتەكانی تەمەنی وەك هاوسەرێكی بەوەفا خزمەتی كردووە.

 (د. ڕەحیمی قازی) سەرپەرشتیاری یەكەم تێزی دكتۆراكەی گوتوویەتی: من لە نامەكەی كەمال مەزهەر زۆر شت فێر بووم كە پێشتر نەمدەزانی، بۆیە بۆ نووسەر كارێكی ئاسان نیە ڕۆڵی ئەو مێژوونووسە لە لێكدانەوەی مێژووی كورد بنرخێنێ و هەقی خۆی بداتێ، بە تایبەت كە تەواوی تەمەنی خۆی بۆ زانست و خزمەتی مرۆڤایەتی و نەتەوەكەی تەرخان كردوە لەو بوارەدا دەیان كتێب و سەدان توێژینەوەی زانستی و باس و وتاری پێشكەش بە خوێنەرانی كردوە هەر لەبەر ئەوە نەتەوەی كوردیش دەبێ شانازی بەوەوە بكات كە مێژوونووسێكی وەهای تێدا هەڵكەوتوە.

وەك شارەزایان باسی دەكەن لەسەرەتای لاوێتی ئەندام بوە لەحیزبی شیوعی و بۆ ماوەی (١) ساڵیش بەشداری شۆرشی کوردی کردوە (1974 – 1975ز) و دواتر خۆی یەكلایی كردووەتەوە بۆ نوسین و دوور كەوتوەتەوە لە كاری حیزبی و تەنانەت هەندێ لە كارەكانی لە بەغداد و لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی كە زانراوە لە ڕووی زانستییەوە كارەكانی ئەنجام دەدات و خۆی لە قەرەی سیاسەت نادات، ڕێزی لێگیراوە.

د.کەمال مەزهەر چەندین سوپاس و ڕێزی تایبەتی وەرگرتووە لەپای ئەو كارە مێژویی و ئەكادیمیانەی كە كردوونی لەوانەش:

- ڕێزلێنان لەلایەن دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی سەردەمی سەدام حسێن لەسەر توێژینەوەیەک بەناونیشانی (المفكر و مهمات المرحلە فی چو‌و تجربە الكومیدیا الالهیە لدانتی) (1984ز).
‌- رێزلێنانی مێژونوسی عەرەبی لەلایەن یەکێتی مێژونوسانی عەرەب (1986ز).
‌- بروانامەی رێزگرلێنان، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندنی عێراقی (1987ز).
‌- سیمبولی رێزلێنان لەلایەن کۆمەڵەی رۆشنبیری عێراقی (1995ز).
‌- درعی ئیمتیازی ئەدەبی لەلایەن یەکێتی نوسەران لەعێراق (1995ز).
‌- بروانامەی رێزگرتن لەلایەن یەکێتی گشتی نوسەران و رۆشنبیران لەعێراق (1995ز).
‌- کۆمەڵێک ریزلێنانی دیکە لەلایەن ناوەندە کوردییەکان.

د.کەمال مەزهەر جگە لەوەرگێرانی (٢) کتێبی و سەرپەرشتی سەدان نامەی ماستەر و دکتۆرا و هەڵسەنگاندنی بۆ دەیان کتێب کردوە، بەرهەمەکانیشی بەنزیکەی سەروو (30) کتێب دەبن و دابەش ئەبن بۆ چەند پۆلێک، ئەوانیش:-

- ئافرەت لە مێژوودا: کورتە باسێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی.
 - بەتەمای دەمەتەقێ یەکی دۆستانەو دیموکراتی بووم، بووم بە کاکە حەمەی کورد!
 - تێگەیشتنی راستی؛ شوێنی لە رۆژنامەنوسی کوردیدا.
- چینی کرێکارانی عێراق.
- چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد - بەرگی 1  و  بەرگی 2
– خەباتی رزگاریخوازی کورد و ئازەر لە ئێران
 - رێنیسانس.
 - زاراوەی کارگێڕی، (عەرەبی کوردی).
- کوردستان لەسالەکانی شەری یەکەمی جیهاندا.
- میر.
- مێژوو.

هەندێک لە بەرهەمەکانی زمانی عەرەبی
 - الاکراد (ملاحڤات وانگباعات)، الاکراد احفاد المیدیین.
 - انتفاچە عام 1925 فی کردستان ترکیا.
 - پورە العشرین فی الاستشراق السوڤیتی.
 - حول مسالە القگاع بین الکرد.
 - دراسات فی تاریخ ایران الحدیپ والمعاصر.
 - دراسە تأریخیە.
 - الشعب الکردی فی پورە العشرین العراقیە.
 - موقف العراقیین من النڤام الفیدرالی.
- کرکوک وتوابعها، حکم التاریخ و الچمیر.

بە زمانی ڕووسی چەند كتێب و بەشدارییەكی هەیە لەوانەش:
خەباتی ڕزگارکەری کوردان دژ بە ئیستیعماری بریتانیا لە ساڵانی  1918/1932ی زایینی
کورتەیەک لە مێژووی کوردەکان لە ساڵانی ١1918/1958ی زایینی
بەشدرایکردن لە نووسینی کتێبەکانی: پەیدابوونەوەی چینی کرێکار لە وڵاتە ئاسیاییەکان و ئەفریقاییەکان
لە بواری وەرگێڕانشدا خاوەنی ئەم بەرهەمانەیە:
سەبارەت بە فێئۆدالیزم لە نێو کوردەکان ئا. شامیلۆف
وەرگێڕانی ٥ کتێبی وانەیی زانکۆ
کوردەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی

وەك یەكێك لە سیاسەتمەدارانی كورد لە چلەی ماتەمینی دكتۆر عیزەیدن ڕەسوڵدا گوتی: كاتێك دكتۆر كەمال مێژووی كوردی دەنوسییەوە هیچ یەكێك لەوانەی ئێستا حكومەتی هەرێم بەڕیوە دەبەن لە دایك نەبووبوون، بەڵام ئێستا ئەو نەخۆشەو توانای قسەكردنیشی نییە، بەڵام بۆچی ناچن بەهانایەوە لە كاتێكدا كە بە زەحمەت دەتوانن پارەی چارەسەركردن و دەرمانەكانی دابین بكەن، ئەو گوتیشی ئەگەر حكومەت ئەو كارە نەكات خۆی شەرمەزاریی بەردەم مێژوو و ئەو مێژوو نووسەش دەكات كە توانیویەتی بە قەڵەمەكەی مێژووی كورد لە ژێر چنگی شۆڤیەنیەتی سێ داگیركەری گەورەی وەك تورك و فارس و عەرەب دەربهێنێت، بەڵام دوای كۆچی دواییەكەی هەموویان كەوتنە بروسكەو ناردنی پرسەنامە، ئەوە لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی حكومی و بڕیار بەدەستان پارەی زۆریان بۆ كەسانێك سەرفكردووە كە نەك هەر سوودێكیان بۆ نەتەوەی كورد نەبووە بەڵكوو زیانی گەورەشیان هەبووە.

دكتۆر كەمال مەزهەر دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەبێت و پاشان توانای قسەكردنی نامێنێت و چەند ساڵیك بەو نەخۆشییەوە دەمێنێتەوەو تەنها هاوسەر و كەس و كارەكای پێی ڕادەگەن، دواجار لە رۆژی پڕ لەكارەساتی كوردو كیمیایی بارانی هەڵەبجە 16/3 ی ئەمساڵدا كۆچی دوایی كرد.