ڕاپۆرتی کوردستانی

11:18 - 23/03/2021

لەسەر دواین ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغداد هۆشداری بە كورد دەدرێت‌

پەیسەر

حکومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر دوو پێشنیاز بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد دەردەبڕێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی هەرێم و بەغداد ئابوری نیە و سیاسییە، شەرعیەتدانە بە فرۆشتن و تاڵانکردنی نەوت، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عیراقیش دەڵێت، ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد زەحمەتە.

 

 هەرێم ئامادەیە یەکێک لە دوو پێشنیازەكە جێبەجێ بکات
حکومەتی هەرێم رەزامەندی داوە یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێبکات، كە لەگەڵ حكومەتی ناوەند ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە، لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021.

دوو دەقەكەش یەكێكیان دەقەکەی حکومەتی فیدڕاڵیە یان ئەو دەقەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان رێککەوتنی لەسەر کراوە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەکۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و لایەنەکان سیاسییەکانی عێراقدا لەسەر دوو پێشنیاز رێککەوتوون و هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێبکات.

ڕێككەوتنەكانیش بریتین لە: رێککەوتنەکەی هەرێم و حکومەتی عێراق کە خراوەتە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 یان ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بەشێک لە کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی ئەنجامدراوە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان.

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕو، حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە بۆ  جێبەجێکردنی هەریەکێک لەو دوو پێشنیازەی پەیوەست بە پشکی هەرێم لە بودجەدا رێککەوتنی لەسەر کراوە. شاندی هەرێم، دوای دواخستنی دەنگدان لەسەر پرۆژەی بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بەغدای بەرەو هەرێمی کوردستان بەجێهێشت. 

پێش دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕێککەوتنی نێوان شاندی هەرێم و لایەنە شیعییەکانی پەسەندکرد، کە تایبەتە بە رادەستکردنی 460 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان.  

هۆشداری دەدرێت لە خراپی ئەو ڕیككەوتنەی شاندی هەرێم واژۆیكردووە
لایەنە شیعەکان بڕگەیەکیان لە ماددەی 11ـی تایبەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان زیادکرد، كە تێیدا هەرێم پابەند دەكات بە ڕادەستكردنی تەواوی نەوتەكە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، ئەم رێککەوتن ئابوری نیە بەڵکو سیاسیە، شەرعییەتدانە بە فرۆشتن و تاڵانکردنی نەوت بەم رێگا تاڵانکاریەی ئێستای.

رێبوار کەیم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر نەوتی هەرێم هەموی رادەستبکرێت پارەکە هەموی دێت، ئەگەر داهاتەکەی رادەستبکەن ئەوا ئەوکات دو بەرمیل و نیو بە پارەی یەک بەرمیل دەبێت بدەن بە بەغداد، ئەم رێککەوتن ئابوری نیە بەڵکو سیاسیە، شەرعییەتدانە بە فرۆشتن و تاڵانکردنی نەوت بەم رێگا تاڵانکاریەی ئێستای، هەروەها شەرعییەتدانە بە رێککەوتنێکی سێ لایەنەی بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوی عێراق، ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە گوزەران و باشترکردنی ژیانی خەڵکەوە نیە بەم سیغەیەی ئێستا.

وتیشی، هەرچی سەرکردایەتی کوردی و عێراقیی هەیە بەگیرمان هێناون بۆ مافی میللەتەکەمان، لەسەر ئەو بڕگەیەی کە دەڵێت، حکومەتی عێراق راستەوخی مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات توچی کێشەی زۆر بوینەتەوە، گەیشتونەتە ئەو ئاستەی کە پێشبینی ناکەین.

ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد زەحمەتە
شیعەکان بەڕاستی ئەو وەرەقەی پێشکەشیان کرد لەلای ئەوان وەرەقەیەکی تەواوکراو بوو لەوانەیە یەک دوو خاڵیان باس نەکردبێت، ئەو ڕۆژە باسیانکرد بەڵام لەبنەڕەتدا وەرەقەی ئەوان وەرەقەیەکی تەواوبوو لەسەر ئەوە بوو کە 460 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت هەرێمی کوردستان ڕادەستی بکات نەک 250 هەزار بەرمیل بەڵام بەمەرج واتە کەباسی 460 هەزار بەرمیل نەوتیان کرد بابەتەکە بابڵێین کۆمەڵێک خاڵی تری تێدابوو لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوو ئەویش بەوەی لەو 460 هەزار بەرمیلە بەشێکی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بڕوات و بەشێکیشی بۆ دەستحەقی کۆمپانیاکان بڕوات و هەتا دوایی بەنزیکەیی ئەوەی کەهەر دەمایەوە 250 هەزارەکەبوو زیاتر نەبوو بەڵام ئەو خاڵەی تر کەئەوان ئەوکات باسیان نەکردبوو، ئەو ڕۆژە باسیان لێوە کرد بەڵام لەخودی پێشنیارەکە هەبووە ئەویش ئەوەبوو کەدەبێت حکومەتی عێراقی هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت مانگانە هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات واتە دەبێت هەتا سەری مانگ چاوەڕێ بکەن، هەموو مانگێک حکومەتی عێراق، وەزارەتی دارایی چاوەڕێ بکات هەتا سەری مانگ، سەری مانگ ئینجا وەزارەتی دارایی هەماهەنگی بکات لەگەڵ سۆمۆ بۆئەوەی کە بزانن بەکردار هەرێمی کوردستان چەندی ڕادەستکردووە بەگوێرەی ئەو ڕادەستکردنە پارە بۆ هەرێمی کوردستان دێت.

د.فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عیراقی فیدراڵ بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، دەبێت ئەو ڕاستیە بزانیین ئەوان ئیستغلالی بارودۆخی هەرێمی کوردستانیان کردووە بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان حیزبەسیاسیەکان یەک دەست نیین، یەک دەنگ نیین، ڕاستە لەبەغداد یەک دەنگن کوتلەکان بەڵام لەناو هەرێمی کوردستان تۆزێک گرفتمان هەیە دەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت خۆشبەختانە لەهەواڵەکان گوێم لێ بوو کەکاک نێچیرڤان وەکو سەرۆکی هەرێم داوایکردووە پاش نەورۆز هەموو حیزبە کوردستانییەکان کۆببنەوە لەسەرۆکایەتی هەرێم بۆئەوەی کەیەکگرتووبن لەهەموو هەڵوێستەکانیان نەک تەنها لەهەندێک هەڵوێست کەبۆ پێویستی بڵێن پشتیوانی یەکتر بکەن بەڵکو لەهەموو هەڵوێستەکان یەکگرتووبن بەبۆچونی من ئەگەر ئەوە بکەن ئەوە خاڵێکی باش دەبێت بۆئەوەی کەهەفتەی داهاتوو وەفدی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغداد بتوانێت لەهەڵوێستی بەهێزەوە قسە لەگەڵ کوتلە شیعەکان بکات.

وتیشی، کوتلە شیعەکان دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە ئەو بابەتە لایەنی سیاسی زۆر تێدایە ڕاستە لایەنی ئابوریشی تێدایە بەڵام لایەنە سیاسیەکە سەرکەوتووە بەسەر لایەنە ئابورییەکە.

د.فازڵ نەبی، ئاماژەی بەهۆکاری سەرنەگرتنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد کرد و دەڵێت" هەردوو هۆکار هەبوو، یەکەم ئەوان ئەگەر لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەگەیشتنە ئەنجامێک هەندێکیان خۆیان دەیانەوێت ئەوە بکەنە بەڵگە کەهەرێمی کوردستان نەهاتۆتە ژێرباری ڕێککەوتنەکە بۆیە دەڵێن ئێمە دوامانخستووە بۆ هەفتەیەکی تر کەلەڕاستیدا لەنێوان خۆشیاندا ناکۆکن واتە لەسەر کۆمەڵێک خاڵ لەنێوان خۆیان ناکۆکن، بەڕاستی بڵێین خاڵە سەرەکیەکە ئەوەیە زۆربەی کوتلە شیعەکان لەبنەڕەتدا حەز ناکەن ئەمساڵ بودجە پەسەند بکرێت چونکە لەبودجە لایەنی وەبەرهێنانیش هەیە، لایەنی وەبەرهێنان بڕێکی باشی بۆ دانراوە نایانەوێت ئەو بڕە بکەوێتە ژێردەستی حکومەتی کازمی، وە کۆمەڵێک پڕۆژە لەعێراق دەست پێبکات، ئەو پرۆژانە بابڵێین ببنە شتێکی باش و وەک خاڵی ئیجابی بۆ کازمی وەکو سەرۆک وەزیران بۆ هەڵبژاردن بەکاری بهێنێت و بتوانێت دەنگێکی زۆر بهێنێت بۆیە زۆر لەلایەنە شیعەکان ئەو ترسەیان هەیە لەبنەڕەتدا حەز ناکەن بودجە پەسەند بکرێت بۆئەوەی تەنها مووچە بدرێت و مەسروفاتی تەشغیلی بکرێت تەنها لەو لایەنە.

خاڵی دووەمیش خاڵی ناکۆکییە لەنێوان دوو کوتلە سەرەکیەکەیە کە (سائیرون و فەتح) ن، فەتح لەگەڵ ئەوەیە کەدەبێت نرخی دیناری عێراقی بگۆڕدرێت وە داوا دەکات دەڵێت ئەگەر هاتوو نەیگۆڕێت ئێمە دەنگ نادەین و نایەینە ناو هۆڵی هۆڵی پەرلەمان دەنگ بە بودجەکە نادەین، بێگومان فەتح زۆرن کۆمەڵێک کوتلەن لەناو کوتلەی فەتحدان لەهەمان کاتدا سائیرون بەپێچەوانەی ئەوان دەڵێت نەخێر ئەگەر دەست لەسەر نرخی دینار بدرێت ئێمە دەنگ نادەین بەبودجە، واتە دوو کوتلە گەورەکەی شیعە دژی یەکترین لەسەر ئەو بارودۆخە بابەتەکەش لەبنەڕەتدا پەیوەندیدار نییە بەپەرلەمانەوە بەڵکو پەیوەندیدارە بەبانکی ناوەندی، پەرلەمان ناتوانێت دەست لەمەسەلەی نرخی دیناری عێراقی بدات بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەوە بیانویەکە بەیەکتری دەفرۆشن ئەوەش خاڵێکی ترە کە ئێستا ناکۆکی خستۆتە ناو کوتلە شیعەکان.

لایەنە شیعەکان چییان لە هەرێمی كوردستان دەوێت؟
لە دواین ڕیككەوتنی هەرێم و بەغداد، لایەنە شیعەکان بڕگەیەکیان لە ماددەی 11ـی تایبەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان زیادکرد، كە تایبەتە بەپشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاساکەدا مەرج بۆ ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان دادەنێن.

بەپێی ئەو گۆرانکارییانەی لایەنە شیعەکان کردوویانە، لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنەکە، حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت.

پێشتر وا بڕیار بوو لە بەرامبەر پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنەکە، یاسای چاودێریی دارایی پەیڕەو بکرێت و لە بەرامبەر نەناردنی هەر بڕێک کەمتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوا هێندەی ئەو بڕە لە بودجەکەی هەرێمی کوردستان کەمدەکرێتەوە.

بەپێی ڕێككەوتنەكە، بڕیارە هەرێمی کوردستان بڕی 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بکات و دواتر 30 هەزار بەرمیل نەوت بۆ کارەبا و 180 هەزار بەرمیلی دیکەی بۆ تێچووی دەرهێنان، هەروەها 20 هەزار بەرمیل بۆ پەترۆدۆلار دەدرێتەوە بە هەرێمی کوردستان. بەڵام دەبێت ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆی دەکات لە 250 هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، حکومەتی عێراق رێژەی 12.67٪ـی بودجەی گشتی بۆ هەرێمی کورستان دەنێرێت.

وابڕیارە، پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پەسندکردنی بودجەی 2021 رۆژی 27-03-2021 كۆببێتەوە، پێش ئە‌نجامدانی كۆبوونە‌وە‌كە‌ی پەرلەمانی عێراق، شاندی حكومە‌تی ھە‌رێمی کوردستان دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ بە‌غداد و درێژە‌ بە‌ ھە‌وڵە‌كانی دە‌دات بۆ تێپەڕاندی ئە‌و دە‌قە‌ی رێككە‌وتنی لە‌سە‌ر كراوە‌ لە‌لایە‌ن‌ ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێراقەوە.

بودجەی گشتی عێراق، له‌ 164 ترلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه‌ و لیژنه‌ی دارایی 40 كۆبوونه‌وه‌ و 450 میوانداری تایبه‌ت به‌و بودجه‌یه‌ی رێكخستووه‌ و توانراوه‌ بودجه‌كه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ بۆ 130 ترلیۆن دینار و بڕی كورتهێنانیش بگه‌یه‌ندرێته‌ 28 تا 29 ترلیۆن دینار و هه‌روه‌ها خه‌رجی حكومه‌ت كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و پشكی وه‌به‌رهێنان زیاد كراوه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ده‌ستكاری كردووه‌، په‌سند بكرێت، ئه‌وا پێ ده‌نێینه‌ 2022 و عێراق كورتهێنانی نابێت و یه‌ده‌گی دراوی نیشتمانی زیاد ده‌بێت و سه‌رچاوه‌ی داهاتی وڵاتیش زۆرتر ده‌بن.
بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، بەڵام کەمدەبێتەوە، بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی فیدراڵی خەرجکراوی ساڵی 2021 دەبێت.