09:39 - 20/03/2021
نەورۆزی خوێناوی سنە چۆن بوو؟
لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو نەورۆزی خوێناوی تێپەڕکرد، هەربۆیە لەو کاتەوە لە ئەدەبیاتی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستاندا شاری سنە بە شاری سنەی خوێناوی ناوی دەهێنرێت.
رووداوی یەکەم بە نەورۆزی خوێناوی سنە ناسراوە لە نەورۆزی ١٩٧٩دا شەڕ لە نێوان سوپای ئێران و هاوڵاتیانی ئەو شارەدا ڕوویدا کە زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی کوژران و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش برینداربوون.
رووداوی دووەمیش لە دوای نەورۆزی ١٩٨٠ ڕوویدا کە بە شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە بەناوبانگە، پێشمەرگە و خەڵک بۆ ماوەی ٢٤ رۆژ لە بەرامبەری هێرشی سوپای ئێران بۆ سەر شارەکە خۆڕاگریان کرد و ڕێگەیان نەدا سوپا شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات، لەو شەڕەدا بەپێی ئامارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەنێوان ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش نزیکەی ٢٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانەکانی سوپاوە کوژراون، شاری سنە لەو ماوەیەدا گەمارۆ درابوو، خەڵک جەنازەی کوژراوەکانیان لە حەوشەی ماڵەکانیان بە خاک دەسپارد، لە ماوەی داهاتوودا لە پەیسەرپرێسەوە لە راپۆرتێکی تایبەتدا راستی رووداوەکانی شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە دەخرێتەڕوو، بەڵام لەم راپۆرتەی ئێستادا تەنیا چیرۆکی رووداوی یەکەم واتە نەورۆزی خوێناوی ١٩٧٩ دەگێڕینەوە.
نەرۆزی خوێناوی سنە چی بوو و چۆن ڕوویدا؟
یەکەم پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامی و خەڵکی کوردستان تەنیا چل ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ ڕوویدا، لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران خەڵک پەلاماری بنکە سەربازییەکانی سوپای رژێمی پاشایەتیان دا و دەستیان بەسەر چەکوچۆڵەکاندا گرت، لە کوردستانیش بە هەمان شێوە خەڵک لە شارەکانی مهاباد و سنە هێرشیانکردە سەر بنکەکانی سوپا، لە مهاباد خەڵک توانیان بەبێ کێشەیەکی ئەوتۆ دەست بگرن بەسەر بنکەی سوپادا، بەڵام لە سنە هێرشی خەڵک بۆ سەر بنکەی سوپا کێشەی گەورەی لێکەوتەوە، خومەینی و حکومەتی ناوەندی پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە کوردستان پشتگیریان لە سوپا کرد، کاتێک لە شوێنەکانی دیکەی ئێران خەڵک هێرشیان دەکردە سەر بنکەکانی سوپا لەلایەن حکومەتی تارانەوە و ئایەتوڵا خومەینییەوە وەک کردارێکی شۆڕشگێڕانە لێکدەداریەوە، بەڵام هێڕشی خەڵکی کوردستان بۆ سەر بنکەکانی سوپا بە ئاژاوەگێڕی و جێبەجێکردنی پلانی دوژمنانی ئیسلام لێکدرایەوە.
لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش ڕێکخراوە جیاوازەکان لە شارەکانی کوردستان و بە تایبەت لە سنە دەستیانکرد بە خۆڕێکخستن و کردنەوەی بنکە و بارەگا و بە فەرمی و ئاشکرا کار و چالاکییەکانی خۆیان دەستپێکرد، هێزە چەپەکان بە تایبەت ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی گەل لە سنە ناوەندی هاوکاریی هێزە دیمۆکراتییەکانیان دامەزراند. کۆمەڵێکی دیکە لە چەپەکان کە گرێدراوی هیچ ڕێخکراوێک نەبوون و بە گشتی بە هێڵی سێهەم دەناسران، لەگەڵ هەندێک کادیری کۆمەڵە کە تازە دامەزرانی خۆی ئاشکرا کردبوو، ڕێکخراوێکیان بە ناوی کۆمەڵەی پاراستنی ئازادی و شۆڕش دامەزراندبوو.
لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیش لە هەوڵی ئەوەدابوون شوێن پێیەک بۆ خۆیان لە سنە دروست بکەن، مەلایەک بە ناوی شێخ عەلی سەفدەری کە پێشتر وتاربێژی نوێژی هەینی شیعەکانی سنە بوو وەک سەرپرشتیاری ناوەندی فەرماندەیی بنکەی سەربازی سوپای ئێران لە سنە دەستنیشان کرابوو و لە حسێنییەی سنە جێگیر ببوو، ناوبراو ناوەندێکی سەربازیی لە باڵەخانەی " هێزەکانی پایداری" لە شەقامی شاپووری سنە دامەزراند و کەسێکیشی بە ناوی محەمەد ڕەحمانپوور ناسراو بە "شاتر مەمەد" وەک بەرپرسی ئەم بنکە دەستنیشان کرد.
لایەنگرانی ئەحمەدی موفتیزادەش بینای پارێزگاری سنە و کۆشکی لاوان و چەند شوێنی دیکەیان داگیرکرد و لە ژێر ناوەکانی کۆمیتەی ناوەندیی شۆڕشی ئیسلامی و مەکتەب قورعان و چەند ناوێکی دیکەدا خۆیان ڕێکخست، موفتیزادە لە هەوڵی ئەوەدابوو خۆی وەک نوێنەری ڕاستەقینە و ڕێبەری گەلی کورد نیشان بدات، سەفدەریش بە هاوکاری لەگەڵ چەکدارەکانی موفتیزادە نەیهێشت پادگانی سنە بکەوێتە دەست خەڵک و هێزە کوردییە چەپ و عەلمانییەکان.
سەرەڕای هەوڵەکانی ئەحمەد موفتیزادە، سەفدەری ئەویشی بە هەند وەرنەگرت و هەوڵی دەدا کە ناوەندەکانی وەک بنکەی سەربازی سوپا و پارێزگار بە دەستی هێزەکانی خۆیەوە بێت، لەم چوارچێوەیەشدا هەنگاو بە هەنگاو ناوەندەکانی ژێر کونتڕۆڵی موتیزادەی هەڵدەوەشاندەوە و دەسەڵاتی خۆی سەپاند.
سەفدەری زۆر زیرەکانە بە بەڵێنی جۆراوجۆر موفتیزادەی لە دژی هێزە نەتەوەیی و چەپەکانی کوردستان بە کارهێنا، لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا ناکۆکی و ئاڵۆزی لە نێوان ئەحمەد موفتزادە و سەفدەری لەلایەک و هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەلایەکی دیکەوە دروست بوو و ناکۆکییەکان تا دەهات زیاتر پەرەی دەستاند.
چەک لەو ڕۆژگارەی کوردستاندا دەورێکی گرنگی هەبوو، هەر حیزبێک هێزی چەکداری نەبوایە خەڵک بە هەندیان وەرنەدەگرت، ئەحمەد موفتیزادە بەردەوام داوای لە سەفدەری دەکرد کە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شار پێویستییان بە چەک و چۆڵ هەیە و سەفدەریش وەڵامی نەدەدایەوە، لە ڕۆژی ١٧ی مارسی ١٩٧٩ ناکۆکییەکانی نێوان موفتیزادە و سەفدەری تەقیەوە، موفتیزادە لە ڕەفتارەکانی سەفدەری نیگەران بوو، هەربۆیە لە نامەیەکدا بۆ سەرهەنگ سەفەری کە کوردێکی خەڵکی سنە بوو و تازە کرابووە فەرماندەی بنکەی سەربازی سوپا لە سنە، داوای چەک و چۆڵ دەکات، دەقی نامەکە بەمجۆرە بوو:
" بەڕێز سەرهەنگ سەفەری!
پاراستنی شار و ناوچەکە لە ئەستۆی چەکدارانی ئێمەیە. تا ئێستا هێزەکانی ئێمە چەک و تەقەمەنییەکی زۆریان لە خەڵک نەشیاو وەرگرتووەتەوە و ڕادەستی سوپایان کردووەتەوە، ئێوە بەردەوام زارەکی بەڵێنمان پێدەدەن، بەڵام ئەمە بۆ جاری چەندەمە کە بە نووسراو داوای فیشەک و کەلوپەلی سەربازی پێویست دەکەین و داواتان لێدەکەین کە فیشەک بۆ چەکەکانمان دابین بکەن، بەڵام هەموو جارێک وەڵامی سەیر و سەمەرەمان دەدەنەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەک و چۆڵی ئێوە بە لێشاو دەگاتە دەستی کەسانی نەشیاو، ئاگاتان لەوە هەیە کە تا ئێستا چەندین جار پلانی ئاژاوەگێڕانمان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی سوپا پووچەڵ کردووەتەوە؟
لە ڕاستیدا ئەم بابەتە ئێستا بۆ ئێمە بووەتە مەتەڵۆکەیەک کە ناتوانین وەڵامێکیی بۆ بدۆزینەوە، بەڵام ئەوە بزانن کە ئەمە مەترسیدارە"
سەرهەنگ سەفەری لە وەڵامی موفتیزادەدا دەنووسێت بۆ پێدانی چەک و تەقەمەنی دەبێت نوێنەری خومەینی واتا سەفدەری و فەرماندەیی ناوەندیی سوپا رەزامەند بن، رۆژی دواتر ئاشکرابوو سەفدەری رەزامەندی دەرنەبڕیوە بە پێدانی چەک بە هێزەکانی موفتیزادە و ئەمەش بووە هۆی ئاڵۆزتر بوونی دۆخەکە و دەنگهەڵبڕین و تووڕەیی لایەنگرانی موفتیزادەی لێکەوتەوە، رۆژی ١٨ی مارس موفتیزادە بە سەردانێک لە سەقزبوو، بەڵام لایەنگرانی موفتیزادە کە خۆیان بە نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کورد دەزانی، زۆر بەم ڕەفتارەی سەفدەری پەست بوون و بڕیاری مانگرتنیان دا.
سەفدەری دێتە نێو مانگرتووان و پێیان دەڵێت مانگرتن لە قازانجی دژەشۆڕش و ئاژاوەگێڕانە و داوای لێکردن کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنن، خەڵکی مانگرتوو ئەوەندەی دیکە بە قسەکانی سەفدەری تووڕە دەبن و دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو، لەلایەکی دیکەوە لە ناو شاردا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە سەفدەری گەنمی ناو سایلۆکانی سنە و هەروەها چەک و تەقەمەنییەکانی پادگانی سنەی گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی کوردستان.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە هەزاران کەس لە خەڵکی شار بەرەو بینای پارێزگا و ناوەندی هێزەکانی پایەداریی شاتر مەمەد کەوتنەڕێ، خەڵک لە دروشمەکانیاندا داوای هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی شاتر مەمەد و چەک کردنی کەسانی نێو ناوەندەکەیان دەکرد، چەکدارەکانی ناوەندەکە تەقە لە خەڵک دەکەن و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراو و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە ژمارەی ڕۆژی ١٨ی مارسی ١٩٧٩دا بەم جۆرە باسی ڕووداوەکە دەکات:
" بەهۆی تەقەکردنی هێزەکانی ناوەندەی پایەداری سنە کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دوای ئەم رووداوەش خەڵک وەک ناڕەزایەتی دووکان و بازاڕیان داخست، دوانیوەڕۆی دوێنێ بەڕێز موفتیزادە نوێنەری ئایینی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا کە لە تەلەویزیۆنی سنەدا بڵاوکرایەوە، دڵگران بوونی خۆی لە ڕووداوەکە ڕاگەیاند و وتی هۆکاری تەقەکردنەکەی سنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کومیتەی ناوەندی چالاکیی شۆڕشی ئیسلامی لە سنە بەر لە ماوەیەک داوای دابینکردنی پێداویستییە سەربازیی کردبوو بۆ پاراستنی سەقامگیری شارەکە، بەڵام فەرماندەی پادگانی سنە وتبووی بە مەرجی رەزامەندیی فەرماندەی گشتی سوپا چەکیان بۆ دابین دەکات، و ئەمەش وەلامێکی نەرێنی بوو کە بووە هۆی ورووژاندنی بەشێک لە هاوڵاتیان و لە ئەنجامدا ئاڵۆزی دروست بوو، موفتیزادە لە پەیامەکەیدا داوا لە خەڵک دەکات کە خۆیان لە کردەوەی توندوتیژانە بە دوور بگرن".
ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵک و هێزە سیاسییە چەکدارەکان لە دەوروبەری بنکەی شاتر مەمەد کۆببنەوە و گەمارۆی بیناکە بدەن، بەهرۆز سلێمانی کە یەکێک لە بەرپرسانی رێخراوی چریکەکانی فیدایی خەلق، بەرپرسیارییەتی چەککردنی بنکەی شاتر مەمەدی لە ئەستۆگرت، سەفدەری بەرەو پادگان ڕایکرد، خەڵک داوای چەککردنی ناوەندی لەشکری ٢٨یان کرد، هێرشیان کردەسەر ناوەندی فەرماندەیی بنکەی سەربازی سوپا لە سنە و سەرهەنگ سەفەری فەرماندەی سوپایان دەستگیرکرد، دواتر بەرەو بنکە سەربازییەکە کەوتنەڕێ، سەرەتا بنکەی پۆلیس ( ژەندرمە)یان کۆنتڕۆڵکرد و دەستیان بەسەر چەکەکانی بنکەکەدا گرت، سەفدەریش فەرمانیدا بە سەربازەکانی ناو بنکەی سەربازییەکەی سوپا بەرگری بکەن و نەهێڵێن بنکەکە بکەوێتە دەست خەڵک.
هێزێک بە ناوی گوردانی زەربەت بە فەرماندەیی سەرهەنگ کەریمی لە ناو بنکەکەوە تەقەیان لە خەڵک کرد و ژمارەیەکی زۆریان کوشت، گوردانی زەربەت ١٤١ کەسیان دەستگیرکرد کە خۆیان گەیاندبووە ناو بنکەکەوە، کادیرێکی ناسراوی کۆمەڵەش بە ناوی سلێمان تیکانتەپە لەم ڕووداوەدا کوژرا.
هاوکات لەگەڵ شەڕی بنکە سەربازییە، خەڵکی تووڕە هێرش دەکەنە سەر شارەبانی و هەروەها ناوەندی ڕادیۆ و تەلەویزیۆنیش کۆنتڕۆڵ دەکەن، دۆخی شار لەوە ئاڵۆزترە کە کەسێک بتوانێ هێوری بکاتەوە، بۆیە دەستبەجێ ئەنجومەنی کاتیی شۆڕش بۆ کونتڕۆڵکردنی دۆخی ئاڵۆزی سنە دادەمەزرێت کە ئەندامەکانی بریتین لە سدیق کەمانگەر، بەهرۆز سلێمانی، شوعەیب زەکەریایی، مزەفەر محەمەدی و دکتۆر خوسرەوی، ئەنجومەنی شۆڕش کە وتەبێژەکەی سدیق کەمانگەرە یەکەم ڕاگەیاندنی خۆی لە رادیۆی سنەوە بڵاوکردەوە، ئەمەش دەقەکەیەتی:
" ناوەندەکانی دامەزراو لە سنە بە سەرپەرشتی موفتیزادە و سەفدەری لە سەرەتای دامەزراندیانەوە بە بێ ڕاوێژکردن بە خەڵک و لە کردەوەشدا لە دژی داواکانی خەڵک وەستاون و لە شار و گوندەکان کاریان بە کەسانی نەشیاو و لات و لووت و شەقوەشێن سپاردووە و هەر لە سەرەتاوە بوونە هۆی ناڕەزایی خەڵک و تەنانەت لە ناو خۆشیاندا هەماهەنگیان نییە و بەهۆی زێدەخوازیی هەردووکیانەوە ڕووداوەکەی ڕۆژی ١٧ی مارسیان خوڵقاند کە بە داخەوە کوژران و بریندار بوونی چەندین کەسی لێکەوتەوە، بۆیە داوا لە هێزە نەتەوەیی و دیموکراتخوازەکان دەکەین پێش بە ئاڵۆزتربوونی دۆخە بگرن."
سدیق کەمانگەر و هاوڕێیانی دەسبەجێ هەندێک کومیتە بۆ یارمەتیی " ئەنجومەنی شۆڕشی شاری سنە" دادەمەزرێنن، چەکدارانی ناو بنکە سەربازییەکەی سوپا لە سنە، سەنگەرەکانی دەوروبەری بنکەکە و گەڕەکە نزیکەکانی وەک گردی گەڕۆڵ و کوێرئاوا و حاجی ئاوا بە چەکی قورس بۆردومان دەکەن و خەڵکێکی زۆر دەکوژن. کاتژمێری ٣ی نیوەشەو سدیق کەمانگەر دووەم راگەیاندنی ئەنجومەنی کاتیی شۆڕش لە ڕادیۆوە دەخوێنێتەوە و داوا لە جەنگاوەرانی گەل دەکات ڕێگە سەرەکییەکانی شار دابخەن و لە شەقام و گەڕەکەکاندا سەنگەر دروست بکەن و هێزەکانی درەوەی شاریش بە هەموو شێوەیەک یارمەتیی ئەنجومەنی کاتیی شۆڕش بدەن.
ئەم پەیامانە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زیاتر بەرەو بنکە سەربازییەکەی سوپا بچن، بەڵام هەرچی زیاتر خەڵک کۆ دەبووەوە ئاڵۆزیەکانیش زیاتر دەبوو، نەبوونی ڕێکخستن، نەبوونی بەرنامە و ناهەماهەنگی لە نیوان ڕێکخراوە جیاوازەکاندا دۆخێکی هێنایە ئاراوە کە بووە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆر و بریندار بوون ژمارەیەکی زیاتریش، شەوانە خەڵک لە بنکە سەربازییەکە دوور دەکەتنەوە و کەسانی چەکدار بۆ پاراستنی خۆیان سەنگەریان دروست دەکرد، بڕیار درا پاراستنی شار لە ژێر چاودێریی کومیتەیەک لە ئەنجومەنی کاتیی شۆڕشی شاری سنەدا بێت و بۆ ئامادەبوونی خەڵک لە بەرانبەر هەر هێرشێکی سوپا، سەنگەرێکی زۆر لە شاردا دروست بکرێت. بەرپرسیارییەتیی پاراستنی شار خرایە ئەستۆی ساعد وەتەندووست بە ناوی نهێنیی "مامۆستا برایم" کە ئەندامی کومیتە ناوەندیی کۆمەڵە بوو.
کاتێک ڕۆژ بووەوە فڕۆکەی فانتۆم بە ئاسمانی شاری سنە دەسوڕانەوە و بەمەش ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکدا دروست بوو، هەروەها سوپا لە کرماشانەوە هێزێکی زۆری گواستنەوە بۆ بنکە سەربازییەکەی سنە.
دۆخەکە تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو، بنکەی شاتر مەمەد دەستی بە سەردا گیرا و شاتر مەمەد و کوڕەکەی دەستگیرکران، بەڵام خەڵکی تووڕە هێرشیان کردە سەریان و هەر لەوێدا کوڕەکەیان کوشت و شاتر مەمەدیش بە برینداری گەیەنرایە نەخۆشخانە، هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن لە نەخۆشخانە هێرشی کرایە سەری و کوژرا.
سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٨ی مارس شێخ عێزەدین حسێنی لەگەڵ گروپێکی چەکداری خەڵکی شارەکانی سەقز و بۆکان و مەهاباد، گەیشتە ناو شاری سنە و پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، لە هەموو شوێنی کوردستانەوە هێزی یارمەتیدەر دەگەیشتنە شاری سنە، سوپاش بە کۆپتەر شاری بۆردومان دەکرد و خەڵکی سڤیلیان دەکوشت، خەڵکیش نەیاندەتوانی دەست بە سەر بنکە سەربازییەکەدا بگرن و بەردەوامیی ئەم دۆخەکەش تەنیا کوژرانی خەڵکی زیاتری بە دواوە بوو، بۆیە بڕیاری ئاگربەست درا و لایەنەکان چوونە سەر مێزی دانوستان.
سەرەڕای هەوڵێکی زۆری شێخ عێزەدین و ئەنجومەنی کاتیی شۆڕش بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کوشتنی خەڵک، دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە پەیامی خومەینی و دواتریش پەیامی ژەنەڕاڵ قەرەنی فەرماندەی گشتی سوپا لە ڕادیۆوە خوێنرایەوە، بەم دوو پەیامەش جارێکی دیکە ئاڵۆزی و بارگرژیی دروست بوو.
دەقی پەیامەکەی خومەینی بەمجۆرە بوو:
" بیستوومانە هەندێک کەس دۆخی کوردستانی ئازیزیان تێکداوە و نایانەوێت موسڵمانان لە ئاسایشدا بژین و بە پێچەوانەی ئیسلامەوە هەڵسوکەوت دەکەن، ئەوانە هێرش دەکەنە سەر سوپا و سووکایەتییان پێ دەکەن، ئەم جۆرە کارانە بە پێچەوانەی ئیسلام و بەرژەوەندیی موسڵمانانە، خەڵکی کوردستان دەبێت بزانن ئێمە هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر سوپا ڕەتدەکەینەوە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ برا سوننەکانمان نییە. سوپا و پۆلیسیش دەبێت بزانن کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خەڵکی موسڵمانن و ئەگەر کەسێک هێرش بکاتە سەریان، موسڵمان نییە و داردەستی بێگانەیە و دەبێت بەرگری لە خۆیان بکەن."
فەرماندەی گشتیی سوپاش خەڵکی کوردستان بە دژە شۆڕش ناو دەبات و دەڵێت هەر کەس هێرش بکاتە سەر سوپا ئاژاوەگێڕە و بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.
دوابەدوای ئەم پەیامانە، شێخ عێزەدین حسێنی و ئەنجومەنی کاتیی شۆڕش و ئەحمەد موفتیزادە، نامەیەکی هاوبەش دەنووسن و سەرجەم تۆمەتەکانی تاران ڕەتدەکەنەوە و سەفدەری و سوپا و بنکە سەربازییەکەی سنە بە خەتاباری سەرەکی ناو دەبەن و داوای ئاگربەستێکی خێرا دەکەن.
ڕۆژنامەی کەیهانی تاران لەمبارەوە نووسیویەتی:
" شێخ عێزەدین دەڵێت ئەو کارەی خەڵکی سنە کردوویانە کارێکی شۆڕشگێرانەیە و سەرجەم خەڵکی سنە تێیدا بەشدارن، ئێوە چۆن بە خەڵک دەڵێن دژەشۆرش، لە حاڵێکدا پێکدادانی سوپا و خەڵک بە هۆی کاڵفامیی هەندێک لایەنی سەربازییەوە بووە و دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت کە کێ یەکەمجار تەقەی لە خەڵک کرد، موفتیزادەش کە یەکێکە لە ڕێبەرە ئایینییەکانی کورد دەڵێت: هۆکاری سەرەکیی پێکدادانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوپا پێداویستییەکانی کۆمیتەی شۆڕشی ئیسلامیی ڕادەستی ئەوان نەکردووە و داواکانی ئێمەی ڕەتکردووەتەوە و کەس بۆی نییە بە خەڵک بڵێت دژەشۆڕش".
هەروەها کەیهان باسی لەوەشکردووە کە سەرپەرشتیاری نوێی پارێزگای کوردستان داوای لە ژەنەڕاڵ قەرەنی کردووە کە هێزی زیاتری سوپا نەنێرێتە کوردستان و وتوویەتی: " ڕووداوەکەی سنە بە هۆی ناکۆکیی نێوان هەر دوو کۆمیتەی شۆڕشی ئیسلامی سەر بە موفتیزادە و سەفدەری هاتووەتە ئاراوە و هیچ پێوەندییەکی بە کردەوەی دژەشۆڕش نییە."
ئەبولحەسەن تاڵەقانی کوڕی ئایەتوڵڵا تاڵەقانی کە لەگەڵ دکتۆر بەهەشتی و ڕەفسەنجانی و بەنی سەدر و کۆمەڵێکی دیکە وەک وەفدی دانووستان هاتبوونە سنە، بەمجۆرە باسی ڕووداوەکەی سنە دەکات: "خەڵک داوایان لە وەفدی دانووستان کرد جەنازەی کوژراوەکان ڕادەستی خێزانەکانیان بکرێتەوە، من و محەمەدڕەزا تاڵەقانی و موحسین زەڕگەری لەگەڵ دوو پزیشک سەردانی بنکەی سەربازی سوپامان کرد جەنازەی کوژراوانی خەڵک دوای چوار ڕۆژە هێشتا لەوێ مابوونەوە و دیار بوو لە کاتی هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکە کوژرابوون، دوازدە سەرباز و ئەفسەریش لە ناو بنکەکە لەلایەن خەڵکەوە کوژرابوون. داوامان لە سەربازەکان کرد کە ڕێگە بدەن جەنازەکان بگوازینەوە، ئێمە شایەتی ئەوە بووین کە بەرپرسانی شار داوایان لە خەڵک دەکرد بڵاوە بکەن، هەندێک بڵاوەیان کرد، بەڵام بەشێکی دیکەی خەڵکەکە هەوڵیان دەدا بچنە نێو بنکە سەربازییەکەوە."
لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا وەفدێک لەلایەن خومەینییەوە بە سەرپەرشتی ئایەتوڵلا تاڵەقانی و ئەندامەتی ڕەفسەنجانی، بەنی سەدر، ئەحمەد سەدر جاجی سەید جەوادی (وەزیری ناوخۆ) و یەحیا سادق وەزیری (نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگاکان) و سارم خانی سادق وەزیری (نوێنەری کوردانی دانیشتووی تاران) و شوکڕوڵڵا پاک نەژاد (نوێنەری بەرەی دیموکراتیکی نیشتمانی) بە مەبەستی دانوستان لە تارانەوە هاتنە سنە.
لە دووەم ڕۆژی نەورۆزدا شێخ عێزەدین حسێنی و ئەندامانی ئەنجومەنی کاتی شۆڕشی سنە و موفتیزادە لەگەڵ لێژنەی تاران کەوتنە دانوستانەوە، وەزیری ناوخۆ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی دەکرد، دانووستان درێژەی کێشا و خەڵکێکی زۆر کە بەشێکیان چەکدار بوون لە نزیک شوێنی دانووستانەکان کۆببوونەوە و دروشمی پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و شێخ عێزەدینیان دەگوتەوە.
لە دانوستانەکەدا بڕیاردرا ئەنجومەنێک بۆ بەڕێوبردنی شار دیاری بکرێت، هەروەها بڕیار درا ژاندارمێری و شارەبانی و ئەنجومەنی کاتیی شۆڕش و ناوەندی شۆڕشی ئیسلامی هەڵبوەشێنەوە و سوپاش مافی ئەوەی نییە بێتە ناو شاری سنەوە.
چوار ڕۆژ دوای دانوستانەکان، لە ئەنجامدا وەفدی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان توانی بە یەکگرتووییەوە بەشێک لە داخوازییەکانی بە سەر وەفدی دەوڵەتدا بسەپێنێت، بەشێک لەو داخوازیانە بریتی بوون لە ڕاگرتنی شەڕ، زەمینە سازکردن بۆ دانووستان و ئازادکردنی دەستگیراوەکان و هەڵوەشانەوەی کۆمیتەکانی سەفەری و موفتیزادە.
وەفدەکەی حکومەت دوای گەڕانەوەیان بۆ تاران لە ٢٧ی مارسدا ژەنەڕاڵ قەرەنیان لە پۆستی فەرماندەیی گشتی سوپا دووخستەوە، ڕۆژنامەی کەیهان بەمجۆرە باسی دوورخستنەوەی قەرەنی کردووە: " لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی سنەدا کە ناوەندی فەرماندەیی سوپا لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیدا هەندێک فەرمانی تایبەتی بۆ بنکە سەربازییەکەی سنە دەرکردبوو، بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی کورد هێلی کۆپتەر و چەکی مەترالیۆز بەکارهێنابوو و بەشێکی زۆر لە هێزەکانی گاردی جاویدانی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ئەم شارە ناردبوو، هەر بۆیە ژەنەڕال قەرەنی وەک بەرپرسی کۆمەڵکوژییەکەی سنە دەستنیشان کراو لە پۆستەکەی دوورخرایەوە."
رووداوەکە لە زمانی شێخ عێزەدینەوە
شێخ عێزەدین حسێنیش بەمجۆرە باسی شەڕی نەوڕۆزی سنە دەکات:
" ئێمە لە سەقز بووین و کۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ وتاربێژانی نوێژی هەینی شارە کوردستانن، هەواڵمان پێگەیشت کە سەفدەری بەرپرسی کۆمیتەی شۆڕشی ئیسلامی سنە تەقەی لە خەڵک کردووە و چەند کەسێکیان کوشتووە، بنکە سەربازییەکەی سوپاش دەستێوەردانی کردووە و تەقە لە خەڵک دەکەن، لە سنەوە داوایان لێکردین هەر چی زووە خۆمان بگەیەنینە سنە بەڵکوو بتوانین کۆتایی بە شەڕەکە بهێنین، سەرلە بەیانیی ڕۆژی ١٩ی مارس ئێمە گەیشتینە سنە، لە هەموو شوێنێک دەنگی تەقە دەهات.، هەوڵم دا پەیوەندی بە کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی شارەوە بگرم بۆ ئەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا بکەوینە دانووستان، دواتر چوومە ناوەندی ڕادیۆی سنە و پەیامێکم بڵاوکردەوە و داوام لە سوپا و خەڵک کرد کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن.
هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە پەیامەکانی خومەینی و فەرماندەی گشتیی سوپا بڵاو کرایەوە و خەڵکی سنەیان بە دژە شۆڕش ناوبردبوو، ئێمە هەوڵماندەدا خەڵک هێور بکەینەوە کەچی ئەوان خەڵکیان دەورووژاند، لە کۆتاییدا توانیمان لە ڕۆژی ٢٠ی مارسدا تۆزێک دۆخەکە هێور بکەینەوە و بڕیار وابوو پادگانی سنە دەستگیراوەکان ئازاد بکات، من دوانیوەڕۆی ئەو گەڕامەوە بۆ مەهاباد.
ڕۆژی دواتر نەورۆز بوو بەڵام دیسان ئاگادار کرامەوە دۆخی سنە گرژتر بووە و بڕیارە وەفدێک بە سەرۆکایەتیی تاڵەقانی لە تارانەوە بێتە سنە و داویان لێکردم بگەڕێمە بۆ سنە، لە سنە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ حاجی سەید جەوادی وەزیری ناوخۆ کرد کە هێشتا لە کۆبوونەوەدا بووین کەچی بینیمان فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپا بە ئاسمانی شاردا دەسوڕێنەوە و دیواری دەنگییان شکاند و ئەیانویست ئێمە چاوترسێن بکەن، کۆبوونەوەکە تێکچوو، تەنانەت خودی وەزیری ناوخۆش دەنگی هەڵبڕی منیش پرسیم: جیاوازیی تاج و مێزەر چییە؟ حاجی سەید جەوادی تەلگرافێکی بۆ قەرەنی نارد و داوای لێکرد فڕۆکەکان لە ئاسمانی شار دوور بخاتەوە، بەڵام قەرەنی لە وەڵامدا گوتبووی فەرمانی ئیمام بەڕێوە دەبات.
لەو کاتەدا هەواڵمان پێگەیشت کە تاڵەقانی گەیشتووەتە سنە و چووەتە زانکۆ، ئێمەش چووین و لەگەڵیان کەوتینە دانووستانەوە و لە ئەنجامدا لە سەر چەند خاڵێک ڕێککەوتین و بڕیاردرا بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت و دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و شاری سنە لەلایەن نوێنەرانی خەڵک ئیدارە بکرێت و هەندێک لە نوێنەرانیش داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمیتەکانی سەفدەری و موفتیزادەیان کرد کە دواتر جێبەجێ کرا."
بەبۆچوونی زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەو رۆژەیان لەبیرە ئەم شەڕە شەڕێک بوو کە سوپا بەسەر خەڵکی کورددا سەپاند، هەرچەندە ئامارێکی ورد لە ژمارەی کوژراو و بریندارانی نەورۆزی خوێناوی سنە لە بەردەست نییە، بەڵام بە پێی ئاماری نەخۆشخانەکان و هەندێکی لە نوێنەرانی کورد و سەرچاوە نافەرمییەکانی سنە و کرماشان ژمارەی کوژراوانی ئەم شەڕ گەیشتووەتە ٢٠٥ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بە ٤٠٠ کەس مەزندە کراوە.