ڕاپۆرتی کوردستانی

11:50 - 18/03/2021

"حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەشبكات"‌

پەیسەر

سەرەڕای گەڕانەوەی سه‌دان ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی حکومه‌تی هەرێمی كوردستان و بەرزبونەوەی نرخی نەوت،  بەڵام تائێستا بە لێبڕینی 21% مووچە دابەشدەكرێت، ئەوەش ناڕەزای لای فەرمانبەران دروستكردوە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، قەبارەی فەساد لە خاڵەسنوریەكان زیادیكردووە و بەهەدەردانی سامانی گشتی بەردەوامە، پارتێكی دەسەڵاتداری هەرێمیش دەڵێت، حکومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەشبکات.

چی لەپشت لێبڕینی 21%ــی موچەوەیە؟
لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوت، زیادبونی داھاتی گومرگ و نەوت بەڕێژەی 22٪‏ بەھۆی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، گومرگ و فرۆشتنی نەوت بە دۆلارە، بەڵام تائێستا حكومەتی هەرێم بەلێبڕینی 21% مووچەی فەرمانبەران دابەشدەكات.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بەم فۆڕمە لە بەڕێوەبردنی ئێستا كە لە بەرمیلێك نەوت بەم دۆخەشەوە كەمتر لە 20 دۆلار بمێنێتەوە بە 12 دۆلار كەمتر دەیفرۆشن ئەوەشی كە دەمێنێتەوە نزیكەی 68% بۆ 70%ی بۆ خەرجی بڕوات و لە 30%ی داهات بێت، بەڵێ لە نێوان 225 ملیۆن و بۆ 250 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت دەمێنێتەوە، ئەمە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی لێبڕینی مووچە، بەڵام بەداخەوە كاتێك كە لە بەرمیلێك نەوت 20 دۆلار دەمێنێتەوە نرخی برێند نزیكەی 65 تا 70 دۆلارە، ناتوانرێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت بەڵام ناوترێت بۆ؟

بەپێی وتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان، لەبەر ئەوەی بەچەند گرێبەستێكی شكستخواردوو كەلەلایەن تۆڕێكی نادیارەوە ئەنجامدراوە، نەوتی هەرێمی كوردستان بە 12 دۆلار كەمتر فرۆشراوە، لە كاتێكدا لەگەڵ ئەم نەوتەی هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك هەیە و بەهەمان بۆری دەڕوات و لە بەندەری جەیهان جیا دەبێتەوە، حكومەتی عێراق بە دۆلارێك كەمتر بەبرێند دەیفرۆشێت بەڵام حكومەتی هەرێم بە 10 دۆلار كەمتر دەیفرۆشن هەمان نەوت و لە هەمان بۆریدا دەفرۆشن.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان شكستێكی دیكەی حكومەتی هەرێم و خراپی گرێبەستەكانی نەوت ئاشكرا دەكات و دەڵیت، چەندین جار وتومانە بەهۆی زۆری خەرجی كۆمپانیاكان ئەوەش كۆمەڵێك گەندەڵیە كەبەبێ چاودێری كۆمەڵێك كۆمپانیای خەدەمی و سكویریتی نەوت وایكرد ئەو كۆمپانیایانە ژمارەیان زۆرببێت، وە لە هەمان كاتدا خراپترین گرێبەستی نەوت لێرەیە كە لە 8 دۆلار بۆ سەرەوە دەڕوات، ئەمانە وایكرد هیچ چاكسازیەك لەو بوارەدا نەكراوە و دۆسیەكە وەك خۆیەتی.

دەروازە سنوریەكان
یەكێكیتر لەو سێكتەرانەی سامانی گشتی تێدا بەهەدەردەدرێت خاڵەسنوریەكانە ژمارەیەك بەرپرس لەسەر حسابی هاوڵاتیان بون بەخاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 22ی 3 بڕیاریدا پێداچونەوەی تێدا بكات. بەڵام هیچ سودی نەبو بە پێی وتەی عەلی حەمە ساڵح پێنج كۆمپانیایتر لە خاڵەسنوریەكان زیادكران كە پارە لە هاوڵاتیان وەردەگرن، بەناوی فرشتنی مەنەفێست و قەپان، لە خاڵەسنوریەكان بە 13 ڕێگای جیاواز پارە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.

ئەوە ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەش ئاشكرا دەكات كە لەسەر دەمی كۆرۆنا كۆمپانیا هەبووە نزیكەی 20 ملیۆن دۆلاری بەتەنها لە ئیبراهیم خەلیل دەستكەوتوە تەنها بە پشكنینی كۆرۆنا و پشكنینەكەش شتێكی شكڵیە و ئەوەی لەو خاڵە سنوریانە دێت و دەچێت دواتر تێكەڵی هاوڵاتیان دەوویت و ئەنجامی ئەو پشكنینەش لە ڕێگەی نامەیەكەوە ئەو كەسەی لێ ئاگادار دەكرێتەوە، دۆسیەیی خاڵەسنوریەكان وەك خۆیەتی و قەبارەی فەساد وەك خۆی بوو.

بەپێی وتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەم دوو هۆكارە بەسبون بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم مووچە بە لێبڕینەوە دابەش نەكات.

بەرزبونەوەی نرخی نەوت و گەڕانەوە سه‌دان ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی حکومه‌ت
سەرەڕایی بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت، ته‌نها له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو له‌ ئه‌نجامی جێبه‌جێکردنی یاسا و ڕێنماییه‌ کارپێکراوه‌کانی باج، سه‌دان ملیار دینار بۆ حکومه‌ت گەڕاوەتەوە‌.

بەپێی وتەی که‌مال ته‌یب, به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی باجی هه‌رێمی کوردستان، کۆمپانیا هه‌بووه‌ ساڵی ڕابردوو 20 ملیار دینار باجی داوه‌ به‌ حکومه‌ت، کۆمپانیاش هه‌بووه‌ حکومه‌ت زه‌ویی پێ داوه‌ و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی تێدا کردووه‌، به‌ڵام ئێستا خۆی له‌ باج ده‌دزێته‌وه‌، هاووڵاتیانی هه‌رێمی کوردستانیش دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ حکومه‌ت ڕێکاره‌کانی وه‌رگرتنی باجی توندتر کردووه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوونی هه‌ر شوێن و دامه‌زراوه‌یه‌ک و خۆدزینه‌وه‌ی له ‌باج ڕێکاری یاسایی ده‌گیرێته‌ به‌ر و چاوپۆشی له‌ هیچ که‌س و لایه‌نێک ناکرێت.

هاوكات، فراکسیۆنی یەکێتیی كە هاوكات پێكهێنەر و شەری ڕاستەقینەی ئەم حكومەتەیە لە ئێستا و ڕابردوودا، رایدەگەیەنێت لەئێستادا حکومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەش بکات بۆیە  بەهیچ جۆرێك ناچینە ژێرباری بەرپرسیارێتی داكۆكیكردن لە بڕیاری كەمكردنەوەی تەمویلی مووچە بە بڕی 21%.

یاسای چاكسازی
ماوەی 9 مانگە یاسای چاكسازی چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەپێی بەدواداچونەكان تائێستا هیچ ئەنجامێكی دڵخۆشكەری تێدانەبووە 246 هەزار خانە نشینی هەیە، دەیان هەزاری تێدایە بە عەمید و عەقیدو لیواو وەزیر و بریكاری وەزیرو ڕاوێژكار خانە نشین كراون، تائێستا چاكسازی لەو لیستەدا نەكراوە.

هاوكات 96 هەزار شەهید لە لیستی موچەدا هەیە و هەزارانی تێدایە كە موستەحەق نین و تائێستا لیستەكە پاكنەكراوەتەوە و هیچی جێبەجێ نەبوە.

بڕیاربوو پاسەوانی ڕێكبخرێتەوە ئەوەش هیچ چاكسازیەكی تێدا نەكراوە و یاسای چاكسازی جێبەجێنەبووە.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆرهەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەرانی سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن، حکومەت بۆ پێدانی مووچە 895 ملیار دیناری پێویستە.

پشکی شێری داهاتی هەرێمی کوردستان فرۆشتنی نەوتە؛ ئەمە جگە لەوەش داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەکان، یارمەتی هاوپەیمانان و ئەو بودجەیەیە کە لەبەغداوە دێت.

20 ملیار دیناری تەمویلی هاوپەیمانان، 270 ملیار دیناری  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داهاتی ساڵی 2020ی باج 588 ملیار و 809 ملیۆن دینار بووە، بەمشێوەیە: هەولێر 51%، 297 ملیار و 949 ملیۆن دینار.
سلێمانی 26%، 152 ملیار و 92 ملیۆن دینار. دهۆک 24%، 138 ملیار و 809 ملیۆن دینار.

بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی کوردستان لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا، داهاتی باج سێ هێندە زیادیکردووە بەمشێوەیە: ساڵی 2015 (190 ملیار و 166 ملیۆن دینار، ساڵی 2016 ، 179 ملیار و 14 ملیۆن دینار، ساڵی 2017 (206 ملیار و 698 ملیۆن دینار، ساڵی 2018 (308 ملیار و 536 ملیۆن دینار)، ساڵی 2019 (627 ملیار و 424 ملیۆن دینار.

ئێستا داھاتی باج نزیکەی 85 ملیار دینارەو چاکسازیەکی باشی تێدابکرێت دەگاتە 150 ملیار دینار، بەپێی وتەی چاودێرانیش ئەگەر یاسای چاکسازی وەک خۆی جێبەجێبکرێت بڕی پارەی پێویست بۆ موچەش کەم دەبێتەوە.

بەمەش جگە لە توانای دابینکردنی موچەو خەرجی بەکاربردن نزیکەی 150 ملیار دینار بۆ پرۆژە لەبەردەست دەبێت.