ڕاپۆرتی کوردستانی

01:09 - 17/03/2021

پەیسەر نهێنی رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغداد ئاشكرادەكات‌

پەیسەر

تائێستا پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 جێگیرنەكراوە، شاندەكە لە بەغدادن، لایەنە شیعەکان داوای رادەستکردنی 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەكەن، هاوپەیمانیی سائیرونیش دەڵێت، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەکەوێتە دوای جەژنی نەورۆز، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، شاندی هه‌رێم ته‌نیا بۆ كاتكوشتن دێتە بەغداد.

شاندەكەی حكومەتی هەرێم گەڕایەوە بەغداد
شاندەكەی حكومەتی هەرێم لەبەغدادن و تایبەت بەپشكی هەرێم چەند كۆبونەوەیەك ئەنجامدەدەن.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێداگیرە لەسەر ئەو دەقە حکومییەی کە لە پرۆژە یاسای بودجەدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

وتیشی، شاندەکە پێشنیازی لایەنە شیعەکان لەبارەی رادەستکردنی 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رەتدەکاتەوە و  پێداگیری دەکەن لەسەر پابەندبوون بەو دەقەی حکومەت، کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە.

بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیروون ڕایگەیاند، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەکەوێتە دوای جەژنی نەورۆز، تاوەکو ناکۆکییەکان کۆتاییان پێبێت.

وتیشی، ئەگەر رێککەوتن بکرێت، ئەوا دوایین رۆژ بۆ دەنگدان پێنجشەممە، یاخود شەممە دەبێت بەڵام پێموانییە بەو خێراییە دەنگ بە بودجە بدرێت.

لای خۆیەوە، مه‌نسور به‌عیجی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، هه‌موو ڕێكاره‌كانی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی عێراق ئاماده‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ وه‌ستاوه‌.

وتیشی، شاندی هه‌رێم كه‌ سه‌ردانی به‌غداد ده‌كات ته‌نیا بۆ كاتكوشتن و به‌ربه‌ست دانان له‌به‌رده‌م تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ دێت.

دەشڵێت، ته‌نیا یه‌ك خاڵ گرفتی هه‌ردوولایه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان نایه‌وێت نه‌وت و داهاته‌كانی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات.

تەنها هەرێم ڕێگر نیە
دواکەوتنی موازەنە تەنها یەکێک لە هۆکارەکان پشکی هەرێمە، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەشێک لە کوتلە شیعیەکان دەیانەوێ بە موازەنە ڕۆڵ و كاریگەری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كەمبكەنەوە و نایانەوێ ئاسان و خێرا ئەو پاسە بدەنە حکومەتەکەی.

ئەوەش پەیوەندی بەهەڵبژارنەكانەوە هەیە و لایەنەكانی شیعەوسوننە دەیانەوێت عاتیفەی هاوڵاتیان بۆ خۆیان ڕابكیشن پیگەی خۆیان بەهیزتربكەن.

ئەوە هاوكاتە لەگەل ئەوەی بەشێك لەلایەنەسیاسیەكان دەیانەوێت پشكی هەرێم ببەستنەوە بە دادگای فیدراڵیەوە.

پەیسەر زانیویەتی هەرێم پێشنیازێكی دیكەی ڕەتكردوەتەوە، حكومەتی عێراق، داوای 460 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەكەن و لە بەرامبەردا تێچووی كۆمپانیاكان دەگەڕێننەوە بە نەوت كە نزیكی 180 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەكات، بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەنزیكەی 115 هەزار بەرمیل داوابكات، بێجگەلەوەش پەترۆ دۆلاریش دەدەن بە هەرێمی كوردستان پەترۆ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دۆلارێكە واتە 460 هەزار دۆلاری ڕۆژانە دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

بەبۆچونی چاودێران، ئەگەر هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە ڕێككەوتن بكات، ئەوە ڕێككەوتنێكی دەستوری و باشە بۆ هەڕیمی كوردستان، ئەوەش لە 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەكات.

لایەنە خراپەكانی گرێبەستی نەوتی هەرێمی كوردستان
یەكەم فرۆشتنی نەوتە لە خوار برێنتەوە بە 11 دۆلار كە نازانرێ هۆكارەكەی چییە و بۆچی؟

دووەم گواستنەوەی نەوتە هەرێمی كوردستان هەموو بەرمیلێك نەوت دەگوازێتەوە بە نزیكەی 10 دۆلار بۆ بەندەی جەیهان بەڵام حكومەتی عێراق بە دۆلار و نیوێك دەیگوازێتەوە.
بەمشێوەیە هەرێمی كوردستان لە هەربەرمیلێك ڕۆژانە 16 بۆ 17 دۆلار زیان بەخۆی و عیراقیش دەگەیەنێت.

بەوتەی چاودیران پێویستە هەرێمكی كوردستان بەجۆرێك لە جۆرەكان لەگەڵ عێراق ڕێكبكەوێت و ئەوەش لە بەرژەوەندی حكومەتی هەرێم و هاوڵاتیانیش دەبێت، چونكە ئەگەر لەسەر ئەو شێوازە بەردەوامبن ئەوا حكومەتی عێراق بودجە نانێرێت.

نرخی نەوت و پشكی هەرێمی كوردستان
بەرزبونەوەی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر ڕیككەوتنی هەڕیمی كوردستان و حكومەتی ناوەند هەیە، زۆر جار لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوت حكومەتی هەرێم جۆرێك لە بێ منەتی پێوە دیارە و خەمساردە لەڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد.

بودجەی گشتی عێراق، له‌ 164 ترلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه‌ و لیژنه‌ی دارایی 40 كۆبوونه‌وه‌ و 450 میوانداری تایبه‌ت به‌و بودجه‌یه‌ی رێكخستووه‌ و توانراوه‌ بودجه‌كه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ بۆ 130 ترلیۆن دینار و بڕی كورتهێنانیش بگه‌یه‌ندرێته‌ 28 تا 29 ترلیۆن دینار و هه‌روه‌ها خه‌رجی حكومه‌ت كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و پشكی وه‌به‌رهێنان زیاد كراوه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ده‌ستكاری كردووه‌، په‌سند بكرێت، ئه‌وا پێ ده‌نێینه‌ 2022 و عێراق كورتهێنانی نابێت و یه‌ده‌گی دراوی نیشتمانی زیاد ده‌بێت و سه‌رچاوه‌ی داهاتی وڵاتیش زۆرتر ده‌بن.

4 ترلیۆن دینار بۆ بودجه‌ی پارێزگاكان ته‌رخانكراوه‌، له‌و بڕه‌ 60 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراوه‌.

تائێستا لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان، دو پێشنیاز هه‌یه‌، یه‌كه‌میان هه‌مو دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان راده‌ستی به‌غداد بكرێت، دوه‌میش، ئه‌و نه‌وته‌ی له‌رێگه‌ی جه‌یهانه‌وه‌ ده‌فرۆشرێت بدرێته‌ سۆمۆ، بابه‌تی 453 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ش له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌، كه‌ نه‌وت له‌ بەندەری جه‌یهان بدرێته‌ كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی.

نرخی نەوت لە 42 دۆلارەوە زیادکرا بۆ 45 دۆلار، داهات لە 93 تریلیۆن دینارەوە بۆ 98 تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادکرا ، کورتهێنان لە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 29 تریلیۆن دینار کەمکرایەوە.

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، بەڵام کەمدەبێتەوە، بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی فیدراڵی خەرجکراوی ساڵی 2021 دەبێت.

حکومەتی عێراق لە 28/12/2020دا پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی رەوانەی پەرلەمان کرد، هەرچەندە بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی نێوی لە لایەن پەرلەمان دەستکاریکراوە، خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان لەسەری ماوە، بەڵام بەهۆی رێککنەکەوتنی لایەنەکانەوە، نەتوانراوە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتی پەرلەمانەوە.
 
ماددەکانی 10 و 11 کە پەیوەستن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، بۆچوونی جیاوازیش لەوبارەوە هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە شیعەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.