ڕاپۆرتی کوردستانی

12:50 - 16/03/2021

ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كرایەوە‌

پەیسەر

بە ئەنجامدانی چەندین چالاكی 33یەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كرایەوە، بەرپرسانی شارەكە نیگەرانن لە پەراوێزخستنی هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و ڕایدەگەیەنن، خزمەتگوزارییەکان لە هەڵەبجە وەکو پێویست نین، ئەوەی بۆی کراوە لە ئاست خواستەکانی خەڵکی شارەکەدا نین، بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە هەڵەبجە دەڵێت، شارەكە بوەتەقوربانی ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمیش بەڵێنی چاكسازی دەدەن، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، هه‌ڵه‌بجه‌ برین و ده‌ستدرێژی و ناهه‌قیمان بیرده‌خاته‌وه‌.


33 یەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بەڕێوەچوو
لە 33 یەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، چەندین چالاكی لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوون.

لە فلكەی عومەی خاوەرەوە چالاكیەكان دەستییان پێكرد و تێیدا چەندین وتار و نمایشی هونەری ئەنجامدران و تاجەگوڵینە لەسەر گڵكۆی شەهیدان دانرا.

لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەش چەند چالاكیەك ئەنجامدران و هاوكات بازاڕێكی كلتوری كرایەوە و چەندین چالاكی هونەری بەڕێوەچوون.

هاوكات لە زانكۆی هەڵەبجە و ناحیەیی خورماڵ و دەوروبەری هەڵەبجە چەندین چالاكی جۆراو جۆر بەڕێوەچوون.

لە مەراسیمەكەدا هەزاران هاوڵاتی و بەرپرسانی حكومی و حیزبی بەشداربون.

وتەی بەرپرسان بۆ یادی هەڵەبجە
ساڵانە لەم یادەدا بەرپرسان وتەی خۆیان هەیە و چەندین بەڵێن بەخەڵكی شارەكەدەدەن، بەڵام وەك هاوڵاتیانی شارەكەدەڵێت، تەنها لە یادەكاندا ئەوانیان بیر دەكەوێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەم یادەدا دووبارە جەخت لە بایەخدانی زیاتر بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەینەوە. خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و هەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەڵەبجە بووەتە ناسنامە و سیمبوولی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە جیهاندا، بۆیە پێویستە هەمیشە یادی شەهید و قوربانیانی ئەو تاوانە، زیندوو رابگرین و هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ئەم تاوانە مەزنە بکاتەوە.

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، ڕایگەیاند، هەڵەبجە گوڵی سوری سەر سنگی كوردستان، تۆماری مەینەتی خەڵكی عێراق و مرۆڤایەتیە، دەیسەلمێنێ زوڵم ناچێتە سەرو تاوانكارانیش هەردەبێ بە سزا بگەن، دەشڵێت، هەڵەبجە ناسنامەی ناو دڵمانە، و با خزمەتكردنی لە دروشمەوە ببێتە كردار.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌دڵه‌وه‌ ئازاری یادی قوربانیان هه‌ڵده‌گرین، به‌ڵام سه‌ره‌خۆشیمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ك باقی تاوانه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس و سته‌مكاری، نرخی ئازادی و به‌های مانه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی عێراق له‌سه‌رده‌می دیكتاتۆریه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می دیموكراسی و به‌رزراگرتنی به‌های مرۆڤی عێراقیمان بیرنه‌چێته‌وه‌.

وتیشی، هه‌ڵه‌بجه‌ برین و ده‌ستدرێژی و ناهه‌قیمان بیرده‌خاته‌وه‌ كاتێك ئامرازێكه‌ له‌ ده‌ستی حاكمدا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئێمه‌ ئیلهام له‌ گیانبه‌ختكردوی شه‌هیدان و ناڵه‌ی گیانی ئه‌وان وه‌رده‌گرین، بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی دیكه‌ بنیات بنێن، عێراقێكی ئازاد و دێموكرات كه‌ له‌ هه‌ر بستێكی خاكی پیرۆزی خۆی، گه‌ل و هاونیشتمانانی خۆی به‌رز ڕاده‌گرێت.

قوربانیانی هەڵەبجە
لە هەرێمی كوردستان 972 بەركەوتووی چەكی كیمیایی هەن، لەو ژمارەیەشدا 300 یان پێویستیان بەچارەسەرە لە دەرەوەی وڵات.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بارودۆخی قوربانیانی هەڵەبجە زۆرخراپە و لەكاتی سەرهەڵدانی كۆرۆنا 4 كەس گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی، دوای 33 ساڵ تائێستا وەك پێویست خزمەتی هاوڵاتیانی هەڵەبجە نەكراوە و قوربانیانی هەڵەبجە بەتەواوی فەرامۆشكراون.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە دەشڵێت، لیستی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی پڕە لە كەموكوڕی، هەندێك لەو لیستەدا هەن پێویست ناكات تێدابن، خەڵكانێكیش هەن بەركەوتوون ‌و مافی خۆیانە بخرێنە ئەو لیستەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەخراون، بۆیە لیستەكە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.

لای خۆیەوە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، بەشێك لە بەركەوتوانی چەكی كیمیایی پەراوێزخراون و هیچ موچەیەكیان نیە و ئێمە هەموو کارئاسانییەک دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بگاتە جێگەی خۆی.

وتیشی، پێویستە حکومەت مامەڵەی تایبەتیمان لەگەڵ بکات، چونکە هەنسک و برینی هەڵەبجە ئەوەندە گەورەیە، بە چەند پرۆژەیەکی بچووک ئاوەدان ناکرێتەوە.
نزار مەحموود، بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، خزمەتگوزارییەکان لە هەڵەبجە وەکو پێویست نین، ئەوەی بۆی کراوە لە ئاست خواستەکانی خەڵکی شارەکەدا نین و داوا دەکەین ئەم شارە لە رووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە بکرێتە نموونەیی.

وتیشی، شارەكە بوەتەقوربانی ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی و بەتەواوی فەرامۆشكراوە.

بزوتنەوەی گۆڕان: ھەڵەبجە رەمزی بەرەنگاری و ھەستانەوەیە
بزوتنەوە ی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پێویستە یادکردنەوەی مەرگەساتی هەڵەبجە لە مەراسیمی سیمبولیەوە بگۆڕدرێت بۆ ھەنگاوی کرداری و تەرجومە بکرێت بۆ خزمەتی خەڵک و کەسوکاری قوربانیان، داواش لە حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی دەکات کە هەوڵی جدی تر بدەن بۆ ساڕێژکردنی برین و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو مەرگەساتە.
دەقی بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یادی (33) ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

ئەمڕۆ یادی (33) ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە؛ ئەو شارەی بە تاوانی جینۆسایدی رژێمی بەعس لەناو نەچو، بەڵکو بوە رەمزی بەرەنگاری و ھەستانەوە و ناسنامەی نەتەوەیی گەلێکی قوربانیدەر.

هەڵەبجە لەناو نەچو، بەڵام خەم و ئازار و ناسۆری قوربانیانی ئەو کارەساتە تراژیدییە لە کۆنەستی نەتەوەیدا بە زیندویی ماوەتەوە، ھەربۆیە پێویست یادکردنەوەکانیش لە مەراسیمی سیمبولیەوە بگۆڕدرێت بۆ ھەنگاوی کرداری و تەرجومە بکرێت بۆ خزمەتی خەڵک و کەسوکاری قوربانیان.

لەم یادەدا، ئەرکی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمە کە هەوڵی جدیتر بدەن بۆ ساڕێژکردنی برین و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو مەرگە ساتە. ئەرکی سەرۆک کۆمار و نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کاری رژد بۆ بەپارێزگابونی راستەقینەی شارەکە و قەرەبوکردنەوەی زیان لێکەوتوان بکەن.

لەناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، ئەرکی حکومەت گەورەترە، بەشێوەیەک پێویست دەکات چاوێکی وردتر بخاتە سەر شارەکە و ئەو ڕاستیە ببینرێت کە (پارێزگا)ی هەڵەبجە تائێستا لە بیناییەک و چەند کارمەندێک تێنەپەڕیوە و خەڵکەکەشی ئومێد بە سەردەمی پێشوتری دەخوازێ کە (قەزا) بو.

لای خۆمانەوە و، لە ساڵڕۆژی ئەم کارەساتە تراژیدییەی گەلەکەمان، جگە لەوەی سەری ڕێز و وەفا بۆ گڵکۆی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەمی شەهیدانی رێگای رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دادەنەوێنین، دواکاریشین هەموان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بین لەبەرامبەر ئەم شارە پشتگوێخراو و زامدارە.

33  ساڵ لەمەوبەر لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگی ئێران-عێراق و بەدیاریکراوی لە 16ی ئازاری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق بە بۆمبی کیمیایی هێرشیان کردە سەر شاری هەڵەبجە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار کەس، لە دانیشتووانی شارەکە، بە پیر و گەنج، پیاو و ئافرەت و منداڵ شەھیدکران و 10 هەزار کەسی تریش برینداربون، زیاتر لە 70 منداڵ بێسەرو شوێنبوون، ئێستا 1000 بریندار تەندروستیان ناجێگیرە 25 بریندار ڕۆژانە ئۆكسجین وەردەگرن.

دوای حەوت ساڵ لە بەپارێزگاکردنی، بەهۆی ململانێ حیزبیەكانەوە پۆستە ئیداریەكانی ئەو پارێزگایە بەبەتاڵی ماونەتەوە تائێستا هەڵەبجە ئەنجوومەنی پارێزگای نییە، تەنیا پارێزگار و جێگرەکەی دانراون.