ڕاپۆرتی کوردستانی

12:35 - 14/03/2021

پەیسەر نهێنی شكستەكانی پێوەری ئاوی ماڵان ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

55 هەزار پێوەری ساختەی ئاو لەلایەن كۆمپانیایەكی حزبیەوە دەهێنرێنە هەرێم و 80% ی ئەو پێوەرانەشی بەستراون خراپ و بێ كوالێتین، بەشێك لە هاوڵاتیان نیگەرانن و بۆهەندێک هاوبەش زیاتر لە 80 ملیۆن دینار بۆ دوو مانگ هاتووە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش داوا لەحكومەت دەكات شكستی پێوەری ئاوی ماڵان ڕابگەیەنێت.

 
پێوەری ئاوی ماڵان
لە ساڵی 2015 دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵەكان و سەرجەم فەرمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان بووەتە بڕیارێك لە لایەن بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆكانی ھەرێمی كوردستان، گەرچی ئەم بڕیارە لە ساڵی 2018  كەوتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام تا كو ئێستا بەشێك لە ھاووڵاتیان ئەم پێوەرەیان بۆ ئاوەكانیان نەبەستووە. بەرپرسانی حكومەتیش چەندین جار ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە سزای ئەو كەسانە دەدرێت كە پێوەری ئاویان نەبەستوە، بە گوێرەی ئاماری كۆمپانیای تایبەت بە بەستنی پێوەرەكان ژمارەی ھاوبەشەكان زیاتر لە 248 ھەزار پێوەرە.

بەڕێوبەرایەتی ئاویش دوایین مۆڵەت دەداتە ھاووڵاتیان، كە بە زووترین كات سەردانی بەڕێوبەرایەتی ئاو بكەن بۆ بەستنی ئەو پێوەرە و لە ئەگەری نەبەستنی پێوەرەكە ھاووڵاتی دەبێت مانگانە 100 ھەزار دینار بدات.

پەرلەمانی كوردستان و پێوەری ئاوی ماڵان
هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رده‌چێت، سزای هه‌ر ماڵێك بدرێت كه‌ پێوه‌ری ئاویان نه‌به‌ستووه.
دوای وەرگرتنی بڕیاری ئەنجومەنی شورای ھەرێم و چەند بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی بۆ سزادانی نەبەستنی پێوەری ئاو، ئەم پرۆسەیە سەرکەوتو نەبو و شکستیھێنا، ئێستا ئەم بابەتە خزێنراوەته‌ پرۆژەیاسایەکه‌وه‌ لە پەرلەمان و ویستێك هه‌یه‌ بكرێته‌ یاسا.

بەپێی زانیاریەكان، بۆ نەبەستنی پێوه‌ری ئاو سزای 500 ھەزار دینار دیاریكراوه‌، به‌وه‌ش مانگانە بەبەردەوامی سەدان ھەزار دینار لە ھاوڵاتیان وەرده‌گیرێت.
بەپێی وتەی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، ھەڵەی چەند بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی، کە لە بنەڕەتدا پێوەری ئاو گونجاو نەبوە، زیانی گەورەی داوە لە  خەڵکی کوردستان و داھاتی گشتی بە بەھای سەدان ملیۆن دۆلار، شکستی ئەم پڕۆژەیە و مەترسیەکانیمان ئاشکراکرد، کە بەھۆیەوە خەڵک توشی زیانێکی نەبڕاوە دەبن، بەردەوام دەبین و ڕێگردەبین ئەم زوڵمە لە خەڵک بکرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان، جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌، ئەم پرسە نە سیاسیە نە حزبیە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پارە و قوت و گیرفانی خەڵکەوە ھەیە.

داوا لەحكومەت دەكرێت شكستی پێوەری ئاوی ماڵان ڕابگەیەنێت

پێوەرەكانی ئاو بۆ هەرێمی كوردستان گونجاونین، چونكە ئەم پێوەرانە هەواو هەر جوڵەیەكیتر دەخوێننەوە، دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، تایبەت بەپەیسەر ڕایگەیاند، هەتا ئێستا 55 هەزار پێوەری ساختەی ئاو لەلایەن كۆمپانیای حزبیەوە هاتونەتە هەرێم و 80% ی ئەو پێوەرانەشی بەستراون خراپ بوون چونكە دەبوو ئەم پیوەرانە ئەڵمانی و ئیتاڵی بونایە بەڵام وانەبوو بەپێی ڕێنمایی حزبی هێندراون نەك یاسا.

وتیشی، چەند جارێك خەڵك هۆشیاركراوەتەوە كە ئەم پێوەرانە نەكڕن، چونكە پڕۆسەیەكی بازرگانیە، چەند جارێك لەلایەن ئەنجومەنی شوراو وەزارەتەوە هاوڵاتیان سزادراون بە 100 هەزار یان 200 هەزار .

داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت شكستی پێوەری ئاوی ماڵان ڕابگەیەنێت و ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان داوا لە فراكسیۆنەكان و پەرلەمانی كوردستان دەكات پرۆژەكە بەیاسا ڕێك نەخرێت و ڕەتبكرێتەوە.

دابان محمد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆژەی پێوەری ئاوی ماڵانی ڕاگەیاندو بەداخەوە پێوەرەكە شكستی هێناوەو پێویستە ئەنجومەنی وەزیران شكستی پرۆژەكە ڕابگەیەنێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان داوادەكات پێوەری ئاو بە یاسا ڕێك نەخرێت چونكە پێوەرەكە شكستی هێناوەو لە هەرێم لە 30% هاوڵاتیان پێوەرەكەیان بەستووە كە دەبوو لە 85%ی هاوڵاتیان پێوەرەكەیان ببەستایەو پێوەرەكە سەركەوتونیە چونكە دەركەوتوە پێوەرەكە ڕۆیشتنی هەواش دەخوێنێتەوەو بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان پارەیەكی زۆریان بۆ هاتۆتەوە.

دەشڵێت، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆیە فەشلی پرۆژەكە ڕاناگەیەنێت چونكە دەبێت 60 ملیۆن دینار سزای هاوڵاتی بدات و لە ماوەی دوو ساڵدا بەهۆی پێوەری ئاوەوە 400 ملیۆن دینار زیان بەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كەوتوە چونكە هاوڵاتیان بەهۆی پرۆژەكەوە پارەیان نەداوە.

پێوەرەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، لە ساڵی  2012 لە هەرێمی کوردستان 950 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە، دوای ئەوەی پێنج پێوەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ هەڵبژێردران، پشکنینیان لە دەرەوە بۆ کرا و تەنها سێ پێوەر پەسند نەکران.

پێوەرەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان زۆر و جیاوازن بەڵام حكومەتی هەرێم چەند جۆرێكی دیاریكردوە كە باشن و بەگونجاویان دەزانێت بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ ئەو پێوەرە هەندێک قوفڵ و کەرەستەی جێگیرکردن هەیە، نرخی ئەو پێوەرە بەو کەرستانەوە هەرزانترینی ئەڵمانیە بە 37 هەزار دینارە بە هەموو پێداویستیەکانی کە تەنها نرخی پێوەرەکە نزیکی 18 دۆلارە، تورکیەکە  38 هەزارە، گرانترینیشی بە 43 هەزار دینارە کە ئیتاڵیە.

لەنێو پێوەرەکەدا پەروانەیەک هەیە کە ئاوەکە لە پەروانەکە دەدات، بڕی ئاوی بەکارهاتووی هەر ماڵێک ئەژمار دەکات.
دوای  بەستانی  پێوەرەکە  مانگانە  نرخی  ئاو بەم شێویە دەبێت، بۆ هەر 30 مەتر سێجایەکی ئاو 12 هەزار دینار، بۆ  40 مەتر سێجا  22 هەزار دینار، بۆ  50 مەتر سێجا 32 هەزار دینار، بۆ 60 مەتر سێجا ‌ 42 هەزار ، بۆ 70 مەتر سێجا 52 هەزار دینار، بۆ 90 مەتر سێجا 82 هەزار دینار و بۆ 130 مەتریش 177 هەزار دینار وەردەگیرێت.
یەک مەتر سێجا ئاو، دەکاتە هەزار لیتر ئاو، کە دەکاتە 5 بەرمیل ئاو.

 

لە ساڵی 2016 وە سێ كۆمپانیا پێوەری ئاو دادەنێن لە هەرێمی كوردستان، تائێستا نەتوانراوە پلانەكە لەسەرجەم شارەكان جێبەجێبكرێت، لە هەندێك شوێنیش پێوەری ئاوی ماڵان كێشەی بۆ بەشێك لە هاوڵاتیان دروستكردوە و بۆ هەندێک هاوبەش زیاتر لە 80 ملیۆن دینار بۆ دوو مانگ هاتووە.