ڕاپۆرتی کوردستانی

10:19 - 13/03/2021

پەیسەر هۆكاری دواخستنی بودجەی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات‌

پەیسەر

دوای چەندین هەفتە لە درێژەكێشانی دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەبێ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی و دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجە و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، "پەیسەر پرێس" هۆكارەكان ئاشكرا دەكات.
نزیكەی مانگێك لەمەوبەر و لە ئەنجامی دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، باس لەوە دەكرا كە "بەمنزیكانە" حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی ڕێكدەكەون و پشكی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق-دا جێگیر دەكرێت و بەوەش پرۆژەیاساكە پەسەند دەكرێت و بەشەبودجەی هەرێم ڕەوانە دەكرێت، بەڵام چەند جارێك ڕێككەوتنەكە دواخرا و هەفتە لەدوای هەفتە وادە دیاریدەكرا بۆ گەیشتنی هەردوولا بە ڕێككەوتن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە، كەچی هەفتەكان تێپەڕبوون و ڕێككەوتن نەكرا و هێشتا بودجە پەسەند نەكراوە، هەمووانیش ...بە لایەنەكانی هەرێم و عێراق-یشەوە... هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەكە بۆ نەگەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانەوە دەگەڕێننەوە.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی چەندین هەفتە، بڕیارە دووشەممەی داهاتوو دوایین كۆبوونەوە بكرێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و وەك دەوترێت: "كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە" دەبێت.


كێشەی لایەنەكانی عێراق لەگەڵ هەرێمدا چییە و بۆچی ڕێكناكەون؟
نەدا شاكر جەودەت، پەرلەمانتاری عێراق پێی وایە ئەوەی تا ئێستا بووەتە ڕێگر لەبەردەم ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق-دا، نەبوونی متمانەیە.
ئەو لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ "پەیسەر" وتی، "پێشتر دوو جار ڕێككەوتن كراوە و لە دوو بودجەی عێراق-دا هەولێر و بەغداد ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی لە بەرانبەر ڕادەستكردنی داهاتدا، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا بنێردرێت، ئەوەی كە ڕوویداوە ئەوە بووە بودجەكە ڕەوانەی هەرێم كراوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبووە و نەك نەوت و نیوەی داهاتە فیدراڵییەكانی ڕادەست نەكردووە، بەڵكو تەنانەت یەك دڵۆپ نەوتی ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی نەكردووە، بەرمەبنای ئەوەش، نەبوونی متمانە هاتووەتەئاراوە و گومانێك لە بەغداد دروست بووە بەوەی حكومەتی هەرێم ئەمجارەش پابەندی ڕێككەوتن نەبێت.
ڕاشیگەیاند، "كەمتەرخەمییەكە لە ئەستۆی حكومەتی عێراق-دایە، چونكە نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو ناوچە و جومگە و كایەكاندا بسەپێنێت و داهاتە فیدراڵییەكان وەربگرێت و لە بەرامبەردا شایستەی دارایی و پشكی هەرێم و پارێزگاكان ڕەوانە بكات."

"كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد زیانیان بە حكومەتی فیدراڵی و ملیۆنان هاوڵاتی گەیاندووە"
نەدا شاكر جەودەت كە پێشتر ئەندامی فراكسیۆنی دەوڵەتی قانون بوو بە سەرۆكایەتیی مالكی و ئێستا خۆی وەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەناسێنێت، باس لەوە دەكات كە "كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، بوونەتەهۆی دروستبوونی كێشە بۆ هەموو ناوچە و پارێزگاكانی عێراق، تەنانەت زیانیان بە حكومەتی فیدراڵی گەیاندووە."
بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەقبەستووەش ڕایگەیاند، "پێویستە ناكۆكییەكان لەوە زیاتر درێژە نەخایەنن و كێشەكان چارەسەر بكرێن، چونكە پەسەندنەكردنی بودجە، زیانی بە ملیۆنان كەس گەیاندووە."
لە درێژەی گفتوگۆكەیدا لەگەڵ "پەیسەر پرێس" نەدا شاكر وتی، "پارێزگا هەیە لەسەدا 95ی داهاتی عێراق دەستەبەر دەكات، گلەیی هەیە لەوەی بۆچی شایستەی دارایی كەم و سنوورداری پێبدرێت، كەچی هەرێمی كوردستان بەبێ ڕادەستكردنی نەوت و داهات، بودجەی بۆ بنێردرێت."

"تاكە ڕێگەچارە، ڕێككەوتنە"
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "پەیسەر"دا كە دۆخەكە بەكوێ دەگات و ئومێدێك هەیە بۆ ڕێككەوتن و ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان؟ ئەو پەرلەمانتارە وتی، "زۆرینە لەگەڵ ڕێككەوتندان، ئێمە بیر لە هاوڵاتییان دەكەینەوە، چونكە دەزانین هەر ئەوان زیانمەند دەبن، بۆیە تاكە ڕێگەچارە، ڕێككەوتنە".