ڕاپۆرتی کوردستانی

10:22 - 12/03/2021

تراژیدیایی خۆكوشتنی ژنان و فاكتەر و دەرهاویشتەكانی‌

پەیسەر

دیاردەكانی خۆ كوشتن لەنێو كامپەكاندا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو مەترسیدار دەردەكەون بە جۆرێك لە حاڵتەوە بوون بە دیاردە،دوای هێرشی چەكدارانی داعش بۆ شەنگال لە 3ی ئابی 2014ەوە 250 ئێزیدی لەناو كامپەكانی ئاوارەییدا بە فیشەك و بە پەت كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بون،بەپێی ئامارێكی رێكخراوی داك بۆ گەشەپێدان كە لەناو كامپەكاندا كاردەكەن لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێدا، پێنج كەس بە فیشەك و خنكان بە پەت مردون، كە چواریان لە رەگەزی مێ بون. 

زنجیرەیەك ڕوداوی خۆكوشتن 
ئەسمەهان خدر، تەمەن 20 ساڵا كچێكی دانیشتوی  كەمپی ئیسیانی دهۆكە دوای هێرشی داعش لەساڵی 2014 بۆسەر شەنگال لەوكەمپەی سنوری شێخان نیشتەجێن، دایك و باوكی دەڵێن كە هەستاین لەخەو تەرمی كچەكەمان بەهەڵواسراوی بینی
ئەسمەهان، پێش ماوەیەك لەگەڵ هاوسەرەكەی جیابونەتەوە. رەنا حەسەن قاسی، چالاكوانی مافەكانی ژنان لە شەنگال، دەڵێت: ئاگەداری دۆسیەكەیم، ‏قسەم لەگەڵ دایك و باوكی كردوە دەڵێن ئەو هاوسەرەكەی زۆر خۆشویستوە، بەڵام پیاوەكەی وتویەتی من تۆم ناوێت، كاتێك پیاوەكەی تەڵاقیدا باری ‏دەرونی خراپ بو ئەوەش ئەنجامەكەی.


شەوی 7/1/2021 تەرمی كچێكی دیكە بەناوی سەلما سەعیدعیدۆ،لەكەمپی بێرسڤی2 لەدهۆك دەدۆزرێتەوە،‏قوربانیەكە لەدایكبوی ساڵی (2005)ـە،هۆكاری خۆكوشتنەكەشی وەك ئەوانی دیكە ئاشكرا نەكراوە
‎پۆلیسی دهۆك، ئامادەی رونكردنەوە نیە لەسەر دۆسیەكان و دەڵێت لە سەروی خۆمانەوە فەرمانمان پێكراوە لە دۆسیەكانی خۆكوشتن قسە بۆ میدیاكان ‏نەكەین.

ئەحلام خێرۆی تەمەن15ساڵ تەرمەكەی بەخنكاوی دەدۆزرێتەوە لە بەرواری 4/1/2021 لە كامپی شاریای دهۆك،دەوترێت خۆی خنكاندوە ‏هیچ زانیاریەكی ورد لەبارەی هۆكار و چۆنیەتی روداوەكە بەردەست نیە
كاتێك كارەبا بڕا،ئەحلام خێرۆ كە تەمەنی تەنیا (15ساڵ) بوو، چووە گەرماوی ماڵەكەیان و دەرگای لەخۆی داخست، ئیتر ئەو بەهیچ شێوەیەك بەپێی خۆی نەگەڕایەوە و چووە پاڵ ئەو چیرۆكە تراژیدیانەی كە شەش ساڵە لەناو خێوەتی ئاوارەكاندا دوبارە و دوبارە دەبنەوە

ئەحلام خێرۆ لە 4ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، لەناو حەمامێكی بچوكی ماڵەكەیاندا لە كۆمەڵگەی شاریا لە دهۆك كە تایبەتە بە ئاوارە ئێزیدییەكان بە هەڵواسراوی تەرمەكەی دەرهێنرایە دەرەوە، ئەوەش بووە چوارەم ژن و كچی ئێزیدی لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا گیانیانلەدەستداوە بە هۆكاری "كوشتن و خۆخنكاندن بە پەت". 


سادق خێرۆ، برای ئەحلام كە هەمان ئێوارە پێكەوە نانیان خواردووە و وەك خۆی دەڵێت "هەمووان لە ماڵەوە دڵخۆشبون، وتی "خوشكەكەم هیچ نیشانەیەكی خەمۆكی نەبوو، دوای نانخواردنی ئێوارە كارەبا بڕا و لە ماوەی چارەكە سەعاتێكدا چووە گەرماو و نەگەڕایەوە
یەكەم كەس كە بانگی ئەحلامی كرد دایكم بوو، هەر ئەویش دەرگای حەمامی كردەوە و بینی ئەحلام پەتێك بە ملیەوەیە و خنكاوە"، سادق وتیشی "هەمومان توشی شۆك بوین، ئێستاش باوەڕناكەم ئەحلام چۆن خۆی خنكاندووە

دیوە شاراوەكانی پشت خۆكوشتنی ژنان
چالاكوانان بە پێی ئەو كەیسانەی بینیویانە و ئاگادارین، چەند دیوێكی پشت خۆكوشتنەكان ئاشكرا دەكەن، سەرەكی ترینیان هەڵخەڵەتاندنی كچان و ‏گێچەڵی سێكسی و هەڕەشەكردنە لە ئابڕویان‎.‎

مازن خدیداد، چالاكوان و رۆژنامەنوس دانیشتوی كەمپی ئێزیدیەكانە، بۆ رۆژتامەیەكی ناوخۆیی دەڵێت: بەگشتی ئەوانەی خۆیان دەكوژن مێردمناڵن، سەرەكیترین هۆكاریش ‏پەیوەندی خۆشەویستی هەڵەی كچانە لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر، بەشێوەیەك كوڕ هەیە پەیوەندی لەگەڵ 10 كچدا هەیە و وەكو پیشە فێر بوە، دواتر ‏ئەمجۆرە كەسانە كە دڵی كچەكە بەدەست دەهێنن دەكەونە هەڕەشەكردن و بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان ئەگەر پەیوەندی نەشیاویان لەگەڵدا نەبەستن‎.‎

وتیشی: ئەمەش دەرئەنجامی كەمی هۆشیاریە و كچان بون بەقوربانی بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان مناڵە ناتوانن كۆنتڕۆڵی كێشەكەیان بكەن راستەوخۆ ‏خۆكوشتن هەڵدەبژێرن‎. ‎

چالاكوانانی ژنانیش بەهەمان شێوە هەڵخەڵەتاندن و قۆستنەی بارودۆخی كچان لەلایەن پیاوانەوە بەهۆكار دەزانن‎. ‎

ڤیان سابیر بەرپرسی ڕێخراوی (پی دی ئۆ) لە گەرمیان وتی خۆكوشتنی ئافرەتانی نێو كەمپەكان دەگەڕێتەوە بۆ گوشارە كۆمەڵایەتێكان كەلەسەر كچان و ژنانی نێو كەمپەكانن.

وتیشی: بەهۆی نەبونی هۆشیاریەوە، پیاوان كچان هەڵدەخەڵەتێنن، رەوشی كچان و ژنان زۆر خراپ بوە ئەوەی زۆر گرنگە هۆشیاركردنەوەی پیاوانە پێش ‏كچان و ژنان، نەیشاردەوە تەحەروش كردن یان ئیستخلال كردن لەلایەن كوڕانی نێو كەمپەكانەوە بۆسەر ئافرەتان وادەكات ئافرەتان پەنا بەرنە بەر خۆكوشتن، تەنانەت خراپ بەكارهێنای ئامێرە پەیوەندێكان یەكێكی دی لە لە پاڵنەرەكانی خۆكوشتنە ‎.

سزای خۆكوشتن لە ئاینی ئێزیدی
ئەم روداوانەی خۆكوشتن لەكاتێكدا رودەدەن، كە لە ئاینی ئێزیدیدا خۆكوشتن حەرام و رێگەپێنەدراوە‎
پیر خەڵات ئەلیاس، پیاوی ئاینی ئێزیدیان و بەرپرسی نوسینگەی لالش،رونیكردەوە: لە ئاینی ئێزیدی ئەوە هاتوە كە رۆح دیاری خودایە و ‏نابێت بكوژرێت یان ئەشكەنجە بدرێت، بۆیە ئەگەر كەسیك خۆی بكوژێت سزاكەی زۆر قورس دەبێت، بەوەی دوای سێ جار گەڕانەوەی رۆحی كەمئەندام ‏دەبێت ئەگەرچی رۆح زیندو دەمێنیتەوە، بەڵام ئەو كەسانە رۆحیان دەمرێت.
‎‎وتیشی: رۆژێكی حەق و لێپرسینەوە ئەو رۆحە سزای وەردەگرێت و دەچێتە دۆزەخ‎‎

چارەنوسی تاوانبارانی پشت خۆكوشتنەكان
‎‎چالاكوان مازن ‏خدیداد دەڵێت خۆكوشتن لە كامپەكان هەنگاوی بۆ بەدیاردە بونی ناوە و رێگری لێنەكرێت و تاوانبارانی پشت خۆكوشتنەكان سزانەدرێن كارەسات رودەدات‎
وتیشی: ئەو كەسەی كچێك بەهۆی گێچەڵی سێكسی و هەڕەشەی ئەوەوە خۆی كوشتوە و هۆكارەكەی ئاشكرا نەكردوە، بە ئازادی دێت و دەچێت و هیچ ‏كێشەی نیە، ئەمەش وادەكات تاوانباران بەردەوامبن و كەسانی دیكەش چاویان لێبكەن، چونكە سزانەدراون تاببن بە پەند‎.‎

لە بەرامبەردا ئارام محەمەد، بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە پارێزگای دهۆك دەڵێت: چەندین كەیسی ‏هاوشێوەی ئەوانەی كە خۆیان كوشتوە چارەسەرمان كردوە بەبێ ئەوەی خێزانی كچەكان بزانن تاوانباریش سزای خۆی وەرگرتوە.
 دەشڵێت: باردۆخەكە ‏بەوەشێوەیەش خراپ نیە كە باس دەكرێت

هاوكات، مەنال محەمەد، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی ناوەندی هابەشی هەماهەنگی قەیرانەكان‎‎ راگەیاند: سەرجەم لایەنە ‏پەیوەندیدارەكانی حكومەت هاتونەتە سەرهێڵ بۆ لێكۆڵینەوە‎‎.

 

وتیشی: خۆم سەردانی ماڵی قوربانیەكانم كرد، باردۆخەكە زۆر خراپ نیە و باشیش نیە، رەنگە ئەمە رێكەوتبێت ئەم چەند كەسە لە چەند رۆژێكی ‏كەمدا خۆیان كوشتوە، ئەوان تەنانەت كامپەكانیشیان جیاوازە.‎