12:26 - 11/03/2021
بەرزبونەوەی نرخی بەنزین كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە
نرخی سوتەمەنی لە
هەرێمی كوردستان بەرزدەبێتەوە، شۆفێران و هاوڵاتیانیش نیگەرانن و داوا
لەلایەنەپەیوندیدارەكان دەكەن كێشەكە چارەسەربكەن، پسپۆڕێكی سوتەمەنیش هۆشداری
دەداتە حكومەت و دەڵێت، ئەگەر چارەسەری كێشەكە نەكرێت نرخی بەنزین لە 1000 دینار
نزیك دەبیتەوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، لەهەولێر و دهۆك ماددەیەکی ژەھراوی مەترسیدار دروستدەكرێت و ناویان
ناوە " گازوایل" بۆ مۆلیدەو ئامێرو
ئەو ئۆتۆمبیلانە بەکاردێت، کە بە گازوایل کاردەکەن..
بەرزبونەوەی
نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم
جارێكیتر نرخی
سوتەمەنی و بەنزین بەرزدەبێتەوە و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نرخەكانی بەنزین
گۆڕانكاری زۆریان بەسەردا هاتوە تەنانەت لە گازوایل و غازیشدا ئەوەش بۆ ئەو
گۆڕانكاریە دەگەڕێتەوە كە لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا ڕوویداوە و
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا نرخی بەنزین بەشێوەی جیاواز بەرزبوتەوە بۆ نمونە ئەگەر
لەمانگی ڕابردوودا نرخی یەك لیتر بەنزینی سوپەر 650 بووبێت لە ئێستادا بوەتە 675
موحەسەن لە 525ەوە بوەتە 575 یان گازوایل لە 475ەوە بوتە 525 واتە نرخەكان
بەشێوەیەكی گشتی بەرزبونەتەوە و نزیكەی 50 دیناری چوتەسەر.
لە سلێمانی نرخی
بەنزین بەراورد بەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەرزبوتەوە، بۆ نمونە بەنزینی جۆری سوپە بۆ 800بەرزبوەتەوە و موحەسەن بۆ 675 دینار بەرزبوەتەوە و نۆرماڵ بۆ 575 بەرزبوەتەوە،
واتەبەشێوەیەكی گشتی نرخەكان بەرزبونەتەوە بەڵام لە نێوان بەنزینخانەكاندا نرخەكان
تاڕادەیەك جیاوازە و گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە.
كۆمەڵەی
بانزینخانەكانی سلێمانیش ڕایدەگەیەنن، گرانبونی نرخی بەنزین هیچ مەبەستێكی لەپشتەوە
نیە و تەنها پەیوەندی بەگرانبونی نرخی نەوتەوەهەیە لە بۆرسەكانی جیهاندا.
لەهەولێریش
نرخەكان زۆر زیاتر بون بەبەراورد لەگەڵ سلێمانی بۆ نمونە لە مانگی ڕابردودا نرخی
بەنزینی نۆرماڵ 375 دیناربوو بەڵام ئێستا بوەتە 600 دینار، بەنزینی سوپەر ئێستا بە
820 دینارە موحەسەن بە 700 دینارە نرخەكان بەشێوەیەكی گشتی بەرزبونەتەوە بەڵام لە
بەنزینخانەیەك بۆ بەنزینخانەیەكی دیكە جیاوازە و لە 10 دینار بۆ 50 دینار جیاوازی
هەیە.
ناڕەزایی شۆفێران
بەڕێوەبەری
كارگێری یەكێك لە بەنزینخانەكانی شاری هەولێر بە پەیسەری ڕاگەیاند، نرخی بەنزین
20% بەرزبوەتەوە ئەوەش بۆ بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و هاوردە نەكردنی بەنزین
دەگەڕێتەوە.
وتیشی، نرخەكانی
بۆرسەرش كاریگەری لەسەر گرنبونی نرخەكە هەیە و چەند بەرزبێتەوە نرخی بەنزین
گرانتردەبێت و وا چاوەڕوان دەكرێت نرخەكان زیاتر بەرزببنەوە.
گرانبونی نرخی
بەنزین ناڕەزایی بەشێك لە شۆفێران و هاوڵاتیانی لێكەوتەوە و ڕاشیدەگەیەنن، گرانبون
و بەرزبونەوەی نرخی بەنزین كاریگەری لەسەر ژیانیان دروستكردووە و داواش لەلایەنە
پەیوەندیدارەكان دەكەن كێشەكەیان بۆ چارسەربكەن.
هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی
نرخی دۆلار لە عێراق و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بۆرسەدا و دانانی ئەو باجەی وەزارەتی
سامانە سروشتیەکان لەسەر هاوردەکردنی سوتەمەنی دایناوە.
وتیشی، هەوڵی زۆریانداوە
نرخی بەزنین بەرزنەبێتەوە، ئەگەر بەراورد بە کواڵێتی و جۆر و نرخی بەنزین لە پارێزگاکانی
دیکەی هەرێم بکرێت، دەبینرێت سلێمانی لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
لای خۆیەوە، ئومێد
خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، راستە بازاڕی بەنزین بازاڕێکی ئازادە، بەڵام
بەبێ هۆکار نییە، لە سەر ئێمەش ئەرکە هەم بەدواداچوون دەکەین، تیمەکانی قایمقامیەتەکان
راسپێدراون بۆ دیراسەکردنی ئەو بابەتە.
وتیشی، هۆکارەکان
پێموایە هۆکاری کاتین و چارەسەر دەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر
وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان چاودێری هەموو رەوشەکە دەکەین، رێگە نادەین بە جۆرێک
باری خەڵک زیاتر قورس ببێت.
لە بازگەكانی
هەلێر 30
دۆلار باج لەسەر بەنزین دانراوە
ئەو تانکەرانەی
کە هەڵگری سووتەمەنین و لە رێگەی کەرکووک و سلێمانییەوە دەچنە نێو پارێزگای هەولێر،
لە بازگەکان رێگرییان لێدەکرێت و باجی قورسیان لەسەر سەپێندراوە و لە رۆژی چوارشەممەوە
30 دۆلار باج لەسەر بەنزین دانراوە، ئەوەش نرخی بەنزینی لەوشارە زیاتر
بەرزكردوەتەوە.
سەربازكەریم
مستەفا، خاوەنی گروپەكانی پۆڵا بۆ سوتەمەنی بە میدیاكانی پارتی ڕاگەیاندووە، نرخی
بەنزین لە جوملەدا زۆر زیاتر دەكەووێتە لەو نرخەی كە ئێستا دەفرۆشرێتەوە، بۆ نمونە
بەنزینی نۆرماڵ 612 دینار دەكەوێت بەڵام بە 600 دەفرۆشدرێت لە بەنزینخانەكاندا،
كوالێتی بەنزینەكەی زۆر خراپە، ئەو بەنزینەی كە بەهەرزانتر دەفرۆشدرێت كوالێتیەكەی
هەرزانە و پێویستە حكومەت چارەسەری ئەو كێشەیە بكات.
وتیشی، لە
حكومەتی عێراقەوە هیچ جۆرە سوتەمەنیەك بۆ هەرێمی كوردستان نانیردرێت و لە ڕێگەی
كۆمپانیایی كارەوە دابین دەكرێت ئەوە جگە لەوەی باجی زیاتر دەخرێتەسەر ئەو
بەنزینەی كە لەلایەن بازرگانەكانەوە لە عێراقەوە هاوردەی عێراق دەكرێت.
دەشڵێت، نرخی
بەنزین لەلایەن كۆمپانیای كارەوە بەرزكراوەتەوە بەهۆی ئەوەی خواستی لەسەرە و ئەگەر
حكومەت نەێتەسەر خەت و چارەسەری كێشەكە نەكات نرخی بەنزین لە 1000 دینار نزیك
دەبیتەوە.
لە هەولێر و
دهۆك مادەی ژەهراوی دروستدەكرێت و ناوی لێدەنرێت گازوایل!
کۆمەڵێک گۆڕەپانی
بێ مۆڵەت کە لە ژێر ھیچ چاودێریەکدا نین، چەند ماددەیەک تێکەڵ دەکەن و ماددەیەکی ژەھراوی
مەترسیدار دروستدەکەن ناویان ناوە " گازوایل" ئەمیش بۆ مۆلیدەو ئامێرو ئەو ئۆتۆمبیلانە بەکاردێت، کە بە گازوایل
کاردەکەن.
عەلی حەمە ساڵح
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەم تێکەڵە لە ناوچەی کاشێی دھۆک و تانجەرۆ و گۆڕەپانەکانی
ھەولێر دروستدەکرێن.
چۆنیەتی
دروستکردن
٩٥٪
ئەو گازەی کە بەکاردێت بۆ بەکارهێنان بریتی یە لە گازی تێکەڵەیە! ئەمیش لە تێکەڵکردنی
جۆرە ڕۆنێک کە بشێکی مۆم (WAX) ەو (20000ppm) و ڕێژەیەکی زۆر گۆگرد تێیدا (S) دروستدەبێت، ئەو ڕۆنەش
کە بەکاردێت بۆگرتنەوەی گازەکە لە پاڵاوگە بێ مۆڵەتەکان بەرهەم دەهێنرێت کە بە ڤكیوم
کاردەکەن و نەوتی خاوی سوریاو عەینزالەو مەحمودیەو حوزیران بەکاردێنن! ئەم پاڵاوگانەش لەژێر ھیچ چاودێریەکدا نین!
ڕۆنە قاوەیەکە
کاتێک لەگەڵ نەوتی سپی تێکەڵ دەکرێت.. بەرھەمێکی لێدەردەچێت پێی دەڵێن "گازی
قاوەیی" پاشان لە گۆڕەپانەکان بە تێزاب و کۆستیک( soda) جارێکی دیکە تەسفیە دەکرێتەوە
پێی دەڵێن تەسفیەی دوو بۆ ئەوەی ڕەنگەکەی بگۆڕن بۆ زەرد... ئەم تەسفیەی دووەمە دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی سلفەرەکەی بۆ سەروو
(25000ppm)
!
ئەمیش لە کاتی
سوتاندن دەبێتە ھۆی دروستبونی بڕێکی زۆر لە ( SO2 , H2S
, CO2)
، دوان ئۆکسیدی گۆگرد (SO2)
و دوان ئۆکسیدی کاربۆن (CO2).
بۆ ئەم گازە لە
تێست دەرناچێت؟
چونکە فلاش پۆینتی
نزمەکان کە مەترسی گرگرتنی هەیە و لە زستاندا دەیبەستێت.
بەپێی وتەی ئەو
ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەم دۆسیە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و دەشڵێت، ئەم
پرۆسیە جگە لە نایاسایی و بێ مۆڵەتە، دەبێتە ھۆی دروستبونی ترشە باران، کە ئەمیش ھۆکارە
بۆ شێرپەنجەی ھەناسەو پێست و لەنێوچونی بەرھەمی کشتوکاڵ.
نرخی بەنزین،
نەوت، گاز لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
بەنزینی کار هەر تۆنێک بە 575
دۆلارە، بەنزینی ئاراک موحەسەن بە 656 دۆلارە، بەنزینی هەمەدان 545 دۆلارە، بەنزینی
تورکی سووپەریش بە 730 دۆلارە.
نەوتی سپی/ بە بەرمیل
نەوتی سپی ئێرانی 103 هەزار دینارە،
نەوتی سپی بەغداش بە 102 هەزار دینارە
نرخی گازیش لە بازاڕەکانی هەرێمی
کوردستان هەر تۆنێکی لەنێوان 380 دۆلار بۆ 443 دۆلارە، ئەسفەهان، 440 دۆلار، لاناز
380 دۆلار، تەبرێز/ 0500PPM، 443 دۆلار، کار / بەرمیل،
125 هەزار دینارە.