ڕاپۆرتی کوردستانی

02:17 - 07/03/2021

پێكوتە فریای رەوشی هەرێمی كوردستان دەكەوێت؟‌

پەیسەر

لەشی مرۆڤ كاتێك توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت پێویستی بە سیستەمێكە بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە نەبێتە هۆی تێكچوونی باری تەندروستی بەشێوەیەكی خراپتر پێویستە پێكوتەكەی وەربگرێت، ئەم وەرگرتنەش سیستەمی بەرگری لە لەش دروست ئەكات، بەڵام زۆر جار سیستەمی بەرگری لەش زۆر بەهێز نییە تا بتوانێت ڤایرۆسەكە لەناو بەرێت، بۆیە یەكێك لە ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی چالاكی سیستەمی بەرگری لەش دژی ڤایرۆسەكە بریتییە لە وەرگرتنی پێكوتەی دژە كۆرۆنا.

كۆرۆنا و ئامارەكانی لە هەرێمی كوردستان 
ساڵێك تێپەڕیوە بەسەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، خەڵك و ڤایرۆسەكە ململانێكی سەختیان تێپەڕاندو ئێستاش دووبارە ئاماری توشبوان زیاد دەكات و رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات و  بەرپرسانی تەندروستیش دەڵێن ئامارەكانی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە و ڕێكارەكان توندتر دەكرێنەوە.
سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی هۆشداریداوە و دەڵێت خێرایی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا نەك تەنها بە بەركەوتن بەڵكو لەرێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە، ئاماژەی بەوەش كردووە ڤایرۆسە نوێیەكەی كۆرۆنا "كۆڤید-20" دە هێندە خێراتر لە ڤایرۆسی كۆڤید-19 بڵاودەبێتەوە.

سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهێواشی توشبون بە كۆرۆنا زیاد دەكات و ڕێكارەكان دەگرینەبەر و ئامادەكاریمان بۆ ئەو مەبەستەكردوە و لە قوتابخانە و بەشەناوخۆی و فەرمانگە حكومیەكان پشكنینمان داناوە.

وتیشی، خاڵی لاوازمان دەروازە سنورەكانە و پێویستە كۆنترۆڵبكرێن، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی ناوخۆ دەكەم ڕێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی دیكە نەدەن بۆ ناو هەرێمی كوردستان.

لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان  ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەم شێوەیەن 1219649 هاوڵاتی پشكنینی بۆ كراوە و 110256 هاوڵاتی توشی ڤایرۆسەكە بوون و 104353 هاوڵاتی لەڤایرۆسەكە چاكبوونەتەوە2369 هاولاتی تا ئێستا لە ژێر چارەوسەرن و 3534 هاوڵاتیش بە ڤایرۆسەكە مردوون.

پێكوتەی كۆرۆنا
پاش زیاتر لە ساڵێك لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوبەری تەندروستی هەولێر ڕایگەیاندووە كە چواری ئەم مانگە پزیشكان و  كارمەندانی تەندروستی سنورەكە یەكەم كەس بوون پێكوتەی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە.

زیاتر لە ساڵێك بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا تێپەڕیوە و 437215 كەس لە هەولێر پشكنراون 38522كەس توشی ڤایرۆسەكە بوون 36508 كەسیش لەڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە 1074 لەژێر چارەسەران و 940 كەسیش مردوون 
د. بژار مووسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاندبوو، بۆ پێدانی پێكوتەی كۆرۆنا سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو كران پێنجشەممە 4/3/2021 لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست بە پێدانی ڤاكسینەكە كرا، سەرەتاش  ڤاكسینەكە لەو توێژانە دەدرێت كە بەپێی كارەكانیان ئەولەویەتیان پێ دراوە
وتیشی، ئەو كەسانەی بەپێی تایبەتمەندیی كارەكانیان سەرەتا پێكوتەكەیان لێ دەدرێت، بریتین لە پزیشك و كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان


گەیشتە سلێمانی
 ئەمرۆ پشكی پێكوتەی دژە كۆرۆنا گەیشتە سلێمانی و یەكەم كەسیش كە پێكوتەكەی وەرگرت بەڕێوبەری تەندروستی پارێزگاكە بوو، ئەوەش لەكاتێكدایە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسلێمانی زیادی كردووە و بەرپرسانی تەندروستی هۆشداری ئەوە  دەدەن ئامارەكانی توشبون بە كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە. 

د.هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت، ڤاكسینەكە هیچ مەترسیەكی نیە و بەپێی لێكۆڵینەوەكان هیچ كێشەیەكی نیە و ئەو دەنگۆیانەی كە باس دەكرێن لە سەر خراپی ڤاكسینەكە دورن لە ڕاستیەوە و بەكارهێنانیشی ئیختیارییە

سەبارەت بە دروستكردنی بەرگری گشتی و كۆتایی مەترسییەكانی كۆرۆنا لەسەر هەرێم، هێرش سەید سەلیم وتی: ئەوە ڤاكسینەی حكومەتی عێراقی بۆ هەرێمی دابین دەكات (20%)ی دانیشتوان وەریدەگرن، لە پاڵ ئەوەدا حكومەتی هەرێمیش بڕیاریداوە (20%) دابین بكات واتا رێژەكە لە هەرێم دەگاتە (40%)، هەروەها  (20بۆ30%)ی هاوڵاتیانیش توشی كۆرۆنابون، ئەوەش واتا ئەوەی تا كۆتایی (2021) بەرگری گشتی بەهۆی پێكوتەوە و توشبونەوە بۆ (60%) بەرز دەبێتەوە و مەترسی كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ دەكرێت

بە پێی ئامارەكانی وازارەتی تەندروستی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە لە سلێمانی 251898 هاوڵاتی پشكنینی بۆ كراوە 31782 هاوڵاتی هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون و 29444 هاوڵاتی چاكبونەتەوە 628 هاوڵاتی لەژێر چارەسەرن 1710هاوڵاتی مردوون.