09:16 - 12/01/2019
میدیاكانی پارتیو یەكێتی تەپڵی شەڕی ناوخۆ دەكوتن
ئەگەر بۆ چەند دەقیقەیەك سەیری میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بكەیت، بەزویی ئەوەت بۆ دەردەكەوێت، كە ئەو میدیایانە تەپڵی شەڕی ناوخۆ دەكوتن.
میدیاكانی پارتیو یەكێتی لەئەنجامی ئەو ململانێیانەی لەنێوان هەردوو حیزب هەیە، دەستیان بەشەرێكی گەورەی راگەیاندن كردووە، كە رۆژانە دەیان هەواڵی جۆراوجۆر لەدژی حیزبەكانو بەرپرسانی پارتیو یەكێتی بڵاودەكەنەوە.
شەڕی ئەم دواییەی میدیاكانی پارتیو یەكێتی لەدوای دەستگیركردنی چەند كادرێكی حیزبی هەردوولا لەلایەن هێزە ئەمنییەكان چڕ بووەوە، كە بەڕوونی لەدوای ئەو رووداوانە دەبینرێت، زمانی میدیایی پارتیو یەكێتی لەو سەردەمە دەچێت لەشەڕی ناوخۆ بوون.
پەیسەر پرێس لەبەدواداچوونێك، كە لەئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ چەند كارمەندێكی چەند میدیایەكی یەكێتیو پارتی ئەوەی بۆ دەركەوتووە، كە ئەو شەڕەی لەناو ئەو میدیایانە دەكرێت شەڕێكی مەبەستدارەو لەلایەن بەرپرسانی باڵای حیزبەكەشەوە ئاراستە دەكرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكە بەرپرسانو كارمەندانی ئەو میدیایانە رۆژانە لەلایەن بەرپرسانی حیزبیو ئاگادار لەدۆخی سیاسی هەرێم بانگهێشت، یان پەیوەندیان بكرێت، بۆ ئەوەی لەسەر پرسێكی دیاریكراو، كە خۆیان مەبەستیانە كاری میدیایی بكەن.
هەر بەپێی بەدواداچوونەكە، بەرپرسانی پارتیو یەكێتی هەر بەئاراستەكردنی میدیاكانی خۆیان ناوەستن، بەڵكۆ زانیاری لەدژی یەكتری كۆدەكەنەوەو رۆژانەش چەندین نهێنی لەسەر یەكتری ئاشكرادەكەنو تەنانەت بەڵگەو دۆكۆمێنتی كۆنو مێژوویی لەسەر یەكتری بڵاودەكەنەوە.
دەزگای میدیایی لەبەرانبەر بەدەزگای میدیایی
میدیاكانی پارتیو یەكێتی، كە بەردەوام شەڕی یەكتری دەكەن، زیاتر ئەو میدیایەن، خاوەندارییەكەیان بۆ بەرپرسانی هەردوو حیزب، بەتایبەتی بەرپرسانی دەسترۆیشتوو، بنەماڵەی دەسەڵاتی پارتیو یەكێتی دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەش چەندین دەزگای میدیایان لەدژی یەك دروست كردووە.
دیارترین دوو بەرپرسی ناو یەكێتیو پارتی، كە چەند ماكینەیەكی راگەیاندنی گەورەیان لەدژی یەكتری دروستكردووە، مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو لاهور شێخ جەنگی، برازای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانین.
ئەو دوو بەرپرسە بەشێوەیەك كاردەكەن، میدیا لەبەرانبەر میدیاكانی یەكتری دروست دەكەن، بەشێوەیەك پێشتر مەسعود بارزانی هەردوو دەزگای میدیای هەفتەنامەی باسو ئاژانسی باس نیوزی دروستكرد، لەبەرانبەردا لاهور شێخ جەنگی دەزگای میدیایی میللەتو هەفتەنامەی ئاژانسی دروست كرد.
لەپاشان مەسرور بارزانی هەستا بەبونیادنانی دەزگای میدیایی كوردستان 24، لەبەرانبەردا لاهور شێخ جەنگی سەرقاڵی دروستكردنی میدیایەكی هاوشانییەتی، ئەمە جگە لەدروستكردنی چەندین پەیجی گەورەو زەبەلاح لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
پەیسەر لەبەدواداچوونەكەی ئەوەی بۆ دەركەوتووە، كە ئەو میدیایانە راستەوخۆ لەلایەن هەردوو بەرپرسەی پارتیو یەكێتی بەرێوەدەبرێنو تەنانەت خۆیان لەرێگەی چەند كەسێكەوە سەرپەرشتی كاری رۆژانەیان دەكەنو خەرجی مانگانەی میدیاكانیش ملیۆنان دۆلارە.
شەڕی هەواڵگیری
بەو پێیەی مەسرور بارزانی بەرپرسی دەزگای پاراستنی پارتییەو لاهور شێخ جەنگیش بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتییە، میدیاكانی هەردوو حیزب رۆژانە دەیان راپۆرتو هەواڵی لەدژی یەكتری بڵاودەكەنەوە، كە ناوەڕۆكیان لەزانیاری هەواڵگیری پێكهاتوون.
زانیارییەكان بەشێوەیەكن، نهێنی زۆر وردیان لەسەر كۆبوونەوەو جوڵە سیاسییەكانی پارتیو یەكێتی تێدایە، كە ئەو زانیارییانە دەست دەزگا هەواڵگیرییەكان نەبێت، دەست هیچ لایەنێكی تر ناكەوێتو ئەوان دەیخەنە سەر شاشەو رووبەڕی لاپەری كەناڵو رۆژنامەكانیان.
هەواڵ بەرانبەر هەواڵ
لەسەیركردنی هەواڵو راپۆرتەكانی ئەو میدیایانە ئەوەت بۆ دەردەكەوێت، كە كاری میدیایی ئەو دەزگا راگەیاندنانەی پارتیو یەكێتی تەنیا بۆ بەربەرەكانیو بڵاوكردنەوەی هەواڵ لەسەر یەكترو رەتكردنەوەیەتی.
ئەم پرۆسەیەش بەشێوەیەكە، ئەگەر میدیایەكیان هەواڵێك لەسەر حیزبی بەرانبەر هەواڵ ، یان راپۆرتێك بڵاوبكەنەوە، ئەوە میدیای ركابەرو بەرانبەری، یان بەهەواڵێكی تر وەڵامی دەداتەوە، یان بەهەواڵێك رەتیدەكاتەوەو زانیارییەكانی بەدرۆ دەخاتەوە.
نوێترین شەڕی هەردوو میدیا لەسەر پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانە لەسەر بارەگاكانی یەكێتی لەشاری كەركوك، كە دەزگاكانی پارتی رۆژانە چەند هەواڵێك لەسەر ئەو پرسە بڵاودەكەنەوەو میدیاكانی یەكێتیش، یان هەواڵی پێچەوانەی لەسەر بڵاودەكەنەوە، یان رەتیدەكەنەوە.
بەنموونە لەهەواڵێكدا، كە رۆژی پێنج شەممە پێگەی باس نیوزی سەر بەپارتی هەواڵێكی لەژێر ناوی "ئاڵای كوردستان بەهۆی ئاسۆ مامەند و گرووپە خیانەتكارەكەوە هێنرایە خوارەوە"، كە تێدا باس لەوە كراوە، كە وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاندووە "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن سەرانی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە گرنگی نییە، چونكە بەهۆی ئاسۆ مامەند و گرووپە خیانەتكارەكەوە ئاڵای كوردستان هێندراوەتە خوارەوە".
لەبەرانبەردا پێگەی میللەت پرێس لەهەواڵێكدا لەژێر ناونیشانی "یەكێتی هەواڵێكی میدیاكانی پارتی لەبارەی داگرتنی ئاڵای كوردستان لەكەركوك بەدرۆ دەخاتەوە"، كە تێدا ئەوە خراوەتەڕوو، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتی "هەواڵێكی میدیاكانی پارتی بەدرۆ دەخاتەوە، كە گوایە ئاڵای كوردستان لە كەركوك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە داگیرابێت و ئاماژە بەوەدەكات ئەوە پڕوپاگەندەی هەندێك لایەن و كەناڵی راگەیاندنی نابەرپرسە، كە دەیانەوێت بەو هەواڵە درۆیانە خەڵكی كوردستان رووبەڕووی دڵەڕاوكێ بكەنەوە".