11:12 - 28/02/2021
"بەبێ كورد بودجە پەسەند ناكرێت و لەم هەفتەیەدا پشكی كوردستان جێگیر دەكرێت"
دوای ئەوەی بڕیاربووكۆتایی هەفتەی ڕابردوو، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بخرێتەن دەنگدانەوە، بۆ جاری چوارەم دیاریكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە دواخرا، ئەوەش بەهۆی ڕێكنەكەوتن لەبارەی چەند بڕگەیەكی پرۆژەیاساكەوە، سەرەكیترینیان، پشكی هەرێمی كوردستانە.
پەیسەر لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، هەوڵەكان بۆ ئەوەن لەم هەفتەیەدا دانوستاندنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی سەربگرن و هەردوولا لەبارەی پشكی كوردستان لە بودجە و ڕادەستكردنی داهاتە فیدراڵییەكانی هەرێم بە بەغداد ڕێكبكەون، بەوەش پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە، وەك وتەبێژی لیستەكەی مالكی وتی.
وتەبێژی فراكسیۆنەكەی مالكی: بەبێ پشكی كوردستان بودجە پەسەند ناكەین، بەڵام تكادەكەم هەرێم پابەندی ڕێككەوتن ببێت بۆ ئەوەی بودجە ڕەوانە بكرێت
بەها نوری، وتەبێژی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی فراكسیۆن و حزبەكەی لەبارەی دانوستاندنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی و ناردنی بەشەبودجەی هەرێم خستەڕوو و لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ پەیسەر، جەختیكردەوە كە "دەبێت بودجەی هەرێم بنێردرێت."
وتەبێژی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ڕێككەوتن لەنێوان حكومەت و پەرلەماندا كراوە لەبارەی بودجەوە لەپێناو كەمكردنەوەی بودجەی بەگەڕخستن، بەڵام هێشتا وادەی كۆتایی دیارینەكراوە بۆ پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە."
وتیشی، "دانوستاندنەكان بەردەوامن و ئەگەر هەرێم پابەندی ڕێككەوتن ببێت، ئەوا لەم هەفتەیەدا ڕێككەوتن لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دەكرێت، بەوەش پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ دەخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند دەكرێت و دەبێت ئەوە بەخێرایی بكرێت، چونكە هاوڵاتییان زیانمەندی دواكەوتنی پەسەندكدرنی بودجەن، بەڵام دەبێت پەسەندكردنی بودجە بە سازان و ڕێككەوتنی هەموو لایەنەكان بێت و هیچ پێكهاتەیەكی لێبێبەش نەكرێت."
بەها نوری، وتەبێژی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسایە كە یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق و نوری مالكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆكایەتی دەكات. ئەو جەختدەكاتەوە كە "دەوڵەتی یاسا هەرگیز نایەوێت گەلی كوردستان بەدەست قەیرانی داراییەوە بناڵێنێت، بۆیە لەگەڵ ڕێككەوتنداین و دەمانەوێت هەرێمی كوردستان-یش هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق، بودجە و موچەی بۆ ڕەوانە بكرێت و بەبێ جێگیركردنی پشكی كوردستان، بودجە پەسەند ناكرێت."
ئەو كاربەدەستەی حزبەكەی مالكی، هیوای خواست هەرێم پابەندی ڕێككەوتن ببێت، بۆ ئەوەی كێشەكانی پەیوەست بە بودجە بە یەكجاری چارەسەر بكرێن و ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداد هەڵنەوەشێندرێتەوە و وتی، "هیواخوازم و تكادەكەم حكومەتی هەرێم پابەندی ئەو بڕگانە ببێت كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیدا لەبارەیانەوە ڕێكدەكەوێت، بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی نێوانیان بەردەوام ببێت و جارێكی تر كێشە سەرهەڵنەداتەوە."
پەرلەمانتارێكی كورد: ئەم هەفتەیە بۆ پشكی هەرێم یەكلاكەرەوە دەبێت
ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "ئەم هەفتەیە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا و دەبێت دۆسیەكە كۆتایی پێبهێنرێت و پرۆژەیاساكە بخرێتە دەنگدانەوە."
لە لێدوانێكدا بۆ پەیسەر، ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكرد، "بەرەوپێشچوونی زۆرباش هەیە لە دانوستاندنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد و بەشێك لە فراكسیۆنە گەورەكان نەرمییان نواندووە، بەتایبەت فراكسیۆنی سائیروون."
شاندی كوردستان دەچێتەوە بەغداد و عەرەبەكان نایانەوێت بەبێ پشكی كورد بودجە پەسەند بكەن
ڕێزان شێخ دلێر وادەی گەڕانەوەی شاندی كوردستان-ی بۆ بەغداد بۆ پەیسەر ئاشكراكرد و وتی، "شاندی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكاتەوە و ڕەنگە ڕۆژی دووشەممە بگەنە بەغداد و دانوستاندنەكان دەستپێبكەنەوە، لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەشدا پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە كۆدەبێتەوە."
جەختیشیكردەوە كە هۆكاری دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە تا ئێستا، پشكی هەرێمی كوردستانە، "چونكە ئەگەر لایەنەكانی تری ناو پەرلەمانی عێراق نیازی پەسەندكردنی بوجەیان بەبێ كورد هەبووایە، ئەوا دوو هەفتە لەمەوبەر بودجەیان پەسەند دەكرد وەك چۆن لە پرۆژەیاسای قەرزدا كردیان، بەڵام وادیارە دەیانەوێت ڕێككەوتن و سازان لەبارەی بودجەوە بكرێت و پشكی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت، چونكە گۆڕانكاری هاتووەتەئاراوە و موشەك نراوە بە هەولێرەوە، بۆیە ڕێكنەكەوتن لەگەڵ كورد دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و كێشە دروستدەكات."