03:42 - 24/02/2021
گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك لەنێوان پشتیوانی و دژایەتیی حزبە توركمانییەكاندا
دوای نزیكەی دوو ساڵ لە دانوستاندن لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكاندا بەمەبەستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندنەكان گەیشتوون بە قۆناغێكی نوێ و یەكلاكەرەوە، كە وەكبەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "هەولێر و بەغدادڕێككەوتوون هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەكانیسنووری نێوان بەغداد و هەولێردا پێكبهێنرێت."
بەڵام پێكهاتەیەكی سەرەكیی كەركوك و بەشێك لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە توركمانە، بۆچوونی جیاوازی لەو بارەیەوە هەیە، دوو حزبی توركمانی دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەن بەو شێوەیەی هەوڵی بۆدەدرێت و یەكێكیان مەرجی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە هەیە، بەڵام پارتێكی تری توركمانی نەك هەر پشتیوانی، بەڵكو پێداگیری دەكات لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی پێشمەرگە.
جەباریاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاند، “هەولێر و بەغدادڕێككەوتوون هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەكانی نێوان بەغداد و هەولێردا پێكبهێنرێت."
جێگری سەرۆكی پارتێكی توركمانی: دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەین
هەواڵی ڕێككەوتنی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق، هەر زوو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزایی بەشێك لە توركمانەكانی لێكەوتەوە. نەبیل بەكر، جێگری سەرۆكی پارتی توركمان ئیلیڕایگەیاند، “پێكهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا زیان بە ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەگەیەنێت و ئێمە بە توندیدژی ئەوەین."
بە وتەی نەبیل بەكر، "دەستوور ئەركی پێشمەرگەیتەنها لەوەدا دەستنیشانكردووە كە پاسەوانی هەرێمە و بڵاوبوونەوەیان لە سێ پارێزگاكەی هەولێر و سلێمانی و دهۆكدا دەبێت و وتیشی،"بارودۆخی كەركوك بەهۆی هێزە فیدراڵییەكانی عێراقەوە جێگیرە."
ئەگەر پێشمەرگە بێتەوە هەڵوێستمان دەبێت
جێگری سەرۆكی پارتی توركمان ئیلی هەڕەشەی كاردانەوە دەكات و دەڵێت،"ئەگەر هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكبهێنرێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنوورەكە، توركمان و عەرەب هەڵوێستیان دەبێت."
بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی هەڵوێستی ئەو پارتە توركمانییە لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەوە، "پەیسەر پرێس" پەیوەندی بە ڕیاز ساڕی كەهیە، سەرۆكی پارتی توركمان ئیلی-یەوە كرد، بەڵام ناوبراو بۆچوونەكانی جیاواز بوون لە بۆچوونی جێگرەكەی و وتی، "پرسی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، پەیوەستە بە هەردوو حكومەتی هەولێر و بەغدادەوە، چەند ناوچەیەكی نائارام هەن كە هێزیان لێنییە، بۆیە دەتوانن هەماهەنگی بكەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەگژداچوونەوەی داعش لەو ناوچانەدا."
ڕاشیگەیاند، "وەك پارتی توركمان ئیلی پێشنیار دەكەین هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی كەركوك پێكبهێنرێت، كە هەرسێ پێكهاتەكەی كورد و عەرەب و توركمان لەخۆبگرێت و پارێزگاری لە ئاسایشی كەركوك بكەن، بەڵام دەبێت ئەو هێزانە لە دەرەوەی شاری كەركوك بن، بۆ ناوشاریش پێشنیار دەكەین هاوسەنگی بگەڕێندرێتەوە بۆ ڕیزەكانی پۆلیسی كەركوك و هەریەكێك لەو سێ پێكهاتەیە بە ڕێژەی 32% بوونیان لە ڕیزەكانیدا پۆلیسدا هەبێت و دۆسیەی ئەمنیی كەركوك، بە پۆلیسی خۆجێی شارەكە بسپێردرێت."
سەبارەت بە پێكهاتە و جۆری ئەو هێزەی ڕیاز ساڕی كەهیە بەپێویستی دەزانێت لە دەرەوەی شاری كەركوك-دا جێگیربكرێت، ناوبراو لە گفتوگۆكەیدا لەگەڵ پەیسەر وتی، "هەر سێ نەتەوەكە لەو هێزەدا بەشداربن و كورد بە هێزی پێشمەرگە بەشداری بكات و توركمان بە حەشدی توركمانی و عەرەبیش بە هێزی خۆیان، بەڵام پێویستە هێزەكانی هەر سێ پێكهاتەكەی كورد و عەرەب و توركمان، خەڵكی كەركوك بن و لە شوێنی ترەوە نەهێنرێن."
لەبارەی جیاوازیی بۆچوونی جێگرەكەی لەگەڵ بۆچوونەكانی ئەودا پەیوەست بەو دۆسیەیە كە نەبیل بەكر دژایەتیی پارتەكەی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك ڕاگەیاندبوو و ڕێككەوتنەكەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە نادەستووری ناوزەد كردبوو، سەرۆكی پارتی توركمان ئیلی ڕوونیكردەوە، "ئەگەر هێزە هاوبەشەكەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دەرەوەی كەركوك جێگیر بكرێت، ئەوا لاریمان نابێت، پێشمەرگە دامەزراوە و هێزێكی دەستوورییە و ئەركی پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان-ـە."
سەرۆكی پارتی گەلی توركمان: پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركوك
جیاواز لە بۆچوونی ئەو پارتە توركمانییە، پارتی گەلی تورکمان پێشوازی لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچەكانی تر دەكات. عیرفان کەرکوکلی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیسەر پرێس، بۆچوونی پارتەکەی لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە خستەڕوو و ڕایگەیاند، "وەک پارتی گەلی تورکمان پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێویست دەزانین، بەتاییەت لەم قۆناغەدا کە هەڕەشەی داعش ڕوو لە زیادبوونە."
وتیشی، "بەشداریکردنی پێشمەرگە لەم پرۆسەیەدا بەدەر لە دەستوور نییە، وەک هەندێک لایەن ئاماژەی بۆدەکەن"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ لێدوانەکەی جێگری سەرۆکی پارتی تورکمان ئیلی.
کەرکولی، هۆکاری ئەو بۆچوونەی خۆی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە "پێشمەرگە لە ئازادکردنی موسڵدا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە و شارەزای زۆربەی ناوچەکانە و چەندین ساڵ پارێزگاری لێکردوون و نەیهێشتووە داعش هەنگاوێکیش پێشڕەوی بکات، بەڵام ئێستا مەترسیی داعش لە زیادبووندایە، تەنانەت مەترسی لەسەر شارە گەورەکانی وەک کەرکوک-یش هەیە، بۆیە بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگە زۆر پێویستە تەنانەت بۆڕێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆریستەکان بۆ ناو هەرێمی کوردستان." وەک عیرفان کەرکوکلی جەختیلێکردەوە.
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پەیسەر، جەختیکردەوە کە پارتەکەیان "پشتگیری لەو هەنگاوە و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات بەمەبەستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، چونکە دەبێتەهۆی ئەوەی هەموو لایەک لە ئاسایش و ئارامیدا بژین."
ئامانج لە ڕێككەوتنەكەی هەولێر و بەغداد چییە؟
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و بەغداد ئەنجامدراون. كۆبوونەوەكان لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق-دا بوون و ئامانج لێیان، گەڵاڵەكردنی ڕێككەوتنێك بووە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق، بەمەبەستی دروستكردنی هێڵێكی بەرگریی هاوبەش بەدرێژایی سنوورەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەدرێژییەكەیزیاترە لە هەزارو 100 كیلۆمەتر.
جگە لە هەردوو پارتی توركمان ئیلی و گەلی توركمان، پارتێكی تری توركمانی بۆچوونی خۆی هەیە سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكیپارتی بەرەی توركمانیلە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو،"قبوڵناكەین كەركوك بگەڕێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017"، وەك ئاماژەیەك بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئەو ناوچانە.
پەیسەر هەوڵیدا نوێترین زانیاری و هەڵوێست و بۆچوونەكانی هەریەك لە جەباریاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و ئەرشەدساڵحی، سەرۆكیپارتی بەرەی توركمانی لەبارەی ڕێككەوتنەكە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەربگرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.