ڕاپۆرتی کوردستانی

02:38 - 24/02/2021

برینەكانی شنگال قوڵتر دەكرێنەوە‌

پەیسەر

هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر قەزای شەنگال و بردنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ ناو قەزاكەو بڵاوەپێكردنیان، مەترسی و ئاڵۆزی لەلای دانیشتوانی قەزاكە دروستكردوە، هاوكات ڕێككەوتنی هەرێم و بەغداد بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەكە دەباتەوە خاڵی سفر.

هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر قەزای شنگال و كاردانەوەی عێراق
دوای ئۆپەراسیۆنی چڕنوكی هەڵۆ/2ی توركیا بۆ سەر چیایی گارە لە باشوری كوردستان بەبیانوی بونی گەریلاكانی پەكەكە، دۆخی ناوچەكە بەتەواوی ئاڵۆزبوو، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنەش تورکیا تائێستا زیاتر لە جارێک باسی لە هێرش بۆ سەر شنگال کردووە. هاوكات سوپای تورکیا چەند جارێک بۆردوومانی سنوری قەزای شەنگالی كردووە بەبیانوی بونی پێگەکانی پەکەکەی لە شنگال.

هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر قەزای شنگال، كاردانەوەی خێرای لێكەوتەوە و ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە، حەشدی شەعبی بەردەوام ھێز لە شنگال کۆدەکاتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوشدا، لیواكانی 14 و 21 و 33ی حەشدی شەعبی ڕەوانەی شەنگال كران و لە ناو سەنتەری شارەكە بڵاوەیان پێكراوە، بەپێی ئامارە نافەرمیەكان ئێستا نزیكەی 20 هەزار سەربازی حەشدی شەعبی لە شنگال و دەوروبەری جێگیركراون، بەشێك لە چەكدارەكان لە ناوقەزاكەو باڵەخانە حكومیەكان جێگیركراون و بڵاوەیان پێكراوە و ئەوەش نائارامی و دڵەڕاوكێی لای دانشتوانی قەزاكە دروستكردوە.

بەپێی وتەی بەرپرسە باڵاكانی حەشدی شەعبی، ئەو جموجۆڵە سەربازییەی ھێزەکانیان لە دژی ئەگەری ھەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سوپای تورکیا دێت بۆ ئەو ناوچەیە بەمەبەستی رێگریکردن لە ھاتنەپێشەوەی سوپای تورکیا.

هاوكات هاوپەیمانی فەتح لە ڕاگەیەندراوێكدا، ڕایگەیاند، سوپای تورکیا لە ئامادەباشیدایە بۆ ھێرشکردنە سەر شنگال، هاوكات داوای لە حکومەتی عێراقی کرد ھەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن لە ھەر جۆرە ھەوڵێکی دوژمنکارانە لەدژی خاکی عێراق.

ناردنی هێزی حەشدی شەعبی لە كاتێكدایە كە دەبو بەثێی ڕێككەوتنی شنگال ئیدارەیەكی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی قەزاكە پێكبهێندرێت و سەرجەم هێزەكان لە شارەكە بچنە دەرەوە.

سەركردەكانی حەشدی شەعبیش دەڵێن، بردنی هێزەكە بەفەرمانی سەرو خۆیان بوە و ڕووبەڕووی هەر هێرشێك دەبنەوە كە بكڕیتەسەر شنگال.

ئارامی قەزای شەنگال شێواوە
دوای هەڕەشەكانی توركیا بۆسەر قەزاكە و جوڵەپێكردنی هێز لەلایەن حەشدی شەعبیەوە بۆ ناو شنگال، دۆخی ئەمنی قەزاكە بەتەواوی تێكچوە و دانیشتوانەكەی لە دڵە ڕاوكێ و نائارامیدا دەژین.

فه‌رمانده‌ی هێزی ئێزیدخان له‌شه‌نگال دەڵێت، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر شەنگال دەبێتە شەڕی نێوان ئێران و تورکیا ئێمەش دەبینە قوربانی.

قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی هێزی ئێزیدخان له‌شه‌نگال ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێکە حەشدی شەعبی هێزێکی زۆری هێناوەتە ناو شەنگال دەڵێن بۆشەڕی تورکیایە وەک دەزانرێت قوەتی حەشدی شەعبی قوەتی ئێرانە، بۆیە ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر شەنگال دەبێتە شەڕی نێوان ئێران و تورکیا ئێمەش دەبینە قوربانی.

ڕێككەوتنی حكومەتی عێراق و هەرێم لەسەر شنگال
ڕۆژی 9ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020، حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەئامادەبونی نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان، لە پێناو ئاسایكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان ڕێككەوتنێكیان واژۆكرد بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێت سەرجەم هێزەچەكدارەكان لە قەزاكە بچنەدەرەوە و ئیدارەیەكی هاوبەش پێكبهێندرێت و دۆسیەیی ئەمنی بدرێتە حكومەتی عێراق.

ماوەی زیاتر لە 4 مانگە بەندەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێنەكراون، بەرپرسانی هەرێمیش حكومەتی عێراق تۆمەتبار دەكەن بەپابەند نەبونی بەبڕگەكانی ڕێككەوتنەكەوە.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئێمە چەندین جار پەیوەندیمان بە بەرپرسانی بەغدادەوە كردوە تایبەت بەپرسی شەنگال و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و دەستوری عێراق بەڵام بەداخەوە خۆدزینەوە هەیە لە ئاست ئەم پرسە.

بەپێی وتەی شارەزایان، جوڵەپێکردنی ھێز لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ سنوری قەزای شنگال و دەوروبەری ئامانجی سیاسیی بەدواوەیە و دەیانەوێت رێگری لە ئەگەری ھێرشی سەربازیی سوپای تورکیا بکەن. ناردنی ھێز بەپاساوی بەرگرتنی لەھێرشی تورکیا و پاڵپشتیکردنی پەکەکە، مەترسی روودانی شەڕێکی خوێناوی لێدەکەوێتەوە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر داھاتووی ناوچەکە دەبێت.

قەزای شنگال، خۆرئاوای باشوری كوردستان و 120 كلم لە شاری موسڵەوە دوورە و دەكەوێتە خۆرئاوای ئەو شارەوە.

مێژووی شەنگال بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بە‌گوێرە‌ی‌ سە‌رچاوە‌ مێژووییە‌کان لە‌ ساڵی‌ 1075 زاینیدا ژمارە‌ی‌ دانیشتوانە‌کە‌ی‌ زیاتر لە‌ 30 ھە‌زار کە‌س بووە ‌و لە‌ ساڵی‌ 1394 زاینیدا ژمارە‌ی‌ خانووە‌کانی‌ زیاتر لە‌ 35 ھە‌زار خانوو بووە‌‌و کاتێک تە‌یموری‌ لە‌نگ داگیری‌ کردووە‌  سەرجەم خانوەكانی رووخاندووە‌ و دوای ئەوەی لە‌ ساڵی‌ 1516 لە‌ لایە‌ن عوسمانیە‌کانە‌وە‌ بۆتە‌ مە‌یدانی‌ ململانێی‌ نێوان عوسمانیە‌کان‌ و سە‌فە‌ویە‌کان.

بە‌ گوێرە‌ی‌ ئاماری‌ ساڵی‌ 1957 ژمارە‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئە‌و قە‌زایە‌ گە‌یشتە‌ 8260 کە‌س‌ و لە‌ ساڵی‌ 1997 گە‌یشتۆتە‌ 14608 کە‌س ‌و ئە‌و ژمارە‌یە‌ لە‌ ساڵی‌ 2002 دا گە‌یشتۆتە‌ 113159 کە‌س.

بەهۆی هێرشە پەلاماریەكانی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، دانیشتوانی شارەكە ڕووبەڕووی كوشتن و وێران كاری بونەوە و بەشێكی زۆری خەڵكەكەشی ئاوارەبون.

تائێستا برینەكانیان ساڕێژنەبووە و بەشێكی زۆریان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئاڵۆزیەكانی ئەم دوایەش دۆخەكەی هێندەی تر خراپتركردووە.