ڕاپۆرتی کوردستانی

02:54 - 23/02/2021

هەرێم و بەغداد لە دوایین خولەكدا‌

پەیسەر

دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 لە كاتژمێرەكانی كۆتای نزیكدەبێتەوە، پرۆژه‌كه‌ ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه، تائێستا هەرێم و بەغداد نەگەیشتونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی، شیعەكان پێشنیازێك بۆ ڕێككەوتن دەخەنەبەردەم شاندەكەی هەرێم.

شاندەكەی هەرێم لە هاتن و چون بێ ڕێككەوتن بەردەوامە
گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی پەیوەست بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا درێژەیان هەیە.
ئەمڕۆ، شاندەكەی هەرێم بۆ 16 مین جار، گەڕایەوە بەغداد، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ و درێژه‌دان بە‌ گفتوگۆكانی لەگەڵ بەپرسانی بەغداد له‌ باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021.

هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رێککەوتن لەسەر کۆی پرۆسەی دانوستانەکان، كە خۆی دەبینێتەوە لە بابەتەكانی وەک ناوچە جێناکۆکەکان و گەنمی جوتیاران و پێشمەرگەو بودجەی سیادی.

جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوێنێ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا و له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غداد رایگه‌یاند، شاندی باڵای هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غداد بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021، ئه‌وه‌ی شانده‌كه‌ تا ئێستا گفتوگۆی كردوه‌ به‌هه‌مانشێوه‌یه‌ و سوره‌ له‌سه‌ری كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێكه‌وتنی كردوه‌.

تا ئێستا هیچ ده‌قێك نیه‌ كه‌ شاندی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌ له‌سه‌ری رێكکه‌وتنیان كردبێت، هیچ رێكه‌وتنێك نه‌كراوه‌، به‌ڵكو ته‌نها لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كان و شاندی هه‌رێم كراوه‌.

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،  ماوه‌ی سێ هه‌فته‌یه‌ لیژنه‌ی دارایی هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نەکردوە، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ته‌واوكراوه‌ و بوه‌ته‌ بابه‌تێكی  سیاسی، پرۆژه‌كه‌ ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه‌، ته‌نها بڕگه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێم ماوه‌، هه‌ركاتێك گه‌یشتنه‌ رێكکه‌وتن، وه‌ك بڕگه‌یه‌ك بۆ پرۆژه‌یاساكه‌ زیادی دەكه‌ن.

وتیشی، له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ شیعه‌كانه‌وه‌ نه‌رمی هه‌یه‌، سه‌رجه‌میان نه‌رم نین به‌رامبه‌ر هه‌رێم، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و رێکكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌یكه‌ن بیكه‌نه‌ ده‌قێك و خۆیان به‌رپرسیارێتی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان هه‌ڵبگرن.

هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق
کوتلە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تائێستا ناکۆکییەکانیان یەکلانەکردووەتەوە، بەڵام رەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگەنە چارەسەر بەتایبەتی دوای ئەوەی هەرێم هەموو تۆمارەکانی تایبەت بە هەناردەی نەوت و داهاتی دەروازە سنورییەکانی ناردووە بۆ بەغداد بۆ ئەوەی وردبینی تێدابکرێت.

لایەنە شیعەكان تازەترین پێشنیازیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان خستووەتە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سەرۆك كۆمار و وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەپێی پێشنیازەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت رۆژانە بڕی 430 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، هاوكات بڕی خەرجی وەبەرهێنان و گواستنەوەو پێداویستی ناوخۆی هەرێمی لێدەربكرێت.

بەپێی زانیاریەكان، ئەم پێشنیازە لەلایەن حكومەت هەرێمی كوردستانەوە بەجۆرێك لە جۆرەكان پەسەندكراوە، ئەو پێشنیازەی لایەنە شیعەكانیش هەمان دەق دەگرێتەوە بە فۆرمێكی تر، چونكە 430 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە لێدەركردنی خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پێداویستی ناوخۆ، هەر 250 هەزار بەرمیل دەكات كە پێوستە حكومەتی هەرێم رادەستی سۆمۆی بكات.

ئەگەر هەرێمی كوردستان ڕازیبێت بە پێشنیازی لایەنە شیعەكان، ئەوا بەشێك لە كێشەی بەردەم پرۆژە یاسای بودجە چارەسەر دەبێت.

هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەر ڕادەستكردنی نەوت و داهات تەواوی پشكی خۆی لە عێراق وەردەگرێت كە بۆ ساڵەكە بڕی نزیكەی 14 ترلیۆن دینارە، واتا مانگانە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار لە بەغداد وەردەگرێت.

بەشێک لە کوتلە شیعیەکان دەیانەوێ بە موازەنە كاریگەری لەسەر مستەفا كازمی دروستبكەن و نایانەوێ ئاسان و خێرا ئەو دەرفەتە بدەنە حکومەتەکەی.

لایەنە شیعەكان نایاننەوێت، دەسەڵاتی خەرجكردنی تەواوی بودجە بدرێتە دەستی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، چونكە بەبۆچونی ئەوان ئەو بودجەیە لە سودی كازمی و لایەنەكانی نزیك لەخۆی بەكاردەهێندرێت.

لایەنە شیعەكان دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی مستەفا كازمی لەسەر بودجە كەم بكەنەوە بۆ ماوەی یەك ساڵ بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو نەبێت، هەندێك پێیان وایە كە راگرتن و دواخستنی پەسەندكردنی پرۆژە بودجەی عێراق لەسەر ئەو ناكۆكیانەیە نەك تەنیا پەیوەست بە ناكۆكیەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.


دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق لە پەرلەمان
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتایهاتنی وەرزی تەشریعی دیاری کرد، بەپێی زانیاری سەرۆكایەتیەكە، وەزری تەشریعی بەر لە دەنگدان لەسەر بودجە کۆتایی نایەت.
بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق بە پشووە تەشریعییەکەی خۆی بەردەوامە لە وەرزی تەشریعی بەهۆی ئەوەی هێشتا دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە نەدراوە. 

وتیشی، ئەگەر پەسەندکردنی بودجە بکەوێتە بەر لە 3ی ئازار ئەوا پشووەکە لە بەرواری پەسەندکردنەکەوە دەبێت و پەرلەمان وەرزێکی نوێی تەشریعی دەستپێدەکات و قەرەبووی پشووەکان نادرێتەوە. 

لای خۆیەوە، محاسن حەمدون ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی بەرزکردووەتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و چاوەڕێی دیاریکردنی وادەی تێپەڕاندنی پرۆژەکەن.

وتیشی، زۆر سەختە بتوانرێت پێنج شەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر بودجە بدرێت بەبێ یەکلابوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان.

هاوكات، هیشام سوهێل، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگەیاند، بوودجه‌ گه‌یشتۆته‌ قۆناغه‌كانی كۆتایی و ته‌نها رێككه‌وتنێكی سیاسی بۆ په‌سندكردنی ماوه‌.

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوی دیاری کردووە وەک وادەی دەنگدان لەسەر بودجەی 2021ی عێراق، ئەوەش دوای ڕێككەوتنی كۆتای لە نێوان هەرێم و بەغداد و جێگیكردنی پشكی هەرێم لە پرۆژەیاساكەدا.

تائێستا لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان، دو پێشنیاز هه‌یه‌، یه‌كه‌میان هه‌مو دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان راده‌ستی به‌غداد بكرێت، دوه‌میش، ئه‌و نه‌وته‌ی له‌رێگه‌ی جه‌یهانه‌وه‌ ده‌فرۆشرێت بدرێته‌ سۆمۆ، بابه‌تی 453 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ش له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌، كه‌ نه‌وت له‌ بەندەری جه‌یهان بدرێته‌ كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی.

قەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 127 تریلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکرایەوە، نرخی نەوت لە 42 دۆلارەوە زیادکرا بۆ 45 دۆلار، داهات لە 93 تریلیۆن دینارەوە بۆ 98 تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادکرا ، کورتهێنان لە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 29 تریلیۆن دینار کەمکرایەوە.

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، بەڵام کەمدەبێتەوە، بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی فیدراڵی خەرجکراوی ساڵی 2021 دەبێت.