ڕاپۆرتی کوردستانی

10:24 - 22/02/2021

بودجە پەسەند دەكرێت، پارەی جوتیاران خەرجدەكرێت و دامەزراندن دەستپێدەكاتەوە‌

پەیسەر

پەیسەر بەردەوامە لە بەدواداچوونەكانی بۆ دوو دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە ژیانی هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە ئەوانیش بریتین لە هەردوو دۆسیەی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداد سەبارەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵی عێراق-دا، هەروەها هەنگاوەكانی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.

ئێستا ئاماژەكانی گەیشتنی هەولێر و بەغداد بە ڕێككەوتن ڕوونتر دەردەكەون و پرۆژەیاسای بودجە لە پەسەندكردن زۆر نزیكبووەتەوە، "پەیسەر"یش چەندین زانیاری لەو بارەیەوە بۆ خوێنەرانی ئاشكرادەكات.

ڕێككەوتن دەكرێت بۆ ڕەوانەكردنی بودجەی كوردستان و پێنجشەممە بودجە پەسەند دەكرێت
ئینتیساڕ جبووری، ئەندامی فراكسیۆنی "هاوپەیمانیی هێزەکان" لە پەرلەمانی عێراق، چەندین زانیاری لەبارەی پێشهاتەكانی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی بودجەوە بۆ "پەیسەر" خستەڕوو وڕایگەیاند، "بەگوێرەی پێدراوەکان و زانیارییەکانی من، پێنجشەممەی داهاتوو دەنگلەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی نیمچەڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هاتووەتەئاراوە لەبارەی بودجە و داهاتەكان و پشكی هەرێمەوە."

ڕوونیشیكردەوە، "رێککەوتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد دەکرێت بۆڕادەستکردنی بەشێک لە داهاتەکانی هەرێم بە حکومەتی فیدراڵ، لە بەرامبەریشدا بەشەبودجەیئەمساڵی هەرێمی کوردستان جێگیردەكرێت و خەرجدەکرێت."

پەیسەر پرێس زانیویەتی کە بەئەگەری زۆرەوە،ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بودجەی عێراق پەسەند دەکرێت،لای خۆیەوە جبوری ئەو زانیارییەی پشتڕاستکردەوە و وتی، "زانیاریی نیمچە دڵنیاکەرەوەم هەیە کە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە بودجە پەسەند دەکرێت."

پارەی جوتیاران خەرجدەكرێت و وانەبێژان و فەرمانبەرانی كرێی ڕۆژانە دەكرێن بە گرێبسەت
لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ پەیسەر، پەرلەمانتارەكەی "هاوپەیمانیی هێزەکان"ی سوننەكە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، دەستكەوتەكانی بەشێك لە چین و توێژە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی لەسایەی بودجەی ئەمساڵدا ئاشكراكرد و وتی، "بە پەسەندكردنی بودجەی گشتیی ساڵی 2021، شایستە داراییەكانی جوتیاران خەرجدەكرێن، هەموو مامۆستایانی وانەبێژ و ئەو فەرمانبەرانەی بە كرێی ڕۆژانە كاردەكەن، بەگوێرەی بڕیاری ژمارەی 315ی ئەنجومەنی وەزیران، دەكرێن بە گرێبەست."

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە "چەندین پرۆژە دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو كارمەندانەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی كە دەركراون و پێشتر گرێبەستەكانیان هەڵوەشێندراونەتەوە، دەگەڕێندرێنەوە سەر كارەكانیان و دووبارە دادەمەزرێندرێن. هەروەها لە بەشێك لە وەزارەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا فەرمانبەر دادەمەزرێندرێن، لەوانە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانی وەك وەزارەتی شارەوانی."

كوردانی ئاوارە دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان؟
بە وتەی ئینتیساڕ جبووری، "لە بودجەی ئەمساڵدا پارە بۆ سندووقی ئاوەدانكردنەوەی ئەو پارێزگا و شارانەی بەهۆی شەڕەوە دووچاری كاولكاری بوونەتەوە تەرخاندەكرێت و پارەكان بۆ هەموو ئەو شارانە خەرجدەكرێن. هەروەها پارە بۆ قەرەبووكردنەوەی هاوڵاتییانی زیانلێكەتوو تەرخاندەكرێت و ئاوارەكان دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان"، كە ئەوەش هاوڵاتییانی چەند ناوچەیەكی كوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگرێتەوە، لەوانە شنگال.

ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق زانیاریی زیاتری سەبارەت بە بڕگەكانی بودجەی ئەمساڵ بۆ پەیسەر ئاشكراكرد و وتی، "ژمارەیەك پرۆژەی ستراتیژی لە چەند شارێكدا جێبەجێ دەكرێن و بودجە دەستەبەر دەكرێت بۆ تەواوكردنی پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو" كە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكان و دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان. "هەروەها هەڵمەتێكی گەورەی ئاوەدانكردنەوە لە پارێزگای نەینەوا بەرپادەكرێت و بودجە تەرخاندەكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای زیقار ...یەكێك لە سەرەكیترین گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی عێراق كە لە ساڵی 2019ـەوە تا ئێستاش، هەفتانە خۆپیشاندانی تیایدا ئەنجام دەدرێت و هاوڵاتییان داوای خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە دەكەن.

پێشتر پتر لە سەرچاوەیەکی دەسەڵاتدار و ئاگاداری بەغداد، وادەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021ی عێراق-ـیان بۆ "پەیسەر" ئاشکراکردبوو، بەجۆرێک کە"پەیسەر"یەکەم دامەزراوەی میدیایی بوو لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، کە نزیکبوونەوەیحكومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەڕێککەوتن و وادەی چاوەڕوانكراوی پەسەندکردنی بودجە ئاشکرابکات.