11:09 - 21/02/2021
پەیسەر وادەی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغداد و پەسەندكردنی بودجە ئاشكرادەكات
پەرلەمانتارێكی عێراق كە ئەندامی فراكسیۆنێكی گەورە و كاریگەرە و هاوكات ئەندامی لیژنەی داراییە و ئاگاداری وردەكارییەكانی دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدادە بەمەبەستی ڕێككەوتن و دیاریكردنی پشكی كوردستان لە بودجەدا، وادەی گەیشتنی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بە ڕێككەوتن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە بە پشكی هەرێمیشەوە، بۆ "پەیسەر" ئاشكرادەكات.
گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی پەیوەست بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا درێژەیان هەیە، دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد و توندیی گوتار و لێدوانی بەشێك لە كاربەدەستانی حكومەتی فیدراڵ و سەركردەی لایەنە شیعییەكانەوە، دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغداد چاوەڕوانی گەیشتنە بنبەستیان لێدەكرا و جۆرێك لە ترس لای شەقامی كوردستانی هاتبووەئاراوە، بەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق-دا جێگیرنەكرێت و پارەكە ڕەوانەی كوردستان نەكرێت، ئێستا دۆخەكە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئومێدێك بەدیدەكرێت بۆ دەركەوتنی ڕووناكیی ئەودیوی تونێلی ناكۆكی و ململانێكان و گەیشتنی هەولێر و بەغداد بە ڕێككەوتن لەبارەی بودجەوە، هەروەها جێگیركردنی پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق-دا.
فراكسیۆنەكەی هادی عامری: لەگەڵ كوردستان ڕێكدەكەوین و پشكی هەرێم جێگیردەكرێت
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دانوستاندنەكانی نێوان شاندی باڵای هەرێمی كوردستان لەلایەك و كاربەدەستانی حكومەت و پەرلەمانی عێراق و لایەنە سەرەكییەكانی پرۆسەی سیاسی لە لایەكەی ترەوە، چەندین زانیاری بۆ "پەیسەر پرێس" ئاشكرادەكات و هاتنەئارای ڕێككەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد و جێگیركردنی پشكی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا دەخاتەڕوو.
سامر زیبان، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، لە گفتوگۆیەكی چڕ و درێژدا لەگەڵ "پەیسەر " ڕایگەیاند، "لیژنەی دارایی، دوای ئەوەی پرۆژەیاسای بودجەی لە حكومەت وەرگرت، سەرلەنوێ پرۆژەیاساكەی داڕشتەوە و چەندین هەموار و گۆڕانكاری تیادا كرد، چونكە پرۆژەیاساكە چەندین كەلێن و كەموكورتی لەخۆدەگرت، ژمارەیەكی زۆر هەڵەشی تیادا بوو لەڕووی داتا و زانیارییەكان و بەشێك لە بڕگە و دەقە یاساییەكانی ناوی، بۆیە لیژنەی دارایی بەگوێرەی ڕوانینێكی ئابوورییانە و دارایی و یاسایی، پرۆژەیاسای بودجەی داڕشتەوە."
زیاتر لە 150 كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و لایەنەكاندا كردووە
زیبان، ئاشكرایكرد كە "لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە 150 دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێمی كوردستان و لایەنەكاندا كردووە، بەمەبەستی ڕێككردنەوە و دەوڵەمەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە و ڕێككەوتن لەبارەیەوە."
وتیشی، "پێنج كۆبوونەوەی زۆر گرنگ و زیندوومان لەگەڵ شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی كرد و رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە ڕوونكردنەوەی وێنەكە بۆ لیژنەی دارایی و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت و سەركردەی لایەنەكاندا."
ڕاشیگەیاند، "لە سەردانەكانیاندا بۆ بەغداد، قوباد تاڵەبانی و هاوەڵەكانی لە شاندەكە تێزێكی شەفاف و ڕوونیان هەبوو بۆ لیژنەی دارایی و لایەنە سیاسییەكان و سەركردەكان، بۆیە بە هاتنی ئەوان، زۆر شت گۆڕان و ئەو شەفافییەت و ڕوونییەی هەیانبوو، بوون بە مایەی ئاسوودەیی هەمووان، زۆربەی ئەو بەڵێنانەشی سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان دابوونی بە لیژنەی دارایی، بردنیەسەر لەڕێگەی ڕادەستكردنی داتاكان و هێنانی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە بەغداد، ئێستاش چاوەڕوانی پێشكەشكردنی هەندێك داتای تری هەرێمی كوردستان-ـین كە داوامانكردوون و پێشبینی دەكەم ئەمڕۆ یاخود سبەی بگەنە دەستمان لە لیژنەی دارایی."
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی، جەختیكردەوە كە شاندی هەرێمی كوردستان ویستێكی ڕاستەقینەی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغداد و یەكلاكردنەوەی دۆسیەی بودجە، پێموایە لە دانوستاندن و گفتوگۆكانی دوێنێ و ئەمڕۆدا ڕێككەوتن لەبارەی ئەو بڕگەیەی پرۆژەیاسای بودجەوە بكرێت كە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكانی."
ئێمە زۆر پەرۆشی ئەوەین رۆڵەكانمان لە هەرێمی كوردستان زیانمەند نەبن
بە پێچەوانەی بۆچوونەكانی ماوەی ڕابردووی بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكەی و هەندێك فراكسیۆنی تری پەرلەمانی عێراق-ـەوە، كە لێدوانی توندیان دەدا سەبارەت بە ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ڕەوانەكردنی پشكی هەرێم لە بودجە و تەنانەت هەندێك جار باسیان لەوە دەكرد كە دانوستاندنەكان گەیشتوون بە بنبەست، سامر زیبان بە جەختكردنەوەوە وتی، "بێگومان ئێمە زۆر پەرۆشی ئەوەین رۆڵەكانمان لە گەلی كوردستان زیانمەند نەبن و دەبێت شایستەی دارایی خۆیان وەربگرن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حكومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان-دا ڕێكبكەوێت و پەیجووری لە داتاكاندا هەبێت و نەوتی بەرهەمهێنرای هەرێمی كوردستان ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت، تەنانەت دەكرێت هەرێمی كوردستان ئەندامی لە كۆمپانیای سۆمۆ ...كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق... دا هەبێت."
نابێت سیاسەتی دەستشكاندنەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان-دا پەیڕەوبكرێت
ئەندامەكەی هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق، لە درێژەی گفتوگۆكەی لەگەڵ "پەیسەر"دا وتی، "نابێت سیاسەتی ململانێ و دەستشكاندنەوە لە دانوستاندنەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان-دا پەیڕەوبكرێت، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی لە بەغداد كە ناكۆكییان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان-دا هەیە، بەمدواییانە هەوڵیاندەدا ئاستەنگی بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی دۆسیەی بودجە دروستبكەن، ئەوەش بۆ لیژنەی دارایی و لایەنەكانی تر زۆر ڕوونە."
پشكی كوردستان جێگیردەكەین و لەم هەفتەیەدا بودجە پەسەند دەكرێت
سامر زیبان جەختیشیكردەوە كە "ئاماژەی باش هەن بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان-دا ڕێكبكەون و ئێستا نیمچمەڕێككەوتنێك هاتووەتەئاراوە و پێموایە لە ماوەی یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا دۆسیەكە یەكلادەكرێتەوە و ڕێككەوتن دەكرێت، ئێمەش وەك لیژنەی دارایی ئەو ڕێككەوتنە لە پرۆژەیاسای بودجەدا جێگیردەكەین و پرۆژەیاساكە بە پشكی هەرێمی كوردستان-ـەوە دەخرێتە دەنگدانەوە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "پەیسەر"دا كە كەی پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند دەكرێت؟ ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد و وتی، "ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە و بەوپێیەی تا ئەو كاتە كێشەكان چارەسەر دەكرێن، پرۆژەیاساكە بە زوویی و ڕەنگە هەمان ڕۆژ پەسەند بكرێت."