ڕاپۆرتی کوردستانی

02:59 - 20/02/2021

جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا هەرێمی كوردستان دەخاتە ئامادەباشییەوە‌

پەیسەر

تۆماركردنی پێنج تووشبووی گومانلێکراوی کۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە دەباتە حاڵەتێكی دیكەوە و بەرپرسانی تەندروستی هەرێم هۆشداری بەهاوڵاتیان دەدەن لە توندكردنەوەی ڕێكارەكانی خۆپارێزی، سلێمانیش دۆسیەیی تەندروستی دەداتە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێت، هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی قوتابخانەكان دەكرێت، هاوكات لە پێنج دەروازەی سنوری نێوان عێراق و ئێران هاتوچۆی گەشتیاران رادەگرێت.

 
تۆماركردنی ڤایرۆسی نوێی کۆڕۆنا لە هەرێم و ڕێكارەكانی خۆپارێزی
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەموو پێداویستییەکانی دەستنیشانکردن لە ئامێری تایبەتمەند و پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسەکە دابینکراوە، و لەڕووی خۆپارێزی و پرۆتۆکۆلی چارەسەرکردن هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ جۆرە باوەکەی کۆرۆنا، بەڵام بە هەستیارییەوە چاودێری ئەو ڤایرۆسە دەکەین.

وتیشی، لە ئێستادا پێنج حالەتی گومانلێکراوی ڤایرۆسی نوێی کۆڕۆنا هەیە، بە ئامێری تایبەت دڵنیادەکرێتەوە و ڕایدەگەنین کەوا جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.

هاوكات، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان تەندروستیی پارێزگا و ئیدارەکانی راسپاردووە بۆ ئامادەکاری تەواو بۆ پشکنین لە بازگەکان و فڕۆکەخانەکان و، بەدواداچوونی بەرکەوتەکانیان.  هەروەها ئامادەکاریی تەواو هەیە بۆ هەر رێکارێک کە بڕیاری لێ بدرێت بۆ پشکنینی هەر کەسێک کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەچنە هەرێمی کوردستان.

هەروەها ڕاسپێردراوون بۆ چڕکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی بۆ خۆپارێزی لەلایەن هاوڵاتیان و پتەوکردنی زیاتری ڕێکارەکان و پێداویستیەکانی چارەسەری لە نەخۆشخانەکان.

تا ئێستا لە ڕووی خۆپارێزی و پڕۆتۆکۆلی چارەسەری هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID19 بەڵام بە هەستیاریەوە چاودێری ئەم ڤایرۆسە دەکەین.

ئامادەکاری تەواو هەیە بۆ هەر ڕێکارێک کە بڕیاری لێ بدرێت بۆ پشکنینی هەر کەسێک کە لە پارێزگاکانی تری عیراق ڕوو لە هەرێم دەکەن.

داخستنی دەروازەكان و قەدەغەی هاتوچۆ
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ڕونكردنەوەیەكدا، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە كە باس لە دەستپێکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ دەكەن لە هەرێمی كوردستان و دەشڵێت، لێرەوە بۆ هاووڵاتییان و رای گشتی رووندەکەینەوە کە لێدوانی لەو جۆرە نەبووە و لە باری ئێستادا هیچ بڕیارێکی قەدەغەی هاتووچۆ نییە.

ئەوەشی ئاشكراكردووە كە، هەر رێكارێك یان بڕیارێک هەبێت بە فەرمی رادەگەیەنرێت، لە لایەن وتەبێژی وەزارەت و لە پەیجی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.

هاوكات، بەهۆی بڵاوبونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە بڕیاری پارێزگاری کرماشان دەروازی سنوری پەروێزخان بە رووی هاتوچۆی گەشتیاراندا داخرا.

ئەو گەشتیارانەی عێراق وهەرێمی کوردستان کە لە ئێرانن دەتوانن لە رێی ئەو دەروازە سنورییەوە بگەڕێنەوە، بەهەمان شێوەش گەشتیارە ئێرانیەکان دەتوانن لەو دەروازە سنورییەوە بگەڕێنەوە بۆ ئێران.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاویکردەوە، بەهەمان هۆکار پارێزگای کرماشان هاتوچۆی گەشتیارانی لە پێنج دەروازی سنوری لەگەڵ عێراق کە دەکەنە سنوری ئەو پارێزگایە قەدەغەکردوە.

ئاماری توشبوان لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا، ئاماری 24 کاتژمێری تووشبوون، چاکبوونەوە و گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە و، تێیدا هاتبوو لە کۆی پێنج هەزار و 735 پشکنین، 131 تووشبوو تۆمارکراون، هەروەها هیچ تووشبوویەکیش گیانی لەدەستنەداوە.

هاوكات، لە عێراق نزیکەی هەفتەیەکە کۆرۆنای گۆڕاو بڵاوبوەتەوە و لە چەند شارێكیش قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە، حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا ئەوەیان بەدی کردووە کە رێژەی 50٪ـی تووشبووە نوێکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو تووشبوون.

سەرهەڵدانی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا و پرۆسەی خوێندن
سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەپێی توێژینەوەکان، سەرەتای مانگی ئازار کاتی سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکانەوە و پێشبینی دەکرێت لەو کاتەدا دۆخەکە خراپتر دەبێت و شەپۆلێکی تر ڕوو لە ناوچەکە بکات.

وتیشی، بە دڵنیاییەوە شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا ڕوو لە ناوچەکە دەکات بەڵام ئێمە گەشبینین کە شەپۆلەکە زۆر قورس نابێت، چونکە ئێمە ئەزمونمان وەرگرتووە و بەشێکی زۆری خەڵکیش پێشتر توشی بووە و بەرگریی لە دژی ڤایرۆسەکە دروست کردووە.

هاوكات هۆشداریش دەدات بە هاوڵاتیان و دەشڵێت، پێویستە هاوڵاتیان سەرجەم ڕێکارەکانی خۆپارێزی پەیڕو بکەن بۆ کەمکردنەوەی توندی شەپۆلەکە، بەڵام جارێکی تر کەرەنتینەی گشتی ناگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.

لەبارەی خوێندن و دەوامی قوتابخانەکان، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، ڕایگەیاند، هێشتا دۆخەکە ئارامە و لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، تاوەکو ئێستا ئاماری مەترسیدار لە قوتابخانەکان تۆمار نەکراوە، بۆیە پێویست ناکات دەوام ڕابگیرێت بەڵام دەبێت پابەندی ڕێکارەکان ببن، ئەو حاڵەتانەی لە قوتابخانەکان دەستنیشان کراون زۆر کەمن.

وتیشی، لە ماوەیەکی نزیکدا ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەوەش تاوەکو کۆتایی ساڵ کۆتایی دێت بە بابەتی کۆرۆنا و بە شێوەیەکی باش بنەبڕ دەکرێت و بەپێویستیشی دەزانێت، ڕێگری لە هاتنی گەشتیارەکان بکرێت چونکە بەشێک لە حاڵەتە نوێیەکانی کۆرۆنا لەناو گەشتیاراندا تۆمار دەکرێت.

بەپێی وتەی سەباح هەورامی، هاتنی ئەم شەپۆلەی کۆرۆنا لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی قسەیان كردووە و تاوەکو دۆسیەی تەندروستی سلێمانی بدەنە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و تەنها هاوکارییان دەکەن.   

لای خۆیەوە، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە باس لە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت و بڕیارە ڕۆژی 23ی ئەم مانگە لیژنەی ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی قوتابخانەكان بكات.

وتیشی، لەگەڵ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان چاودێری ووردی بارودۆخی قوتابیان و مامۆستایان و كارمەندانی كەرتی پەروەردە كراوەو ڕۆژانە ڕاپۆرتی نوێ لەسەر ئەو پرسە ئامادە دەكرێت.

بەپێی وتەی جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، داخستنی قوتابخانەیەك یاخود تۆماركردنی چەند حاڵەتێك ئەوە ناگەیەنێت دەرگای قوتابخانەكان دابخرێن و خوێندنەوەی ئێمە بۆ بارودۆخەكە ئەوەیە پرۆسەی خوێندن لەهەرێم بەردەوام دەبێت.

ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە عێراق و هەرێمی كوردستان
لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند كە 25 ملیۆن ڤكسینیان هاوردە كردووەو لە دوو هەفتەی داهاتودا دەگاتە عێراق و بەشی هەرێمیشی تێدایە.
فارس سدیق، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، 90%ی هاووڵاتیانی عێراق ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن و لەکاتی هاتنی ڤاکسینەکە هەوڵ دەدرێت کەسانی بەتەمەن و کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینەکە وەربگرن و دواتر هێزە ئەمنییەکان بەهۆی ئەوەی ئەوان زۆرترین بەریەککەوتنیان هەیە.

لەو ژەمە ڤاكسینەی كە دەگاتە عێراق پشكی هەرێمی كوردستانی تێدایە و دوای گەیشتنی ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكایە، كە ڕێژەی توشبوانی كۆرۆنا بە ڕێژەیەكی بەرچاو  لە عێراق زیادیكردووەو ناوەڕاستی ئەم مانگەش، عێراق دەستنیشانکردنی جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنای لە بەغدا و کەربەلا و نەجەف ڕاگەیاند.

تاوەکو ئێستا، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، 107 هەزار و 549 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، 102 هەزار و 843 تووشبوو چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 504 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.