10:22 - 19/02/2021
پەیامێكی سیاسی لەپشت كردەیەكی سەربازییەوە
شەوی دووشەممە 15ی
شوبات، 14
مووشەک لە جۆری "مینی کاتیۆشا" نران بە چەند ناوچەیەكی هەولێری پایتەختی
هەرێمی كوردستان-ـەوە، بەشی زۆری مووشەكەكان ئاڕاستەی هێزەكانی هاوپەیمانیی
نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش و بە دیاریكراویش بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکان كرابوون،
چەند مووشەکێکیش لەناو شاری هەولێر کەوتنەخوارەوە، سەرئەنجام چەندین كەس كوژراون و
برینداربوون، كە جگە لە هاوڵاتییانی سیڤیل، ژمارەیەك لە قوربانییەكان لەگەڵ
هێزەكانی ئەمریكادا كاریان دەكرد و یەكێك لە بریندارەكان سەربازێكی ئەمریكییە.
هێرشەكە،
شەپۆلێكی بەرفراوانی كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، عێراق، وڵاتانی
هەرێمی و جیهان بەدوای خۆیدا هێناوە
سەرەتا جگە لە
كاربەدەستان و دامەزراوە حكومییەكان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك
لە كاربەدەستانی باڵای عێراق-یش هاتنەدەنگ و هەریەك لە وڵاتان و ڕێكخراوە هەرێمی و
نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، فینلاند،
دانیمارك، هۆڵەندا، یەكێتیی ئەوروپا، ئێران، توركیا، كوەیت، سعودیە، ئەنجومەنی هاریكاریی
وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و میسر كاردانەوەیان نواند و لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی پەیام و
ڕاگەیەندراوەوە، هێرشەكەیان سەركۆنە كرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەكەی دەربڕی.
لە كاتژمێرەكانی سەرەتای دوای هێرشەكەدا،
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەنجەكانی تۆمەت بەڕووی دوو وڵاتدا ڕاكێشران،
كە ئەوانیش توركیا و ئێران بوون، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی و چالاكەوانانی تۆڕە
كۆمەڵایەتییەكان، هێرشەكەیان دەبەستەوە بە لەشكركێشییەكانی توركیا بۆسەر خاكی
هەرێمی كوردستان و بەرمەبنانی ئەوەش، گرووپە چەكدارە توركمانەكانی نزیك لە توركیا
لەناو عێراق-یان بە ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر تاۆمەتبار دەكرد،
بۆچوونێكی تریش كە زیاتر كاربەدەستانی ئاسایش و كەسایەتییە حزبییەكانی پارتی
دیموكراتی كوردستان بوون، حەشدی شەعبی-یان بە ئەنجامدەری هێرشەكە پێناسەكرد.
ڕۆژی دواتر،
گومانەكان لەسەر توركیا تاڕادەی نەمان كاڵبوونەوە، ئەوە بوو وەزارەتی دەرەوەی ئەو
وڵاتە لەسەر هێرشەكە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرباری بەتوندیی ئیدانەكردنی ئەو
هێرشە و ناوزەدكردنی بە قێزەونەن، باوەڕبوونی خۆی نیشاندا بەوەی کە "بەرپرسانی
عێراق بەخێرایی ئەوانە دەدۆزنەوە کە لە پشت ئەو هێرشە قێزەونەوەن و ڕووبەڕووی
دادگایان دەکەنەوە."
توركیا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەیەوە
ڕاشیگەیاند، "ئەو
هێرشە جارێکی دیکە دەریخست کە پێویستە رێگە نەدرێت هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستیی لەسەر
خاکی ئەو وڵاتە هەبێت ئەوەش لەبەر ئاشتیی، سەقامگیری و سەروەریی ئەو وڵاتە، پێویستیشە
دەزگا نیشتمانییەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتگیر بەهێز بکرێن."
حەشد لەنێوان ڕەتكردنەوە و دانپێداناندا،
دوو هەڕەشەی دژبەیەك
هەرچەندە حەشدی شەعبی ... بە بریكاریی
ئێران ... تۆمەتباركرا بە مووشەكبارانكردنی هەولێر، لە یەكەم كاتژمێری دوای
هێرشەكەدا حەشدی شەعبی نەك هەر بێبەریبوونی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند، بەڵكو تەنانەت
هەڕەشەی ئەوەی كرد كە لە بەرامبەر تۆمەتباركردنیدا بێدەنگ نابێت و هەر كەس و
لایەنێك حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر هەولێر تۆمەتباربكات، ئەوا دەیداتە
دادگا.
فەرماندەیی میحوەری
باکووری عێراقی حەشدی شەعبی، ڕەتیکردەوە هێزەکانیان لە پشت ئەو هێرشەوە بن و هەمان شەوی ڕووداوەكە ڕایگەیاند، "هەر لایەنێک تۆمەتبارمان بکات بە ئەنجامدانی
هێرشەكەی هەولێر، ئەوا لە دادگا سکاڵا لە دژی تۆماردەکەین."
بەڵام هەر زوو
هاوكێشەكە پێچەوانە كرایەوە، ئەوەبوو گرووپێکی چەکداری نزیک لە حەشدی شەعبی بە ناوی
"سرایا اولیاء الدم" بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر
هەولێر ڕاگەیاند.
ئەو گرووپە
تەنها بە لەئەستۆگرتنی هێرشەكەوە نەوەستا، بەڵكو هەڕەشەی دووبارەكردنەوەی كرد و
جەختیكردەوە كە زۆر نزیكە و هەركات بیەوێت دەتوانێت لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا
هێرشبكات و ئامانج بپێكێت و وتی، "ئەمە سەرەتای یارییەکەیە لەگەڵ ئەمریکا و بەردەوام
دەبین."
ئێران: ئەو دەنگۆ
و هەواڵانە ڕەتدەکەینەوە کە گومان دەخەنە سەر ئێران
هاوكاتی تۆمەتباركردنی
حەشدی شەعبی بەوەی بە نوێنەرایەتی یاخود بریكارێتیی ئێران هێرشەكەی ئەنجامدابێت،
تاران كارادنەوەی نواند و ڕایگەیاند، "هەموو ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەینەوە کە
گومان دەخەنە سەر ئێران لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێرەوە."
سەعید خەتیبزادە،
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە 16ی
شوبات ڕایگەیاند، "هەموو ئەو گومانانە ڕەتدەکەینەوە کە گومان دەخرێتە سەر ئێران
و بەوە تۆمەتباری دەکەن كە دەستی هەیە لە هێرشەکەی سەر هەولێردا، ئەوە پرسێکی عێراقییە
و ئێران تیایدا لایەن نییە."
عێراق کلیلی
بەرقەراربوونی ئاشتییە لە ناوچەکەدا و ئێمە دژی تێکدانی سەقامگیرییەكەین
وتەبێژی وەزارەتی
دەرەوەی ئێران وتیشی، "ئێمە پێمان وایە ئاسایشی عێراق، کلیلی بەرقەراربوونی
ئاشتییە لە ناوچەکەدا، بۆیە ئێمە دژی هەر هەوڵێکین بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق."
داواشی لە حکومەتی
عێراق کرد "فەرمانی گونجاو دەربكات بۆ دەستگیرکردن و دۆزینەوەی بکەرانی ئەو هێرشە."
عێراق: گشت ڕێوشوێنەكان
دەگرینەبەر بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە و ڕادەستكردنیان بە دادگا
رۆژێك دوای
هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەو بارەیەوە
ڕاگەیاند و لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرباری سەركۆنەكردنی هێرشەكە، جەختیكردەوە كە حكومەتی
عێراق سەرجەم شێوازەكانی دژایەتیی تیرۆر دەگرێتەبەر و پێداگیری دەكات لەسەر درێژەدان
بە تەواوكردنی جەنگ دژی ئەو گرووپانە."
ئاشكراشیكرد كە
"لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن لەلایەن لیژنەی هاوبەشی لایەنە ئەمنییەكانی هەردوو
حكومەتی فیدراڵ و هەرێم و "حكومەت هەموو ڕێوشوێنەكان دەگرێتەبەر بۆ لێپێچینەوە
لە ئەنجامدەرانی ئەو كارانە و ڕادەستكردنیان بە دادگا."
لایەنە سونییەكان چی دەڵێن؟
وەك زۆرێك لە ڕووداوە گەرمەكانی تری سەر
گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و ئەمنیی عێراق، هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر، شیعە و
سونەكانی عێراق-ی دابەشكرد، بە پێچەوانەی یەكەمەوە، دووەمیان گوتارێكی توندتری
هەیە و هێرشەكە بە "تیرۆریستی و ستەمكارانە" ناوزەد دەكات.
حەلبووسی: ئیدانەی
هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر هەولێری ئارام دەكەین
محەمەد حەلبووسی،
كە جگە لەوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق-ـە، یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی سونە و
لە خۆرئاوای عێراق ... یەكێك لە پێگە بەهێزەكانی سونەكان ... رۆڵ و پێگەی بەهێزی
هەیە، هێرشەكەی سەر هەولێری سەركۆنەكرد و لە تویتێكدا ڕایگەیاند، "ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەكەین
كە هەولێری ئارامی كردەئامانج، ئەم تاوانكارییە ئاڵۆزكردنێكی مەترسیدارە و ئاسایشی
وڵات دەكاتەئامانج."
نووسیشی، "دەبێت
هەمووان هاوئاهەنگی بكەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق، دەبێت ئەوانەی دەستدرێژی
دەكەنەسەر هاوڵاتییان و وڵات، توندترین سزابدرێن."
عەلاوی: دووبارەبوونەوەی هێرشی ستەمكارانە
بۆ سەر هەولێر، پەیامێكی ڕەشی دیكەیە
ئەیاد عەلاوی، كەسایەتیی شیعە و سەرۆكوەزیرانی
پێشووتری عێراق و سەرۆكی "ئیئتیلافی وەتەنییە" كە نوێنەرایەتیی بەشێكی
گەورەی سونەكان و شیعە سێكیولارەكانی عێراق دەكات، بە ئاشكرا باس لەوە دەكات كە
دەستی دەرەكی لەپشت هێرشەكەی سەر هەولێرەوە هەبێت و لە تویتێكدا ڕایگەیاند، "دووبارەبوونەوەی
بەئامانجگرتنی ستەمكارانەی هەولێر، پەیامێكی ڕەشی دیكەیە كە جەختدەكاتەوە لەوەی
دەستوەردانی دەرەكیی هەیە كە عێراق ڕادەماڵێت، هاوكات پەیامێكی ڕەشی دیكەشە بەوەی
كە دەسەڵات نەتوانستە لە یەكلاكردنەوەی چەكی دەرەوەی دەوڵەتدا"، وەك
ئاماژەیەك بۆ بەشێك لە گرووپە چەكدارە شیعەكان.
عەلاوی دەڵێت، "هیواخوازین ئەمجارە
كرداری ڕاستەقینە ببینین لەئاست ئەم تاوانكارییە، نەك تەنها بەوەوە بووەستین
لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێنین، چونكە وەڕسبووین لە لێدوانی میدیایی."
دوای هێوربوونەوەی شەپۆلی كاردانەوەی
زارەكی، كاردانەوەی كرداری دەبێت؟
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر
مووشەكبارانكردنی پایتەختی هەرێمی كوردستان دا، چاوەكانی چاوەڕوانی لەسەر ئەوەن
حكومەتی عێراق چ ڕێوشوێنێك دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە و
لێپێچینەوەی یاسایی لێیان، بە تایبەت پاش ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێری
دوای هێرشەكەدا، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سێ جار كە یەكێك لەو جارانە
لەڕێگەی وتەبێژەكەی ... وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ... بووە،
لێدوانی توندی لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر داوە و هەموو جارێكیش جەختیكردووەتەوە
لەوەی كە "دەبێت
تاوانکارانی هێرشەکەی هەولێر دەستگیربکرێن" و لەگەڵ ناوبردنی هێرشەكە بە "هێرشێكی تیرۆریستی كە ئامانجی دروستکردنی
پشێوی و تێکەڵکردنی کارتەکانە"، فەرمانیداوە لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش
لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق پێکبهێنرێت، "بەمەبەستی
دۆزینەوەی تاوانكاران."
هەموو ئەوانەش
لەكاتێكدان، كە ئەمریكا دەڵێت، "ئێمە تووڕەین لەبارەی هێرشە موشەكییەكانی سەر
هەرێمی كوردستان و هاوئاهەنگی دەكەین لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینهوهی
تاوانباران"، تووڕەبوونێك،
كە دوورنییە كاریگەرییەكەی پەل بۆ دەرەوەی سنوورەكانی عێراق-ـیش بهاون، بەتایبەت
كە هێرشەكە هاوشێوەی هێرشەكانی 15 مانگی ڕابردووی بەغداد و بەشێك لە شارەكانی
ناوەڕاست و باشووری عێراق، بە پلەی یەكەم بەرژەوەندی و هێزەكانی ئەمریكای
كردووەتەئامانج و لایەنێك ئەنجامدەرێتی، كە لەسەر ئێران هەژماردەكرێت.
************************
لینكی تویتەكەی عەلاوی:-