02:02 - 18/02/2021
پنتاگۆن بۆ رۆژنامەنووسێکی تورک: لەگەڵ هەسەدەین و نەگۆڕاوین
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی تورکیا، ئیدارەکانی باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ
هاوکاری هەسەدەیان کرد و هاوپەیمانییان لەگەڵدا بەستن، چەند مانگێکیشە تورکیا هەوڵ
دەدات ئیدارەی بایدن پشت لە رۆژئاوا بکات، بەڵام ئەمڕۆ پنتاگۆن بە روونی
رایگەیاند، "لەگەڵ هەسەدەین و نەگۆڕاوین."
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی شوبات، جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا
(پنتاگۆن) لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا، تورکیای بێهیوا کردەوە و
پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە.
ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە، بەڵام
پشتیوانی ئەمجارەی پنتاگۆن گرنگ و جیاوازتر بوو، چونکە وتەبێژەکە لە وەڵامی پرسیارێکی
پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆی سەر بە حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەم
پشتگیرییەی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتکردەوە.
پەیامنێرەکەی ئاژانسی ئەنادۆڵی لەبارەی ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ – ٢ی تورکیا
بۆ سەر هەرێمی گارە و پەیوەندی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پرسیاری کرد.
وتەبێژەکەی پنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە لەگەڵ هێزەکانی سوریای
دیموکرات (هەسەدە) کار دەکەین و هیچ گۆڕانێک لەمەدا رووینەداوە."
جۆن کیربی جەختیشیکردەوە، هاوبەشییان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ
بنەبڕکردنی داعش نەگۆڕاوە و بەردەوامیی دەبێت.
پەیامنێری ئەنادۆڵو ئەم پرسیارەی ئاڕاستەی وتەبێژی پنتاگۆن کرد، "وەک دەزانین لە ئێستادا تورکیا لە باکوری عێراق هەوڵی ئەنجامدانی
ئۆپراسیۆن دەدات. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش دژی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر
پەکەکە چەند لێدوانێکی داوە و ئاماژەیان بە هاوسۆزی خۆیان بۆ پەکەکە دەربڕیوە. ئایا
پشتیوانی ئەمریکا بە باجی گەلەکەی بۆ گروپێک کە پەیوەندی لەگەڵ گروپێکی تیرۆریستی
هەیە و هەندیک جاریش هاوسۆزییان بۆ دەردەبڕێت، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا نیگەران و
دوودڵ ناکات؟
وتەبێژەکەی پنتاگۆن لە وەڵامدا وتی، "پێموایە دەزانیت کە ئۆپراسیۆنەکانی
ئێمە لە سوریا و عێراق تەنها بۆ تێکشکاندنی ئەو داعشەیە کە بووەتە مایەی هەڕەشە بۆ
سەر گەلانی ئەم دوو وڵاتە. وەک ماوەیەکی درێژیشە دەیڵێین، یەکێک لە رێگاکانی
گەرەنتیکردنی تێکشکاندنی داعش، لە رێگای هێزە ناوخۆییەکانەوە دەبێت، بۆیە لە سوریا
لەگەڵ هەسەدە کار دەکەین و لە عیراقیش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان. ئامانجیش لەم
راوەدوونانی داعشە."
پەیامنێرەکەی ئەنادۆڵو لە پرسیارێکی دیکە وتی، "باشە ئەم دۆخە وا
دەکات رەوایەتی بە پەیوەندی هەسەدە بە پەکەکە بدات؟
جۆن کیربی لە وەڵامدا وتی، "ناچمە ناو بابەتی گروپە تاکەکەسییەکانەوە،
ئێمە لە سوریادا و دژی داعش لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کار دەکەین وئەمەش
نەگۆڕاوە."
کیربی بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا، "ئەگەر پرسیار لە من بکەیت ئایا
بەهای ئەو پارەیەتان وەرگرت کە هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی داعشدا خەرجی کرد، ئەوا
بێگومان دەڵیم بەڵێ (داعشمان تێکشکاند و هێزەکەیمان تا ئاستێکی گەورە کەمکردەوە)."
وتەبێژەکەی پنتاگۆن باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان لە سەردەمی ئیدارەکەی
ئۆباما و تێکشکاندنی داعش کرد و وتی، "ئەزانی چی بوو؟ چونکە لە گۆڕەپانەکەدا
لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا هێزێکی خۆجێی هەبوو (یەپەگە) کە سەرکەوتنی خۆی سەلماند
و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش هاوکاریان بوو."
کیربی بە پەیامنێرەکەی ئاژانسی ئەنادۆڵوی وت، پێویست ناکات پرسیار لەبارەی
ئەو پارە و سەرچاوەیە بکرێت کە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا خەرج دەکرێت، "
لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر کەس گیانیان لەدەست دا، ئەگەر تەماشای دۆخی ئێستای
داعش بکەیت، ناتوانیت بڵێیت پێویستی بەم هەوڵانە نەدەکرد."