ڕاپۆرتی کوردستانی

09:11 - 16/02/2021

پەیسەر دوایین پێشهاتەكانی بەشەبودجەی هەرێم ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

شاندی هەرێمی كوردستان لە ئێوارەی یەكشەممە 14ی شوباتەوە لە بەغدادە بەمەبەستی ئەنجامدانی گەڕێكی تری دانوستاندن سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكەی سەدر-یش لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بۆ "پەیسەر" دەدوێت و ئاشكرایدەكات، ویستێكی ڕاستەقینە لای هەموو لایەنەكان هاتووەتەئاراوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و دەڵێت، "بەمنزیكانە هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمەوە ڕێكدەكەون."

دوێنێ دووشەممە 15ی شوبات، شاندی باڵای هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح-دا كۆبووەوە بۆ تاووتوێكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد بەسەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، لە كۆشكی كۆماری لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا كۆبووەتەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە ئامادەبوونی بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکیپەرلەمانی عێراق و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقئەنجامدراوە،پشكی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵی عێراق و دوایینبەرەوپێشچوون و گۆڕانکارییەکانی دانوستاندنی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵتاووتوێكراون.

ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانهەرێم و بەغداد و گەیشتن بەڕێگاچارەی بنەڕەتی و کۆتاییبۆ كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، هەروەها پاراستنی بژێویی ژیانی سەرجەم ھاوڵاتییانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و موچەی موچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەکان."

شاندەكەی هەرێم و كاربەدەستانی كورد لە بەغداد، باسیان لە پاراستنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی ساڵی 2021ـی عێراق كردووە بۆ ئەوەی لەڕێگەی زامنکردنیپشكی هەرێم لە بودجەدا، کۆتاییبهێنرێت بە قەیرانی موچە و بژێویی ژیانی خەڵک.

دواتر شاندەكەی هەرێم لەگەڵ ھادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح-دا كۆبووەوە و هەردوولا پێداگیرییان كرد لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتییانە‌ بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق.

وەك ڕاگەیەندراوی شاندەكە ڕایگەیاندووە، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە‌پرسی بودجە‌ی2021 كراوە و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، "ھاوڕابوونلەسەر ئەوەی كە پێویستە‌ لە‌سە‌ر بنەمای دەستوور و یاسا بەركارەكان، پرسی بودجە و پشكی هەرێم‌ چارە‌سە‌ر بكرێت بەجۆرێككە مافی ھە‌مووان پارێزراو بێت."

پەرلەمانتارێكی شیعە: هەرێم و بەغداد لەبارەی بودجەوە نزیكن لە ڕێككەوتن
بۆ زانینی بۆچوونی لایەنە شیعەكانی عێراق لەبارەی بەشەبودجەی هەرێم و تا چەند بەربەستەكان تێپەڕێندراون و هەولێر و بەغداد لە ڕێككەوتن نزیكبوونەتەوە، "پەیسەر" گفتوگۆیەكی لەگەڵ د. ڕیاز مەسعودی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق سازدا و ناوبراو ڕایگەیاند، "ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندنەكان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە، گەیشتوون بە قۆناغی تەواوكردنی بڕگە و مەرجەكانی بودجە، هەروەها دانوستاندن لەگەڵ برایانی هەرێمی كوردستان، ڕەشنووسێكی پرۆژەیاساكەش لای حكومەتە بەمەبەستی ئەنجامدانی هەندێك گۆڕانكاری و هەموار."
وتیشی، "بە تەواوبوونی ئەو سێ بڕگەیە، پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی."
ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ "پەیسەر" ئاشكرایكرد، "ویستێكی سیاسییانەی ڕاستەقینە لای هەموو لایەنەكان هاتووەتەئاراوە بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و ئێستا هەمووان بەپێویستی دەزانن بەر لەوەی پرۆژەیاسای بودجە بخرێتە دەنگدانەوە، ڕێككەوتنی لەبارەوە بكرێت."
سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی دانوستاندنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد و ئەگەری ڕێككەوتنی هەردوولا لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمەوە، ڕیاز مەسعودی پێیوایە ڕێككەوتن نزیكە و هەردوولا ویست و ئامادەییان بۆ ئەو مەبەستە هەیە و ڕایگەیاند، "حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیش ویستیان هەیە بۆ ڕێككەوتن و ‘تەواوكردنی‌ بودجە بەشێوەیەكی هاوسەنگ، تەنانەت هەموو لایەنە سیاسییەكانیش هەمان ئەو ویستەیان هەیە بۆ ئەوەی سەرئەنجام بودجەیەك هەبێت كە هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان خواستەكانی حكومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكاندا، بۆیە من پێموایە لە قۆناغەكانی كۆتایی گەیشتنین بە ڕێككەوتن لەبارەی بودجەوە، تەنانەت لە ئێستاوە كار بۆ ئەوە دەكەین دوای پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ، ڕاستەوخۆ دەستبكەین بە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی داهاتوو."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئاخۆ پێشبینی دەكرێت كەی هەولێر و بەغداد بگەن بە ڕێككەوتن و پرۆژەیاسای بودجە كەی دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندكردنی؟ ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنەكەی موقتەدا سەدر وتی، "ئەو هەنگاوە پەیوەستە بە گەیشتنی لایەنەكان بە ڕێككەوتن و هەركات سازان و ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان و هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی هاتەئاراوە، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە دەنگدانەوە."

مەسعودی: ڕێككەوتن دەكرێت، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە هەرێم پێوەی پابەند ببێت
لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و جێگیركردنی، مەسعودی ڕایگەیاند، "پێموایە لەكۆتاییدا هەردوولا دەگەن بە ڕێككەوتنی نێوەندگیر لەبارەی بودجەوە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە، پابەندبوونی برایانی هەرێمی كوردستانە بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی ڕێككەوتنی لەبارەوە دەكرێت، تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و گاز پەسەند دەكرێت و ئەو كەیسە گرنگ و هەستیارە بەیەكجاریی چارەسەر دەكرێت."
وتیشی، "ئەوەی ئێستا گرنگە، ئەوەیە هەردوولا گەیشتوون بە بڕوای ئەرێنی بەوەی كە دەبێت ڕێكبكەون و بەمنزیكانە ڕێككەوتن لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیدا دەكرێت."
پێشتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو، لە‌سە‌ردانە‌كانی پێشووی شاندی حكومەتی ھە‌رێم و كۆبوونە‌وە‌كانی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدڕاڵ و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان، ھە‌موو داتا و زانیارییە‌كان لە‌بارە‌ی داھاتە‌ نە‌وتی و نا نە‌وتییە‌كانی هەرێمەوە خراونە‌تە‌ڕوو”، بڕیاریشە لە ئەمڕۆوە، شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكانی تری عێراقدا كۆببێتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی بودجەوە.